هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هاوڵاتییانی مەدەنی بەردەوامە
لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە مانگەکانی کانوونی دووەم، شوبات و ئاداردا ٢٢٩ کەس کوژراون و ٣١١ کەسیش بریندار بوون.
لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە مانگەکانی کانوونی دووەم، شوبات و ئاداردا ٢٢٩ کەس کوژراون و ٣١١ کەسیش بریندار بوون.
هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، دۆخی مرۆیی ناوچەکەی خستووتە مەترسیەوە، بەتایبەتی هێرشە ئاسمانییەکان و بۆردومانکردنە زەمینیەکان هەڕەشەیەکی گەورەی بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیان دروست کردووە.
هێرشە بەردەوامەکان؛ لە مانگەکانی کانوونی دووەم، شوبات و ئادار کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی ناوچەکە دروستکردووە. تا ئێستا ٢٢٩هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و ٣١١ کەسی دیکەش بریندار بوون. ئەم دۆخە نیشاندەری پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، یاساکانی جەنگ و بەئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنییە.
لەوبارەی هێرش و پێشلکارییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا،لە ڕێگەی ئاژانسمانەوە لەگەڵ پارێزەر مستەفا شێخ موسلم و یوسف کوتە لە قامیشلۆ و سۆزان ئوسو لە عەفرین وتووێژێکمان ئەنجامدا.
هێرش و دەرنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر
کانوونی دووەم:
٣٨٥ جار فڕینی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان، ١٠٥جار فڕینی فڕۆکە جەنگیەکان، ٣٤ جار هێرشی فڕۆکەی جەنگی، ٢٠ جار هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ٣ هێرشی خۆکوژی، ١٦٢هێرشی تۆباران، ٣٢ هێرشی هاوەن، ٥ هێرشی تانکەکان، ٢٣ هێرش بە دوشکا، ٥هێرشی بە نارنجۆک، ٨هەوڵی دزەکردن، لە گەڵ ٥٢ هێرشی جیاواز بە چەکی سووک.
شوبات:
٣٨٠ جار فڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ١٠٢جار فڕینی فڕۆکەی جەنگی، ٢٥هێرشی فڕۆکەی جەنگیەکان، ١٥هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان، ٣هێرشی خۆکوژی، ١٦٢هێرشی تۆب باران، ٣٢هێرشی هاوەن، لەگەڵ ٦٥ هێرشی جورارجۆر بە تانک، دوشکا، نارنجۆک هاوێژ و چەکی سووک.
ئادار لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا:
٨٨ جار فڕینی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی سیخوڕی و چەکدار، ٩ جار فڕینی فڕۆکەی جەنگی، ١٢هێرشی فڕۆکەی جەنگیەکان، ٥هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ٥هێرشی تۆب باران،٤٣هێرشی هاوەن، لەگەڵ ٨٤ هێرش جیاواز بە دوشکاس و چەکی سووک.
به لایەنی کەمەوە ٢٢٩ هاوڵاتی شەهید بوون و ٣١١ کەسیش برینداربوون
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە لە کۆمیتەی تەندروستی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و دامەزراوە و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکانەوە بەدەست گەیشتووە، لە ١ی کانوونی دووەم تا ١٥ی ئاداری ٢٠٢٥ لانیکەم ٢٢٩ هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون و لانیکەم ٣١١ کەسی دیکەش برینداربوون.
چەند نموونەیەک لە کردەوە کۆمەڵکوژییەکان:
١١ی کانوونی دووەم:
له هێرشێکی فڕۆکه جەنگی بۆ سەر گوندی مەسرەبی سرین له کانتۆنی فورات باوکێک و دوو منداڵی کوژران و پێنج ئەندامی بنەماڵەکەشی برینداربوون
٢٧ی کانوونی دووەم:
لە شاری سرینی کانتۆنی فورات فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان گۆڕەپانێکی بازاڕیان بۆردومان کرد لە ئەنجامدا ١٣ هاوڵاتی کوژران و ١٢کەسی دیکەش بریندار بوون.
٢٨ی کانوونی دووەم:
له گوندی ئوم هەرمەل زەرگانێ بۆردومان ئەنجامدرا ٣ کەس که منداڵێکیان له نێودا بوو کوژران و ٩کەسیش بریندار بوون.
