گونای: ده‌بێت گۆشه‌گیری سه‌ر ئیمراڵی هه‌ڵبگیرێت
وته‌بێژی هه‌ده‌په ئه‌برو گونای راگه‌یاند، "راپۆرت له باره‌ی ئیمراڵیه‌وه راپۆرتێكی یاسایی و دیموكراسیه. ده‌بێت به دڵنیاییه‌وه گۆشه‌گیری هه‌ڵبگیرێت".
وته‌بێژی هه‌ده‌په ئه‌برو گونای راگه‌یاند، "راپۆرت له باره‌ی ئیمراڵیه‌وه راپۆرتێكی یاسایی و دیموكراسیه. ده‌بێت به دڵنیاییه‌وه گۆشه‌گیری هه‌ڵبگیرێت".
وته‌بێژی هه‌ده‌په ئه‌برو گونای له ناوه‌ندی پارته‌كه‌ی كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی ساز كرد و هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ بابه‌ته گرنگ و گه‌رمه‌كان كرد.
گونای باسی له شه‌ڕی ئۆكرانیا كرد و وتی، "گه‌ل و ئاشتی جیهانی دیسان كه‌وته ژێر مه‌ترسیه‌كی گه‌وره. شه‌ڕ له ئۆكرانیا، شه‌ڕی هه‌ژمۆنی نێوان ناتۆ و روسیایه. ئێمه ده‌زانین كه جگه له مردن ئه‌و شه‌ڕه هیچ شتێك به گه‌لان نابه‌خشێت. شه‌ڕی هه‌ژمونخوازی له نێوان روسیا و ناتۆ له ئه‌فغانستان و لیبیا له‌به‌ر چاوه. گه‌ل تائێستاش باجی ئه‌و شه‌ڕه ده‌ده‌ن. پێویسته به دانوستان، شێوازی دیپلۆماسی، دیالۆگ و شێوازی ئاشتیانه كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن. سیاسه‌ت به شێوه‌ی سه‌ربازی هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌یه بۆ سه‌ر ئاشتی جیهانی".
گونای له باره‌ی ئه‌و هه‌رێمانه‌شی كه ده‌یانه‌وێت سه‌ربه‌خۆ ببن وتی، "ده‌بێت هێزه‌كانی وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان، رێكخراوی ئاسایش و هاوكاری ئه‌وروپا رۆڵی خۆیان بگێڕن و پرسیار له گه‌لانی ئه‌و ناوچانه بكه‌ن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بابه‌تی سه‌ره‌كی ئیراده و ویستی گه‌لانه. پێویسته دید و روانگه‌ی چاره‌سه‌ر به گوێره‌ی ئیراده‌ی گه‌لان بێت. ئێمه داوا له نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان ده‌كه‌ین بۆ شه‌ڕی ئۆكرانیا ئاگربه‌ست رابگه‌یه‌نێت و رێوشوێنی پێویست بگرێته‌به‌ر.
گونای باسی له‌وه‌كرد، كه سیاسه‌تی شه‌ڕ په‌یوه‌ندیان به سیاسه‌ته‌كانی گۆشه‌گیری له‌سه‌ر ئیمراڵیه‌وه هه‌یه و وتی، "پێداگری له‌سه‌ر سیستمی گۆشه‌گیری ئیمراڵی به واتای پێداگری له‌سه‌ر شه‌ڕ. چه‌ند رۆژ پێش ئێستا پارێزه‌رانی به‌ڕێز ئۆجالان و پارێزه‌رانی نوسینگه‌ی یاسایی سه‌ده راپۆرتی تێبینیه‌كانی ئیمراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢١یان ئاشكرا كرد. راپۆرته‌كه زۆر به‌رفراوانه، ئێمه پێشنیاز ده‌كه‌ین با هه‌موو كه‌س بیخوێنێته‌وه. راپۆرتی ئیمراڵی راپۆرتی یاسا و دیموكراسی توركیایه. له ساڵی ٢٠٢١دا بنه‌ماڵه‌ی به‌ڕێز ئۆجالان به‌مه‌به‌ستی دیدار ٧١ جار داواكارییان پێشكه‌ش كردووه و ره‌تكراونه‌ته‌وه. پارێزه‌ران ٢٠٢ جار داواكاریان پێشكه‌ش كردووه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و ٢٠٢ داواكارییه‌ش ره‌تكراونه‌ته‌وه. ئه‌وه پوخته‌ی ساڵێكه. ئێمه لێره‌وه رایده‌گه‌یه‌نین به‌ڕێز ئۆجالان له پرسی دۆزی كورددا هه‌موو جارێك رایگه‌یاندووه، كه ئه‌و لایه‌نگری چاره‌سه‌ری دیموكراتیك، ده‌ستوری و ئاشتیخوازانه‌یه. ئاشتیه‌كی شكۆمه‌ندانه كه ئۆجالان ده‌یه‌وێت بونیاتی بنێت، رێگه له‌به‌رده‌م دیموكراتیكبوونی توركیا ده‌كاته‌وه، رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌بێته شوێنێكی ئارام و سه‌قامگیر. له‌به‌ر ئه‌وه ده‌بێت په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ رێزدار ئۆجالان ساز بكرێت، سیاسه‌ته‌كانی گۆشه‌گیری هه‌ڵبگیرێن. بۆ دیموكراسی له توركیا و ئاشتی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌بێت به دڵنیاییه‌وه ئه‌وه ئه‌نجام بدرێت".
گونای ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، له‌هه‌موو دۆخێك‌دا خاوه‌نداری له پارته‌كه‌یان و تێكۆشان ده‌كه‌ن و وتی، "گه‌لانی توركیا هه‌موو جارێك رایده‌گه‌یه‌نن كه هه‌ده‌په واته هیوا و بوێرییه. هه‌موو به‌شه‌كانی كۆمه‌ڵگا تێده‌گه‌ن كه هه‌ده‌په بووه‌ته كلیلێك كه ده‌توانێت داهاتووی وڵات بونیات بنێت. هه‌ده‌په ده‌توانێت كێشه‌ی سه‌د ساڵه چاره‌سه‌ر بكات. ئێمه قسه‌كه‌مان له‌باره‌ی شه‌ڕی هه‌ژمونخوازی جیهانی دوباره ده‌كه‌ینه‌وه، تاكه شتی سه‌روه‌ر و باڵاده‌ست ئیراده‌ی گه‌لانه".
هـ . ب