دیموکراسی بە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دیتە ئاراوە

ئەو سیاسەت و ئامانجە دیاری کراوە کە گەلی کورد پەیڕەوی دەکەن. هەموو هەنگاوێک لە هەموو شوێنێک پەیوەستە بە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆوە، پێشخستنی هاوپەیمانی و پەیوەندییە دیموکراتیکییەکان و تێکۆشان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیە.

لە تێکۆشانی دژ بە فاشیزمدا، یەکێک لە بڵابووەترین قسەکان، "بێدەنگ مەبە، ڕۆژێکیش نۆرەی تۆ دێت'ە. پێشتریش چەندین جار ئەمەمان باسکردبوو. لەم ڕۆژانەدا چەندین کەس بە تایبەت جەهەپەییەکان ئەم قسەیە بڵاودەکەنەوە. بەڕاستی لە جێگەی خۆییدایە مرۆڤ ئەم قسەیە بۆ ئیدارەی پێشووی جەهەپە بڵێتەوە. بەهۆکاری بەردەوامبوون لە نێو پارتەکەیاندا مرۆڤ دەتوانێ بەڕێوەبەرانی ئێستایش وەک بەرپرسی هەموو ئەم شتانە ببینێت.

بۆنموونە جەهەپە، کاتێک کە لە کوردستاندا کۆمەڵکووژی دەکرا، تەرمی هاوڵاتییان بە دوای ئۆتۆمبێلەکانەوە ڕادەکێشدرا و تەرمی ژنانی بە پرسە لە کۆڵانەکاندا دەگێڕدرا لە ناوخۆیدا گوتبووی کە "با دابەشکاری نەکەین." کاتێک لە کوردستاندا دەستبەسەر شارەوانییەکاندا دەگیرا، زۆرینەی بەڕێوەبەرانی جەهەپە گوێیان پێنەدەدا، بەدەر لە هەموو ئەمانە ئەرێیان کردبوو بۆ دادگایکردنی پەڕلەمانتاران لە لایەن دادگاکانی ئاکەپەوە. هەموو کاتێک کە ئیدارەی ئاکەپە تەنگەتاو دەبوو، جەهەپە دەبووە فریادڕەسی. ئیداری پێشووی جەهەپە لە ژێر ناوی "پاراستنی وڵات"دا پشتگیریان دەکرد لە هێرشە سەربازییەکانی سەرسنوور کە لە لایەن ئاکەپەوە ئەنجام دەدرا.

بێگومان دەتوانین چەندین نموونەی دیکەی لەم شێوەیە بهێنینەوە. کاتێک مرۆڤ لەم دۆخە دەڕوانێت، دەتوانێت دەربارەی جەهەپە بڵێت 'شایەنی ئەمەن' بەڵام ئێستا کاتی ئەم قسانە نیە و هیچ شتێک ناگۆڕێت لە دۆخەکە. هەروەها ئەمە مانای ئەوە نادات ڕابردوومان لە بیرکردبێت. هەڵبەتە نابێت هەرگیز ڕابردوو لە یاد بکەین و دەبێت هەمیشە لە بیرماندا بێت. بەڵام نابێت ئەمە بۆ یادەوەری بکرێت. دەبێت لە پێناو ئەوەدا لە بیرمان بێت بۆ ئەوەی پەند لە ڕابردوومان وەرگرین. هەڵبەتە دەبێت ئەو پەندانەی لە ڕابردوومان وەرمانگرتووە لە ژیانی ڕۆژانەماندا ڕەنگداتەوە.

لەم چوارچێوەیەدا کاتێک تەماشایی شەڕی دەسەڵاتداریی دەکەین لە تورکیادا، بە ئاشکرا بۆمان دەردەکەوێت گەیشتوون بە خاڵێکی زۆر سەرنج ڕاکێش. هەرخۆی ئەو ڕێ و ڕێبازانەی کە ئاکەپە و بە تایبەت ئەردۆغان لە شەڕی دەسەڵاتدارییدا بەکاری دەهێنێت ئاشکرایە. هەموو ئەو ڕکابەرانەی دێنە پێشی بە یەک ئامانج دەگرێ، هەموو ڕێ و ڕێبازێک تاقیدەکاتەوە و هەوڵدەدات بیانچەوسێنێتەوە، دەیەوێت دەسەڵاتداری بە تەنها لە دەستی خۆییدا بمێنێتەوە. ئەو ڕێ و ڕێبازەی کە ئەردۆغان لە نێو پارتەکەی و دەرەوەشدا بەکاری دەهێنێت ئەمەیە؛ لە ئێستادا لە دژی جەهەپە کە بووە بە جێگرەوەیەک بۆ حکومەت، ئەم ڕێبازە بەکاردەهێنێت.

