سوپای تورک کامپێکی لە گارە بۆردومانکرد، کە سەربازان، پۆلیس و ئەندامانی دیلکراوی دەزگای هەواڵگری (میت)ی تیادا بوو و بەو هۆیەوە ١٣ کەس لەو دیلکراوانەی کوشت. دەوڵەتی تورک بە سەرتاپای دەسەڵاتەکەیەوە، سوپا و راگەیاندنەکانییەوە دەستیکردووە بە تاوانبارکردنی پەکەکە. فەرماندەیی بڕیارگەى ناوەندیی پاراستنی گەل (نەپەگە)ش راگەیاندراوی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سەرباری ئەوەى دەزانرا دیلەکان لەو کامپەدان و کەس ناتوانێت بە ساخی دەرچێت، بەڵام سێ رۆژ لەسەر یەک بۆردومانێکی چڕی کامپەکەیان کرد و شەڕێکی قورس لە ناوەوە و دەرەوەی کامپەکە روویدا. فەرماندەیی بڕیارگەى نەپەگە رایگەیاند، ئامانجی ئەو هێرشە رزگارکردنی دیلەکان نەبوو، بەڵکو ئامانجی لەناوبردنی دیلەکان بوو. دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەى تێکشکاندنە گەورەکەى خۆی لە گارە و ئەو تاوانە جەنگییەى سوپاکەى بشارێتەوە، هەوڵێکی زۆر دەدا. حکومەتی تورکیا دیلکردنی ئەندامەکانی خۆی، هەوڵی ٥ بۆ ٦ ساڵەى بنەماڵەکانیان و هەوڵی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی بۆ رزگارکردنی دیلەکان لە گەلی تورکیا دەشاردەوە، داواکانی بۆ ئازادکردنی دیلەکان بە هیچ دەزانی و دوای ئەوەى کوشتنی، هەم لە ناوخۆ و لە دەرەوە دەستیکردووە بە چەواشەکاری و شێواندنی راستییەکان بۆ گەل. ئەوە لە کاتێکدایە ئەندامە دیلکراوەکانی دەوڵەتی تورک داوایان لە دەوڵەت و دەسەڵات کردبوو کار بۆ ئازادییان بکەن.
حکومەتى تورک هەم بۆ پۆلیس و سەرباز و ئەندامانی میتی دیلکراو هەوڵی نەدەدا و هەم بە هێرشی ئاسمانی ژیانیانی دەخستە مەترسییەوە. ٩ سەرباز و پۆلیسی دیلکراو دەیانخواست کۆتایی بە دیلکردنەکەیان بێت و دەست بە هەوڵ بکرێت بۆیان. سەربازان و پۆلیس دیلکراوەکان لە ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٨دا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیانکرد و رایانگەیاند، شەڕ چارەسەر نییە و دەوڵەت بە نەبوویان دەزانێت و حسابیان بۆ ناکات و ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە. قسەکانیان بەمشێوەیەی خوارەوە بوو:
کەس خاوەنداریمان لێ ناکات
سەدات سورگیون: خەڵکی ئەرزرۆمم. لە زیندانی جۆری ئێف لە وان سەرباز بووم. کاتێک دەڕۆیشتم بۆ مۆڵەت لە ١٣ی ئابدا لە پشکنینی رێگا لەلایەن گەریلاکانی پەکەکەوە دەستگیرکرام. نزیکەى ٣ ساڵە لێرەم. دۆخی تەندروستیم باشە. کێشەم نییە. بەڵام تا ئێستا کەس هەواڵی نەپرسیون و کەس پرسیارمان بۆ ناکات. حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان، حکومەت و سوپا تاوەکو ئێستا هەواڵیان نەپرسیون و کەس خاوەنداریمان لێ ناکات.
لە ٢٤ی حوزەیراندا لە تورکیا هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت. چەندین کەس خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار و پەرلەمانتاری پاڵاوتووە. ئێمە لە رادیۆ گوێیان لێدەگرین، هەموو شتێک بە یەکتر دەڵێن، بەڵام وەک ئەوەى ئێمە نەبین، کەس باسی ئێمە ناکات و نامانخەنە رۆژەوەڤی خۆیانەوە.