١٧ی ئادار:
دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و چەکی قورس لە گوندی بەرخ بۆتان کۆبانێ کۆمەڵکوژییەکی گەورەی ئەنجامدا لەو کۆمەڵکوژییەدا ٧ منداڵ لەگەڵ دایک و باوکیان کۆمەڵکوژ کران و ٢ ئەندامی بنەماڵەکە بە سەختی برینداربوون کە دوایی یەکێکیان ژیانی لەدەستدا، بەمەش ژمارەی کۆمەڵکوژییەکە گەیشتە ١٠کەس.
'پەیماننامەی جنێڤ پێشێل دەکرێت'
مستەفا شێخ موسلم سەبارەت بە هێرشەکان، جەختی لەوە کردەوە کە بە ئامانج گرتنی کەسانی مەدەنی نە مرۆڤانەیە و لە ڕووی یاساییەوە قبوڵکراو نییە و وتی: "بەپێی یاساکانی نێونەتەوەیی، بە ئامانجگرتنی کەسانی مەدەنی بە هیچ شێوەیەک پاساو هەڵگر نییە. بەڵام دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بەساڵانە هاووڵاتیانی دانیشتووی ناوچەکە دەکاتە ئامانج و بە شێوەیەکی دڕندانە کۆمەڵکوژیان دەکات. سەرەڕای ئەوەش دامەزراوەکان و ژێرخانەکانی ناوچەکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەکرێنە ئامانج، لەناو دەبرێن و بژێوی ژیانی هاوڵاتیان تێکدەدرێت. بە گشتی لە هەموو ڕویکەوە پەیماننامەی جنێف کە بڕیاری گرنگی تێدایە سەبارەت بە پاراستنی کەسانی مەدەنی، پێشێل دەکات."
مستەفا شێخ موسلم لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە ئامانجەکانی دەوڵەتی تورک دا و وتی: "دەوڵەتی تورک لەهەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافی ناوچەکەدا بەردەوامە لە هێرشە داگیرکارییەکانی، دەیەوێت ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە تێک بدات و بەڕێگەی چەتەکانیەوە قەیران، ئاژاوەگێری و کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات و ئەوەشی گوت: "چاوپۆشی کردن لە کۆمەڵکوژی هاوڵاتیانی مەدەنی هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە. لەکاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت دامەزراوە و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان لەسەر بنەمای ئەرک و بەرپرسیارێتیەکانیان ڕێگری بکەن لە تاوانەکانی دەوڵەتی تورک، بەڵام بە هۆی ئەم بێدەنگیانەوە هێرشەکانی دوڵەتی تورکیا بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامە و ئەمەش قبووڵکراو نییە."
'دژی هێرشەکان لە گۆڕەپانەکانداین'
هەروەها سۆزان ئوسۆ لە عەفرینەوە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک کاردانەوەی نیشاندا و وتی: " هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر ناوچەکە کارەساتی لێدەکەوێتەوە. دەوڵەتی تورک دەیەوێت ئیرادەی گەل بشکێنێت، دەیەوێت باوەڕی گەل بە ژیان لەناو ببات و بێ هیوایان بکات. بەڵام سەرەڕای ئەو کۆمەڵکوژییانە، گەل بەرخۆدان دەکات و بەڵێنی تۆڵەسەندنەوە دەدات. هێرشەکانی دەوڵەتی تورک چەوسانەوەیە و هاوڵاتی مەدەنی دەکوژرێن، بەڵام لە لایەن وڵاتانی نێونەتەوەییەوە هیچ سزایەک بەسەر دەوڵەتی تورکدا نادەن، سەرەڕای ئەوەی هەموو ڕۆژێک دەبینین شەڕ و کۆمەڵکوژی دژی گەلانی هەرێمەکە دەکرێت."
'ئامانج لەو هێرشانە هەڵوەشاندنەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییە'
هەروەها یوسف کوتە لە قامیشلۆەو سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر وتی: "ئەم هێرشانە هەم هێرشی تۆڵەسەندنەوەیە و هەم بۆ تێکدانی ئاشتی و پێکەوە ژیانی ناوچەکەیە. مەبەست گشتی له ناوبردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هەرێمەکە و داگیرکارییە. بە ئاماژەدان بە کۆمەڵکوژییەکەی بەرخ بۆتان، حەسەکە و هێرشەکان بۆ سەر بەنداوی تشرین، وەبیری هێنایەو کە لە هەموو ئەو هێرشانەدا هاوڵاتیانی مەدەنی گیانیان له دەستدا و ئەمەش کۆمەڵکوژییە، ڕۆژ نییە لە هەرێمەکانماندا بە هۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە ڕۆڵەکانمان شەهید نەکرێن."