لێرەدا شتی گرنگ هەڵوێستی جەهەپەیە. ئیدارەی پێشووی جەهەپە، لە بەرانبەر هێرشە فاشیستییەکانی سەر دیموکراسی بێدەنگ دەبوون و بەرگرییان لە مافی کەس نەدەکرد. بە دۆزینەوەی هەندێک پاساو جەماوەرییان لە شەقام دووردەخستەوە و دەبوونە یارمەتیدەری دەسەڵاتداری. لە ئێستا هێرشە فاشیستەکان بەرۆکی ئەوانی گرتووە. ئیدارەی نوێی جەهەپە لە ئارادایە. دەی با تەماشاکەین ئەم ئیدارە نوێیە لە بەرانبەر هێرشە فاشیستەکان بەرگری لە مافەکانی خۆی دەکات؟ ئۆزگور ئۆزەل بانگەوازی لە گەل دەکات بڕژێنە شەقامەکان و لە پێناو دیموکراسییدا بجەنگن. دەگوترێت هەڵوێستی ئیمام ئۆغلوویش بەم شێوەیە. با ببینین بزانین تا کۆتایی لەم هەڵوێستەیان بەردەوام دەبن یا نا؟ دەستنیشانی دەکەین گەر هاوپەیمانێتی پێویست دامەزرێنن و تا کۆتایی بەردەوام بن ئەوا سەردەکەون. بەڵام گەر ئەمە نەکەن ئەوا تێکدەشکێن.

بێگومان پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی دەسەڵاتداری توند بوونە، لەگەڵ ئەمەشدا 'بانگەوازی ئاستی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک'ی ٢٧ی شوباتی ڕێبەر ئاپۆیش لە ئارادایە. ئیدارەکەیی تەیپ ئەردۆغان هەوڵدەدات بەم شێوەیە گەلی کورد بکات بە لایەنگر و لە هێرشەکانی سەر جەهەپەدا سەرکەوێت. بەدەر لەوەش لەبەرئەوەی لە دوای بانگەوازییەکە هەنگاوی پێویست نەنرێنراوە، وای لێکداوەتەوە ئەم دۆخە خراپ دەبێت و هەندێک خێراتر جوڵایەوە. کاتێک کە کوردان پەیوەست بە بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ جەژنی نەورۆزیان پیرۆز کرد، ویستی پلانەکانی بەرانبەر بە جەهەپە بەکاربهێنێت. چونکە لە هەموو هەرەشەکاندا ئەم تەکتیکە بەکاردەهێنیت، دەربڕینی قسەیەک پەیوەست بەم بابەتەوە نابێتە شتێکی نوێ. بەڵام دەتوانین بڵێین تەیب ئەردۆغان هەتا هەموو هێزی خۆی بەکارنەهێنێت، دەستبەرداری دەسەڵات نابێت.

لە ئێستادا هەردوو لایەنەکە دەیانەوێت پەرە بە پەیوەندییەکانیان بدەن لەگەڵ سیاسەتی کورد و پشتگیرییان بە دەست بهێنن. بە گووتنی "ئێوە لایەنێک ناگرن" هەوڵدەدەن ڕەخنە لە سیاسەتی کورد بگرن. هەروەها دامەزراندنی پەیوەندی و هەوڵەکانی پەیوەست بە بەدەستهێنانی پشتیوانی هۆکارێکی سیاسی ڕەوایە. مەحاڵە سیاسەتی کوردی لە خەباتی ئێستادا بێلایەن بمێنێتەوە. گەلی کورد و دۆستە شۆڕشگێڕ-دیموکراتیکەکانی هەموو کاتێک لایەنگری دیموکراسی و ئازادیین. هەروەها ڕێبەر ئاپۆ بانگەوازی 'ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک'ی کرد و بە ملیۆنان کەس لە گۆڕەپانەکانی نەورۆزدا خاوەندارییان لێکرد.

باشە کێ لایەنگری دیموکراسییە؟ لێرەدا ئەم پرسیارە درووستەبێت. هەروەها لایەنێک خۆی وەک دیموکراتیک و لایەنەکەی بەرانبەری وەک فاشیست پێناسە دەکات. ئاخۆ بە ڕاستی لەمڕۆدا لە تورکیادا جەوهەر و پێوانەی سەرەکی دیموکراتیکی چییە؟ دەتوانین زۆر بە ئاسوودەی بڵێین وەڵامی ئەم پرسیارە بریتییە لە تێکشاندنی سیستەمی قڕکردن، گۆشەگیری و ئەشکەنجەی ئیمراڵی و خواستی ئازادکردنی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیە.