باشە تاوەکو ئێستا کام کێشەیە بەچەک چارەسەر بووە تاوەکو کێشەى کورد بە چەک چارەسەر ببێت. بە بڕوای من ئەگەر هەر دوو لا بکەونە ژێر باری ئەو کێشەیەوە، ئەو کێشە بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام نابێت.
ئێمە لە قۆناغی هەڵبژاردنداین، ئەگەر ئێوە ئەم دیمەن و ڤیدیۆیانەمان بە حکومەت بگەیەنن، ئۆپۆزسیۆن و پاڵێوراوانی نوێ بۆ پەرلەمان، دەبێت هەندێک هەستن و پرسیار بۆ ئێمە بکەن. ئێمە دەمانەوێت خاوەنداریمان لێ بکەن.
دەبێت حیزبەکان دەستبەکار ببن
ئومێد گجر: ٢١ی ئەیلولی ٢٠١٦ لە شوێنێکی نێوان جۆلەمێرگ – چەلێ لە خاڵی پشکنینی سەر رێگای پەکەکەدا دیلکرام. لە جەندرمەى ناوچەى چەلێ کارم دەکرد. ٢ مانگ بوو لەوێ دەستبەکار بوو بووم. تازە لە جەندرمەى چەلێ دەستبەکار بوو بووم.
ئێمە دەمانەوێت شتێکمان بۆ بکەن. ئێمە چاوەڕێین، کەسە سیاسییەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و بەرپرسانی دەوڵەت لە دوای ٢ ساڵ لە دیلکردنمان ئیدی شتێکمان بۆ بکەن. ئیدی شتێک نەماوە کە ئێمە ئەنجامی بدەین.
لایەنە سیاسییەکان، ئۆپۆزسیۆن، هەر لایەنێک دەبن با ببن، کۆمەڵەى مافی مرۆڤ، رێکخراەکانی کۆمەڵی مەدەنی و داوا لە هەموویان دەکەین ئیدی دەستبەکار ببن. داوامان لە حکومەت، جەهەپە و مەهەپە وهەموو ئەو کەس و لایەنەنانەی کە ناوەکانیانم نەهێناوە ئەوەیە، کە کارێکمان بۆ بکەن.
ئێمە هیوامان بە بنەماڵەکانمان ئەوەیە، کە ئەوانیش شتێکمان بۆ بکەن. با ئەوەش بزانن، کە دۆخی ئێمە باشە.
ئێمە چاوەڕێی هاوکاریکردنین لە هەموو کەسێک
سەمیح ئۆزبەی: من خەڵکی مەلەتێیەم، لە ١٧ی ئەیلولی ٢٠١٥ و کاتێک لە دێرسیم بە مۆڵەت بەرەوە مەلەتییە دەڕۆیشتم دیلکرام. ئێمە هیوا و چاوەڕێمان لە هەموو کەسێکە، کە هاوکاریمان بکەن. سێ ساڵە ئێمە لێرەین. نازانم کەس بۆ ئێمە لە هەوڵدایە یان نا، بەڵام کێ چیی لە دەست دێت با ئەنجامی بات و ئێمە چاوەڕێین کە کارێکمان بۆ بکەن. کۆمەڵەى مافی مرۆڤ، رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی چییان لە دەست دێت با ئەنجامی بدەن، ئێمە چاوەڕێین شتێکمان بۆ بکەن. با بۆ ئێمە دەست بەکار بکەن.
بۆ هیچمان بۆ ناکەن؟
عادل کاباکلی: خەڵکی عوسمانییەم. پەروەردەی سەربازیم لە ئەیتەمسەگوتی ئەنقەرە پێکرا. دوای ئەوە لە دێرسیم لەلایەن پەکەکەوە دیلکرام. نزیکەى ٣ ساڵە لێرەم. تاوەکو ئێستا هیچ شتێکیان بۆ ئێمە نەکردووە. ئەوە ٣ ساڵە ئێمە لە رادیۆوە گوێ دەگرین، بەڵام کەس باسی ئێمە ناکات. ناویشمان بڵاو ناکرێتەوە. چاوەڕێی ئێمە لە دەوڵەتە.
ئێمە لە هەمووکەس چاوەڕێین، بەڵام کەس هیچمان بۆ ناکات. ئاکەپە و جەهەپە و هەر حیزبێکی تری سیاسی چییان لە دەست دێت با ئەنجامی بدەن و ئێمە داوا لە هەموویان دەکەین کارێکمان بۆ بکەن. بۆ شتێک بۆ ئێمە ناکەن؟
تەنانەت ناویشمان بڵاو ناکەنەوە
موسلم ئاڵنتاش: خەڵکی خەلفەتیی رحام. لە ٥ی ئابی ٢٠١٥ دا لە ئەرکی سەربازی بووم و لە ٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥دا لە دێرسیم دەستگیرکرام. تاوەکو ئیستا، واتە ٣ی حوزەیرانی ٢٠١٨ من لە دەستی رێکخستندام. داوام لە بەرپرسانی حکومت و دەوڵەت هەیە. ئێمە چاوەڕێین، کە هەم بۆ ئێمە و هەم بۆ بنەماڵەکانیشمان شتێک بکەین. ئەو هەموو پەرلەمانتار و سیاسەتمەدارە هەیە، بەڵام ناتوانن هیچ بۆ ئێمە بکەن، یان نایانەوێت بیکەن. کەمال قلیچدار ئۆغڵو رێپێوان بۆ دادپەروەری دەکات، باشە ناتوانێت هیچ بۆ ئێمە بکات؟ با ئیدی حکومەتیش شتێکمان بۆ بکات. باشە ئەوان ئێمەیان لە هاووڵاتی بوون دەریهێناوە؟ لە هیچ شوێنێکدا ناومان ناهێنن.
ئێمە لە هیچ کەس هیچ شتێکمان نەبیست
مەلود قەهوەچی: خەڵکی ئەسکیشەهیرم. لە ٢١ی ئەیلولی ٢٠١٦دا و کاتێک بۆ دروستکردنی تۆماری ئەزموونەکان لە چەلێی جۆلەمێرگ بووم دیلکرام. نزیکەى ٢ ساڵە لێرەم. ئێمە هیچ هەوڵێکمان نەبینی بۆمان ئەنجام بدرێت، دەنگێکمان بۆ خۆمان نەبیست. کاتی هەڵبژاردنە، ئۆپۆزسیۆن، چ حیزبی وەتەن، چ مەهەپە، یان ئاکەپەى دەسەڵاتدار، هیچیان بۆ ئیمە نەگوت.
دەبێت ئێمە چی بکەین؟
سەدات یابالاکا: خەڵکی مێرسینم. کارمەندی پۆلیسم. لە رحا ئەرکدار بووم. لە ٢٨ی تەممووزی ٢٠١٥ کاتێک لە ئەرزرۆمەوە دەڕۆیشتم بۆ رحا لە رێگای ئامەد – لیجە دەستگیرکرام. لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا، کە ٣ی حوزەیرانی ٢٠١٨ یە، من لە دەستی پەکەکەدام.
لێرەوە داوا لە بەرپرسانی دەوڵەت دەکەم، با بۆ ئێمە شتێک بکەن. ئێمە تاوەکو ئێستا نەمابیستووە، کە بۆ ئێمە شتێک بکەن. باشە بۆ ئەوەى شتێک بۆ ئێمە بکەن، دەبێت ئێمە بەرپرسێکی باڵای سەربازی، پارێزگار، قائیمقام یان کەسێکی زۆر دەوڵەمەند بین؟ دەبێت ئێمە چی بکەین؟ یان ئێمە لێرە چی بکەین؟ باشە ئێمە سەرباز و پۆلیس و کارمەندی دەوڵەت نین؟
با ئێمە بە نەبوو نەزانن
سولەیمان سونگور: من خەڵکی سێرتم. لە چەولیک سەرباز بووم. لەسەر ڕێگای ئامەد- لیجە لە خاڵی پشکنینی پەکەکەدا دیلکرام. ماوەی ٣ ساڵە دیلم. ئاگام لە دایک، باوک و هیچ کەسێک نییە. ئێمە لە جەهەپە، مەهەپە، ئاکەپە، هەدەپە و هەموو حزبە سیاسیەکان هیوای شتێکمان هەیە. گەلێک جەژن دەربازبوون و ئێمەش ئاگامان لە دایک و باوکمان نییە. با ئێمە بە نەبوو نەزانن، ئێمە لە چاوەڕوانیی ئەوانداین. ماوەی ٤٠ ساڵە شەڕ بەردەوامە، بەڵام هیچ ئەنجامێک بەدەست نەهاتووە. تەنها مرۆڤەکان مردن. ئێمەش ئاشتیمان دەوێت. با مرۆڤ نەکوژرێن. ئێمە دەمانەوێت بە دیداری بنەمالەکانمان شاد بینەوە.
