دەستەی بەڕێوەبەری کەنەکە ئەنجامنامەی کۆبوونەوەی خۆی ئاشکرا کرد

لە ئەنجامنامەی کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەری کەنەکەدا هاتووە، "ئەمڕۆ زیاتر لە هەموو کاتێکی دیکە پێویستە یەکگرتوویی سیاسی لە نێو هێزە کوردییەکاندا بێتە ئاراوە".

دەستەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لە راگەیەندراوێکدا ئەنجامنامەی کۆبوونەوەی خۆی ئاشکرا کردووە کە سەرەتای ئەم مانگە بەڕێوەچوو. لە ئەنجامنامەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخ و گەشەسەندنەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پارچەکانی کوردستان کراوە و لە بەشێکیشیدا هاتووە، کە دەبێت تێکۆشان بۆ ئازادی جەستەیی رێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان وەک ئەرکێک سەرەکی بە بنەما بگیرێت.

بە گوێرەی دەقی ئەنجامنامەکە، سەبارەت بە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس ئاماژە بە رۆڵی ئێران و تورکیا کراوە، کە خۆیان وەک پشتیوانی گەلی فەلەستین وێنا دەکەن و لەم شەڕەشدا هەوڵیان داوە ئەو رۆڵە بگێرن، بەڵام کەس بڕوای پێنەکردوون، ئەمەشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، کە ئەو دوو دەوڵەتە ستەم لە گەلی کورد دەکەن و هەردووکیشیان هەوڵ دەدەن بە لەسەرپێ راگرتنی حەماس، ئەو بزوتنەوەیە لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەکاربهێنن.

هەرگرێدراو بەو دۆخەی لە ئەنجامی شەڕی ئیسرائیل-حەماسدا هاتووەتە ئاراوە، ئەوە خراوەتەڕوو، کە دەوڵەتی تورک دۆخەکەی قۆستووەتەوە و مەترسی ئەوە هەیە کە ئەو ناوچانەی باکووری سوریا کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە داگیرکراون، رووبەڕووی گۆڕینی دیموگرافیا بکاتەوە و کۆچبەرانی غەززەیان تێدا نیشتەجێ بکرێت. هەر لەو سۆنگەوە کەنەکە داوای لەو هێزە نێونەتەوەییانەی حیسابات و لێکدانەوەیان لەسەر گۆڕینی دیموگرافیا کردووە، کە هەڵەیەکی بەو جۆرە نەکەن، چونکە گەلی کورد لە پێناو وڵاتێکی ئازاد و خاکەکەیدا بە هەزاران شەهیدی بەخشیوە.

سەبارەت بە دۆخی رۆژهەڵاتی کوردستانیش لە ئەنجامنامەکەدا ئاماژە بە بەردەوامی تێکۆشانی گەلی کورد لە رۆژهەڵات و گەلانی ئێران لە ژێر دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کراوە و ئەوە هاتووە "لەمرۆدا زیاتر لە هەموو کاتێکی دیکە پێویستی بە یەکگرتوویی سیاسی لە نێوان هێزە کوردییەکان هەیە. هەروەها بەرەوپێشبردنی هاوپەیمانی لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەش بۆ کورد تێکۆشانێکی گرنگە، چونکە هاوپەیمانی بەهێزبوونی زیاتری لێدەکەوێتەوە".

هەر لە چوارچێوەدا لە ئەنجامنامەی دەستەی بەڕێوەبەریی کەنەکەدا ئاماژە بە هەوڵەکانی ئێران بۆ سنووردارکردنی هێزەکانی رۆژهەڵات کە بنکە و بارەگایان لە هەرێم هەیە کراوە و ئەوە خراوەتەڕوو، کە تیرۆر و کردنەئامانجی شۆڕشگێڕانی رۆژهەڵات لە باشوور بووەتە کردەوەیەکی ئاسایی و هێزەکانی باشووریش بە گوێرەی ئەرکی وڵاتپارێزی ناجوڵێنەوە و زیاتر بەرژەوەندی داگیرکەران بەهەند وەردەگرن. کەنەکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو دۆخ و مەترسیانە داوای لە هێزەکانی رۆژهەڵات کردووە کە دەستبەجێ هەوڵەکانیان بۆ بەهێزکردن و پتەوکردنی ریزەکانیان و یەکگرتوویی بەرەوپێش ببەن.

دەربارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان و باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا و بەردەوامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیش کەنەکە هێمای بۆ ئەوە کردووە، کە وشیاری و هەنگاوەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا رێگر بووە لەوەی ئامانجەکانی دەوڵەتی تورک بۆ لەناوبردنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد لەو بەشە، بێتەدی.

هەرچی دەربارەی باکووری کوردستایشە، ئاماژە بە چڕکردنەوەی هەنگاوەکانی هەڵمەتی ئازادکردنی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و بەردەوامی بەرخودانی گەریلاکانی ئازادی کراوە کە بوونە مایەی تەنگەتاوی رژێمی تورک.

لە درێژەشدا دەستەی بەڕێوەبەری کەنەکە داوای کردووە تێکۆشان لە پێناو ئازادی جەستەیی رێبەری گەلی کورد وەک ئەرکێکی سەرەکی بە بنەما بگیرێت.

بەشێکی دیکەی ئەنجامنامەکەی کەنەکە تایبەتە بە باشووری کوردستان و لەو رووەوە وێڕای بە بیرهێنانەوەی تیرۆرکردنی دەنیز بولبون ئەندام و نوێنەری نوسینگەکەیان لە هەولێر داوای کردووە حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق دەستەکانی پشت شەهیدکردنی ئەو ئەندامەی کەنەکە ئاشکرا بکەن و بکوژان بە سزابگەیەنن.

بڕیارە لە ١٨ی ئەم مانگەدا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت و پرۆسەکە ناوچەکانی باشووری کوردستان لە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکوک، سەڵاحەدین و دیالەش دەگرێتەوە و لەو رووەوە لە ئەنجامنامەی دەستەی سەرۆکایەتی کەنەکەدا داواکراوە کە "پێوانەکانی شەفافبوون و دیموکراتیکبوون لە پرۆسەکەدا رەچاو بکرێت بۆ ئەوەی گەلەکەمان بە ئازادانە دەنگ بدەن".