فاشیزمی تورک و خیانەتی پەدەکە لە ئەوروپا شەرمەزارکرا- نوێکرایەوە

لەسەر بانگەوازی کەجەدەکە-ئە، کوردستانیان لە چەندین شاری ئەوروپا گردبوونەوە، خیانەت و هاوکاری پەدەکە و فاشیزمی تورکیان شەرمەزارکرد، بانگەوازیان کرد بۆ یەکێتی نەتەوەیی.

بۆ شەرمەزارکردنی هێرشی چەکداری سەر نوێنەرایەتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لە هەولێر و کوشتنی دەنیز جەودەت بولبول، لە چەندین شاری ئەوروپا چالاکی ئەنجامدرا.

بروکسل

کوردستانیان لەسەر ڕێگەی فرانکلین ڕۆزفێڵت، شوێنی نوێنەرایەتی باشوری کوردستان کۆبوونەوە. وێنەی جەودەت و پانکارتی "بمرێ خیانەتیان بەرزکردەوە".

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەنەکە ڕەفیق غەفور گوتی: "ئێمە زۆر باش دەزانین ئەگەر ئەو دەوروبەر و خیانەتکارانەی بەناوی کوردایەتییەوە کار دەکەن، هاوکاری دەوڵەتی تورک نەکەن، دەوڵەتی تورک هەرگیز ناتوانێت بەم شێوەیە هێرش بکات. بەداخەوە پەدەکەی ژێردەستی بنەماڵەی بارزانی، کەوتۆتە دەستی داگیرکەران. بنەماڵەی بارزانی هاوکاری دوژمنە سەرەکییەکانی کورد دەکەن بۆ لاوازکردنی بزووتنەوە کوردییەکان و لەناوبردنیان، زەمینە بۆ داگیرکاری و قڕکردن خۆش دەکەن. هێرش بۆ سەر کەنەکە هێرشێکە بۆ سەر یەکێتی نەتەوەیی. ڕوونە ئەم هێرشە قێزەونە پلان بۆ داڕێژراو بووە".

چالاکی بە گوتنەوەی درووشمەکانی "بمرێ خیانەت" و بژی بەرخۆدانی کوردان" کۆتایی هات.

ستراسبۆرگ

کوردستانیان لە وێستگەی ناوەندی شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا کۆبوونەوە، فاشیزمی دەوڵەتی تورک و خیانەتی پەدەکەیان شەرمەزار کرد.

لە چالاکییەکەدا، وێنەی جەودەت بولبول و ئەو شەهیدانەی لە باشور بە هاوکاری پەدەکە کوژراون بەرزکرایەوە.

درووشمی "تورکیا بکوژە، ئەوروپا بێدەنگە" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" بەرزکرایەوە.

ئاماژە بەوە کرا، دەوڵەتی تورک ئامانجی لەناوبردنی دەستکەوتەکانی کورد، پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی هاوکاری ئەم ڕوانگەیە دەکەن.

مارسیلیا

بە پێشەنگایەتی ناوەندی جڤاکی کوردی دیموکراتیک (دەکتەم) لە مارسیلیا، هێرشی سەر کەنەکە شەرمەزار کرا.

پانکارتی "دژی داگیرکاری تورک و خیانەتی بنەماڵەی بارزانی کوردستان بپارێزە" و "میت و پەدەکەی بکوژ" لەگەڵ وێنەی سەهید دەنیز بەرزکرایەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ئاماژە بەوە کراوە، خیانەت و هاوکاری پەدەکە نوێ نییە، بەڵام بەر دیواری بەرخۆدانی گەریلاکانی ئازادی کوردستان کەوتووە. دەوڵەتی تورک هەرکات بکەوێتە تەنگانەوە بەرامبەر گەریلا، پەنا دەباتە بەر هاوکاری پەدەکە. داوا کرا، گەلی کوردستان بەتایبەت گەلی باشور دژی چەتە خیانەتکارەکان هەڵوێست وەربگرن.

لەدرێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: " دەوڵەتی قڕکەری تورک بە پاڵپشتی بنەماڵەی بارزانی ڕۆژانە کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات. دەوڵەتی تورک لە ئێستاوە کورد هاندەدات بۆ قڕکردنی کورد. بنەماڵەی بارزانی ڕێگە بە دەوڵەتی تورک دەدەن کە قڕکردن ئەنجام بدات. پەدەکە دەبێتە هاوکار و شکۆ و خاکی کوردستان پێشکەش دەکات. کورد زۆر بێزارە لە خیانەت. دەنیز جەودەت بولبول، نوێنەری کەنەکە، بە شێوەیەکی دڕندانە لە هەولێر کوژرا. ئەگەر ئەم خیانەتە کۆتایی نەیەت، ئەوە ڕوونە، کۆمەڵکوژی زیاتر ڕوودەدات. با پەدەکە - بنەماڵەی بارزانی دەمودەست واز لە هێڵی خیانەت بهێنن و بە پێی بەهاکانی کورد هەڵوێستێک بگرنەبەر. با دەوڵەتی تورک، بەتایبەت چەتە کۆمەڵکوژکەرەکانی میت، هەموو بنکە سەربازی و چالاکییەکانی لەسەر خاکی کوردستان کۆتایی پێ بهێنێت. لە هەر کوێیەک بین بە گیانی یەکێتی نەتەوەیی خاک دەپارێزین و تێدەکۆشین".

بەدرێژایی ڕاگەیاندراوەکە، درووشـمی "بمرێ خیانەت" و "بژی کوردستان" بەرزکرایەوە.

ڤییەنا

بە ئامانجی شەرمەزارکردنی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و هاوکاری پەدەکە، لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا، کاتژمێر ١٧:٠٠ لەبەردەم باڵوێزخانەی تورک چالاکی ناڕەزایەتی بەڕێوەچوو.

کوردستانیان کاتژمێر ١٨:٣٠ لە (Platz der Menschenrechte) هاتنە گۆڕەپان.

مانهایم

لەسەر بانگەوازی کەجەدەکە-ئە، لە شاری مانهایمی ئەڵمانیا چالاکی ئەنجامدرا. ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە و درووشـمی "بمرێ خیانەت" و "ئەردۆگانی دیکتاتۆر" گوترایەوە.

میونیخ

لە شاری میونیخی ئەڵمانیا، کوشتنی نوێنەری کەنەکە دەنیز جەودەت لە هەولێر شەرمەزارکرا.

کوردستانیان لەسەر بانگەوازی دەسپێشخەریی گەنجانی میونیخ و دەکتەم کاتژمێر ١٦:٠٠ لە ناوەندی شارەکە، دژی هێرشەکانی قڕکردن گردبوونەوەیان ئەنجامدا.

کوردستانیان وێنەی شەهید دەنیز جەودەتیان بەرزکردەوە و هێرشەکەیان شەرمەزارکرد.

درووشمەکانی "با کۆمەڵکوژی لە کوردستان کۆتایی بێت" و "دەوڵەتی تورکی فاشیست کوردستان جێبهێڵە" و "بمرێ خیانەت" و "بژی بەرخۆدانی گەریلا" گوترایەوە.

ساربروکن

لە شاری ساربروکنی ئەڵمانیا، بە پێشەنگایەتی دەکتەم و پەیەدە و مەجلیسی ژنانی ئێزدی چالاکی ئەنجامدرا. هێرشەکەی سەر کەنەکە شەرمەزارکرا.

بەردەوام درووشمی "بمرێ خیانەت" و "بژی بەرخۆدانی گەلی کورد" و "ئەردۆگانی بکوژ" دەگوترایەوە.