بۆ دەوڵەت ئێمەى ناوێت؟
حوسێن ساری: من خەڵکی مەرەشم، لە ناوچەی ساریقامیش-ی سەر بە قەرس ئەرکدار بووم. سەربازی پسپۆڕم، ڕۆژی ١٣ی ئابی ٢٠١٥ لە کاتێکدا کە لە ساریقامیشەوە بەرەو مەرەش دەرۆیشتم دیلکرام. دەبوایە لە ١٦ی ئابی ٢٠١٥دا زەماوەندم بکردایە و ئێستا ئیدی دەبوو ٣ ساڵ بوایە بە فەرمی هاوسەرگیریم بکردایە، بەڵام بەهۆی ئەوەی نەمگواستەوە ئەوە سێ ساڵە لەیەک جیاین. نازانم دەبێت ئێستا دۆخی خێزانەکەم و هاوسەرەکەم چۆن بێت. سێ ساڵە خاوەنداریمان لێ ناکەن. ئێمە ئێستا لەناو مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٨داین، ماوەیەکی زۆر دوور و درێژ بەسەریدا ڕۆشتووە، بەڵام نازانین شتێکیان بۆ ئێمە کردووە یان نا.
لە قۆناغی هەڵبژاردنداین و ئێمە نازانین چی ڕوودەدات. ئێمە نازانین ئاخۆ ئێمە ئازاد دەکرێین یان نا؟ ئێمە تا ئێستا نەمانبیستووە حیزبێکی سیاسیی داوای ئازادکردنی ئێمەی کردبێت. لە جەژنی ڕەمەزان نزیک بووینەتەوە، ئەمە دەبێتە شەشەم جەژن، کە ئێمە دوور لە خێزانەکانمان جەژن دەیکەین. جەژنی ڕەمەزان لە خێزانەکەم پیرۆز دەکەم و بەهیوام، کە بەدیداری یەکتر شاد بینەوە.
هەپەگە هۆشداری دابوو
ماهیر دەنیز فەرماندەی هەپەگە لەبارەی ئەو بابەتەوە لە ١٧ی ئەیلولی ٢٠١٩دا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەى کرد و رایگەیاند، بەرپرسانی دەوڵەتی تورک بۆ پۆلیس، سەرباز و ئەندامانی میتی دیلکراو هیچ شتێک ناکەن، بەڵام لە هەوڵدان بۆ ئەوەی شوێنی راگرتنیان دەستنیشان بکەن و لە ئاسمانەوە هێرشیان بکەنە سەر و ئەو پۆلیس و سەرباز و ئەندامانەى میت بکوژن.
دەوڵەتی تورک بە نەبوویان دەزانێت
فەرماندە ماهیز دەنیز ڕایگەیاند، پۆلیس، سەرباز و ئەندامانی میت ٥ ساڵە لای ئەوان بەدیلگیراون و بەهۆی خەمی بنەماڵەکانیان دیمەن و قسەکردنیانمان بڵاوکردەوە، هەروەها هەموو ساڵێک بە بۆنەی جەژنەوە نامە بۆ بنەماڵەکانیان دەنێرن و وتی، "لەگەڵ ئەوەشدا دەوڵەتی تورک و ڕای گشتیی تورکیا وەک ئەوەی ئەو پۆلیس و سەرباز و ئەندامانی میت بوونیان نەبێت لێیان ناپرسێت."