لە ڕاستییدا هۆکاری هەموو دواکەوتووی، قەیران، کێشە و ئاڵۆزییەکانی تورکیا سیستەمی قڕکردن، گۆشەگیری و ئەشکەنجەی ئیمراڵییە؛ ڕاگرتنی ڕێبەر ئاپۆ لە نێو سیستەمێکی لەم شێوەدایە. دەستگیرکردنی ئیمام ئۆغلوو بە جۆرێک لە جۆرەکان هەر بەم هۆکارەیە. هەربۆیە دیموکراسی بە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دێتەئاراوە. یانی ڕێگەی دیموکراسی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیە. گەر سیستەمی گۆشەگیریی ئیمراڵی هەڵوەشێندرێتەوە و ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دابین بکرێت، ئەوکاتە قەیرانە ئابووریییەکانیش چارەسەردەکرێن، کودەتایی لەم شێوەیەش لە ئارادا نامێنێت و هەموو زیندانیانی سیاسی ئازاد دەبن بە ئەکرەم ئیمام ئۆغلوویشەوە. لەبەرئەوەی ڕێگە بە ڕووی دیموکراتیزەکردنی تورکیا و ئازادی گەلی کورد دەکرێتەوە.

ئەوکاتە ئیدارەی ئێستایی جەهەپە دەبێت لە دژی هێرشە فاشیستییەکان بوەستێتەوە و گەر بیەوێت مافەکانی بەدەست بهێنێت، ناچارە پەرە بە هاوپەیمانی دیموکراسی بدات و تێکۆشانی بۆ دیموکراسی بەڕێوەبەرێت. بۆئەوەی بتوانێت ئەمە بکات، دەبێت لە دژی سیستەمی گۆشەگیریی ئیمراڵی بوەستێتەوە و داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بکات. ڕێبەر ئاپۆیش بۆ ئەمە بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ی بڵاوکردووەتەوە و ڕێگەی بەڕوویی پێوانەیەکی لەم شێوەیە کردووەتەوە. یانی بۆ کەسانێک کە خۆیان لە زهنیەتی نەتەوەپەرستیی شۆڤێنی و نەژادپەرستی ڕزگارکردووە، هەنگاونانی پەیوەست بەم بابەتەوە ئاسان کردووە.

کاتێک سەیری گەلی کورد و دۆستانی دیموکراتیکییان دەکەین، هەڵبەتە هیچ ئیمکانێکی بێدەنگبوونیان لەبەرانبەر کردەوەی توندی دەسەڵاتداری لە تورکیادا نییە. هەرخۆی ماوەیەکی زۆرە لە تورکیادا پرۆسەیەکی گرنگ لە ئارادابوو، وە گۆڕانکاری بەسەردا دەسەپێندرا. لە ئێستاشدا ئەم پرۆسەیە لە توندوتیژترین ساتەکانییدایە. ئیدی تیر لە کەوان دەرپەڕییوە و گەڕانەوە لە پرۆسەکە نییە. لە ئەنجامی ئەم تێکۆشانە توندەدا تورکیا دەپەڕێتەوە قۆناغێکی تر و دەبێت هەوڵبدرێت بکرێتە قۆناغێکی دیموکراتیکی. ئەو شتەیشی قۆناغێکی دیموکراتیکی دێنێتەئاراوە، دابینکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیە.

هەروەها لە ئاهەنگەکانی جەژنی نەورۆزدا کە لە ماوەی زیاد لە دە ڕۆژدا ئەنجام دەدران، بە ملیۆنان کەس ڕوویان لە دابینرکردن و داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆییان کرد. لە وان تا ئامەد و ئەستەنبوڵ، لە ڕۆژهەڵات تا ڕۆژئاوا و شارەکانی ئەورووپا لە سەرانسەری جیهان لە گۆڕەپانەکانەوە بە ملیۆنان کەس بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەنگییان هەڵبڕی.

لە ئێستادا ئەو سیاسەت و ئامانجە دیاری کراوە کە گەلی کورد و دۆستەکانی پەیڕەوی لێدەکەن. ئەوەی ماوەتەوە پێکێهێنانی پراکتیکی ئەم بابەتەیە. هەموو هەنگاوێک لە هەموو شوێنێک پەیوەستە بە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆوە، پێشخستنی هاوپەیمانی و پەیوەندییە دیموکراتیکییەکان و تێکۆشان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیە. ئاهەنگەکانی نەورۆز کە هەموو هەنگاوەکانی بە شێوەیەکی بەهێز و مانادار پیرۆز کران، هەڵمەتی ئازادی جیهانی کە ئامانجی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیە و بانگەوازی 'ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک'ی کردووە بەیەک، پەڕاندوویتەوە بۆ قۆناغێکی دیکە و سەرەتایەکی نوێ لە ئارادایە. دەتوانین بە 'لە ئێستادا ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ' گوزارشت لە تاکە ئامانجی ئەم قۆناغە بکەین. ئاهەنگ و بڕیاردارییەکانی جەژنی نەورۆز بپەڕێنیینەوە بۆ ٤ی نیسان و ١ی گوڵان و هەموو ڕۆژەکان بکەینە ڕۆژی نەورۆز، بە دڵنیانیەوە سەردەکەوین.

سەرچاوە: یەنی ئۆزگور پۆلەتیکا