'دوژمنی رەگ و ریشە' ئەو دەستە سیخوڕیانەی لە شەهیدکردنی مام زەکیدا تێوەگلابوون دەخاتەبەرچاو

ئاشکرابوو کە لە شەهیدکردنی مام زەکی شەنگالیدا دەستی سیخوڕی ناوخۆیی لە شەنگال رۆڵی هەبووە. لە بەرنامەیەکی کەناڵی چرا تیڤیدا سیخوڕێکی میت و پاراستن دان بە کردەوەکانیدا دەنێت.

چرا تیڤی لە بەرنامەیەکدا بە ناوی 'دوژمنی رەگ و ریشە' دەستی ئەو سیخوڕە ناوخۆییانەی ئاشکراکرد کە لە شەهیدکردنی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە ئیسماعیل ئۆزدان (مام زەکی شەنگالی) رۆڵیان هەبووە.

لە بەرنامەکەدا باس لە تۆڕی سیخوڕی میت و پاراستن لە شەنگال کراوە کە لەبەرامبەر وەرگرتنی پارە چەندین کەسیان خستووەتە ناو تۆڕی سیخوڕییەوە.

راگەیەندرا کە یەک لەو سیخوڕانە شەفیق جونۆ بوو، کە لە بەرنامە تەلەڤزیۆنیەکەدا دانی بە کردەوەکانیدا نابوو.

بەگوێرەی دانپێدانانەکە، زەکی شەنگالی کە لە شەنگال وەک مام زەکی دەناسرا، کاتێک لە مەراسیمی یادکردنەوەی قوربانیانی کۆمەڵکوژی گوندی کۆجۆ دەگەڕایەوە، سیخوڕ شەفیق جونۆ وێنە و زانیا لەسەر ئۆتۆمبێلەکەی مام زەکی شەنگالی دابووە هەواڵگری پەدەکە.

دواتر و دەستبەجێ لە ١٥ی ئابی ٢٠١٨دا لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر مام زەکی شەنگالی شەهیدکرا.