دەیانەوێت بە هێرشی ئاسمانی بیانکوژن
فەرماندە ماهیز دەنیز ئاماژەی بەوەدا، بەرپرسانی دەوڵەتی تورک بۆ پۆلیس و سەرباز و ئەندامانی میتی دیلکراو هیچ شتێک ناکەن. هەوڵی ئاشکراکردنی شوێنەکەیان دەدەن، بۆ ئەوەی لە رێگەی هێرشی ئاسمانییەوە بیانکوژن و دەڵێت، "لەبەر ئەوەی لە ڕووی زەمینیەوە ناتوانن دەستیان پێیان بگات، هەوڵی شتێکی لەو شێوەیە دەدەن و دەوڵەت و هەواڵگریی تورک ماوەیەکە سەرقاڵی ئەوەن.
دەیانەوێت بیانکوژن و ئێمە تاوانبار بکەن
ئەوەش دوو هۆکاری هەیە:
* بە هێرشێکی ئاسمانی هەوڵی کوشتنی دیلەکان دەدەن، بۆ ئەوەی دواتر بە ڕای گشتی بڵێن، 'پەکەکە پۆلیس و سەربازە دیلەکانی کوشتووە.'
* تەنانەت بە پۆلیس و سەربازەکانیشیانەوە، هیچ نرخێکی ژیانی مرۆڤەکان لە لای ئاکەپە – جەهەپە بوونی نییە.
فەرماندە دەنیز ئەوەی بیرخستەوە، کە لە ساڵی ٢٠٠٨ کاتێک ٨ سەربازی تورک لە ئۆرەمار بەدیلگیران بەرپرسانی ئەو کاتەی ئاکەپە وتیان، 'لەجیاتی ئەوەی بەدیلیان بگرن، باشتر بوو بیانکوژن'. دەنیز وتیشێ، ڕژێمی ئاکەپە – مەهەپە بە هەمان عەقڵیەتی فاشیست هەوڵ دەدات پۆلیس و سەرباز و ئەندامانی میتی دیلکراو لەناوببات و بیانکوژێت.
با بڕۆن لە ئاکەپە – مەهەپە بپرسن
فەرماندە دەنێز داوای لە بنەماڵەکان کرد، "ئەگەر بنەماڵەی دیلکراوانی دەستی ئێمە دەیانەوێت منداڵەکانیان رۆژێک بە ساخی و سەلاەمەتی ببینن، ئەو کاتە با پرسیار لە رژێمی ئاکەپە – مەهەپە بکەن، لە ئەردۆغان بپرسن، کە بۆ گەڕاندنەوەى منداڵەکانیان چی دەکەن. لێیان بپرسن و ئەوان ناتوانن هیچ وەڵامێکیتان بدەنەوە، چونکە هیچ شتێک ناکەن. هەر وەک وتم، دەوڵەت و هەواڵگریی تورک بۆ دۆزینەوەى شوێنی دیلەکانی ژێر دەستمان لە هەوڵدان و دەیانەوێت بیانکوژن.
با بپرسن بۆ دەیانەوێت بیانکوژن
ئێمە بە شێوەیەکی روون و ئاشکرا دەڵێن، ئەگەر دیلەکان شتێکان بەسەردا بێت رژێمی ئەردۆغان، ئاکەپە – مەهەپە لێی بەرپرسیار دەبن. دەبێت ئەو بنەماڵانە لە پێش هەموو شتێکەوە بە ئاکەپە – مەهەپە و ئەردۆغان بڵێن، 'ئێوە بۆ دەتانەوێت منداڵەکانمان بکوژن، ئێوە بۆ دەتانەوێت ئەوانە بکوژن'، چونکە ئەو رژێمە لە هەوڵدایە دیلەکان بکوژێت".
