دەوڵەتی تورک بەردەوامە لە گلدانەوەی ئاوی ڕووباری فورات

وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ڕایگەیاند وێڕای ڕێکەوتنمان لەگەڵ تورکیادا بەڵام بەردانەوەى ئاوی فورات لەلایەن تورکیاوە وەک پێویست نییە و هیوادارین ڕێژەى داواکراوی ئاو بەربدرێتەوە.

عەون زیاب، وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق  كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانی سەبارەت بە دۆخی ئاو لە عێراق ڕێکخست تێیدا ئاماژەی بەوەدا هەرچەندە تا ئێستا لەمسالدا عێراق ڕوبەڕوی کێشەی کەم ئاوی نەبووەتەوە، بەڵام گەر بە پلانەوە بەکارهێنانی ئاو بەکارنە‌هێنرێت ئەوا کێشەی کەم ئاوی و وشەکە ساڵی بەرۆکی عێراق دەگرێتەوە.

ناوبراوە لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا ئاماژەی بە ڕێکەوتنی ئاوی نێوان عێراق و دەوڵەتی تورک کرد و وتی: "بەردانەوەى ئاوی فورات لەلایەن تورکیاوە وەک پێویست نییە و هیوادارین ڕێژەى داواکراو بەربدرێتەوە. بەڵام رێژەکە بەو جۆرە نیە کە لە رێککەوتنەکەیان لەگەڵ تورکیا داوایان کردوە و لەسەری ڕێککەوتوون."

لەگەڵ پرس و هەوڵە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر هەرێمەکانی ناوچەکە، دەوڵەتی تورک کارتی ئاوی وەک گوشارێک بەرامبەر عێراق نیشاندا. دواتر لە مانگی ئایاری ئەمساڵ حکومەتى عێراق لەگەڵ دەوڵەتی تورک ٢٦ ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنى لەبوارە جیاوازەکان واژۆ کرد، کە یەکێک لەوانە پرسی بەردانەوەى پشکی ئاوی عێراق  بوو لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە.