ڕێپێوانی درێژ کە لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" لە شاری لۆرێنتی فەرەنسا دەستی پێ کرد، بە جۆشێکی مەزن بەردەوامە.
ڕێپێوانە درێژەکە ئەمڕۆ لە دووەمین ڕۆژدا لە شاری ڤانی فەرەنسا دەستی پێ کرد.
ڕێپێوانکەران لەبەردەم بینای شارەوانی شارەکە کۆبوونەوە و کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسیان بەست.
چالاکوانان دووپاتیان کردەوە بە درووشمی "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" ڕێپێوانەکەیان دەست پێ کردووە و جەختیان کردەوە، ئازادی ڕێبەر ئاپۆ و ئازادیی کوردستان پێکەوە گرێدراون و تا ڕێبەر ئاپۆ بەشێوەی جەستەیی ئازاد نەبێت، کەس ئازاد نابێت.
هەروەها تیشکیان خستەسەر گرنگی قۆناغەکە و گوتیان: "ئەم قۆناغە، قۆناغی سستبوون و چاوەڕوانی نییە، قۆناغی مەزنکردنی بەرخۆدان و تێکۆشانە. پێویستە دەستی ڕێبەر ئاپۆ بەهێز بکەین و ئەنجامێکی باش بەدەست بهێنین".
چالاکوانان پاش ڕاگەیاندراوەکە دەستیان بە ڕێپێوان کرد، لەسەر ڕێگەکەیان لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پارتە سیاسییەکان کۆبوونەوە، دەربارەی گۆشەگیری ڕێبەر ئاپۆ و تاوانەکانی جەنگی دەوڵەتی تورک لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا و تەواوی کوردستان، دۆسیەیان پێشکەش کرد.
هەروەها دەیان بڵاوکراوەیان دەربارەی بایۆگرافیای ڕێبەر ئاپۆ و گۆشەگیری ئیمراڵی دابەشکرد.
هاوکات بانگەوازیان کرد بۆ بەشداربوون لە گردبوونەوە و ڕێپێوانە مەزنەکەی ١٥ ی شوبات لە ستراسبۆرگ.
ڕێپێوانەکە سبەی لە شاری نانت بەردەوام دەبێت.