نامەی دیلەکان بۆ کۆمەڵەى مافی مرۆڤ نێردرا
ماهیر دەنیز فەرماندەی هەپەگە ئەوەشی راگەیاند، بە بۆنەى جەژنەوە ئەو دەرفەتەیان رەخساندووە، کە دیلەکان نامە بۆ بنەماڵەکانیان بنووسن و ئەو نامەیش بۆ ناوەندی گشتیی کۆمەڵەى مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) نێردراون. دوای ئەوەى بەڕێوەبەرانی کۆمەڵەکە بنەماڵەکانیان ئاگادار کردەوە، بنەماڵەکان بۆ وەرگرتنی نامەى منداڵەکانیان رۆیشتن بۆ ئەنقەرە. بنەماڵەکان نامەکانیان وەرگرت و لەگەڵ ئۆزتورک تورکدۆغان هاسەرۆکی ئیهەدە و ئەندامای دەستەى بەڕێوەبەری ناوەندیی ئیهەدە راجی بیلیجی لە ٢٩ی ئایاری ٢٠١٩دا کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیان رێکسخت.
تورکدۆغان: ئێمە ئامادەین ناوبژیوانی بکەین
تورکدۆغان رایگەیاند، ٢٠ کارمەندی گومرک، کە لە تەمووز – ئابی ٢٠١٥دا دیلکرابوون، ئیهەدەوە لە ٨ی ئەیلول دا لە کوردستانی فیدراڵ دا لە هەپەگەیان وەرگرتەوە و گەڕاندنیانەوە بۆ تورکیا.
تورکدۆغان راشیگەیاند، ئێمە ئامادەین جارێکیتر ناوبژیوانی بۆ گەڕاندنەوى دیلەکان بکەین.
زۆر جار کۆنفرانسی رۆژنامەنووسییان ئەنجامدا
تورکدۆغان رایگەیاند، لەگەڵ بنەماڵەى سەربازەکان و پۆلیسەکان دا چەندینجار کۆنفرانسی رۆژنامەنووسیان ئەنجامدا و لە پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنی حیزبە سیاسییەکان، بەرپرسانی دەوڵەت دا کۆبوونەتەوە، بنەماڵەکانیش لەگەڵ وەزیر، سەرۆک وەزیر و سەرۆک کۆمار کۆبوونەتەوە، بەڵام هیچ هەنگاوێک نەنراوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە.
تورکدۆغان هەوڵەکانی ئەو چەند ساڵەى بۆ ئەو بابەتە بە بیرهێنایەوە و وتی، بۆ وەرگرتنەوەى سەربازان و پۆلیسەکان کێ چیی لە دەست دێت ئەنجامی بدات. تورکدۆغان وتی، "دۆخی سیاسیی هەر چۆنێکە با ببێت، بۆ ئێمە گرنگ ئەوەیە، کە ئەو مرۆڤانە بە ساخی بە بنەماڵەکانیان بگەیەنینەوە. بۆ ئازادکردنیان هەر چییەک بکەوێتە سەر شانمان ئێمە ئامادەین ئەنجامی بدەین".
وەزیری ناوخۆ وەڵامی نەداینەوە
تورکدۆغان رایگەیاند، ئەوان داوای چاوپێکەوتنیان لەگەڵ وەزیری ناخۆ کردووە و وتی، "تاوەکو ئێستا وەڵامی داواکەمانی بۆ چاوپێکەوتن نەداوەتەوە".
داوا و بانگەوازی بنەماڵەکان
لەهەمان کۆنفرانسی رۆژنامەنووسیدا بنەماڵەکانیش قسەیان کرد. باوکی سەرباز موسلیم ئاڵتنتاش وتی، "من کوڕەکەى خۆمم گەورە کردوو و ناردم بۆ سەربازی، ئەوە بووە ٤ ساڵ، حەیف گوێ نییە. من ئەو قسانەم بۆ دیوار بکردایە تێدەگەیشت، بە داخەوە ئەوەى بەرامبەرەکەمان هەستی نییە، بە دەوڵەت دەڵێم، ئێوە بە دوای چییەوەن؟ ٤ ساڵە ئەو مرۆڤانە، سەربازەکانی تۆ دیلکراون، بەڵام تۆ دەڵێت، 'من لەگەڵی رێککناکەوم'. باشە دەی با بمرن؟ دوای ئەوە تۆ مەراسیمی فەرمیان بۆ رێکدەخەیت و مەدالیا دەدەیت؟، دەست لەو کارانەتان هەڵگرن، ئێمە منداڵ نین".
ژ.ت