حاتەم ئۆغۆللاری: ستراتیژی تەبایی شار بەهێزتر دەکەین
هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری لە کۆجالی قسەی کرد و ڕایگەیاند پارتەکەیان پارتێکی گرنگە و گوتی: "ستراتیژی تەبایی شار بەشێوەیەکی بەهێز لە تورکیا جێبەجێ دەکەین".
هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری لە کۆجالی قسەی کرد و ڕایگەیاند پارتەکەیان پارتێکی گرنگە و گوتی: "ستراتیژی تەبایی شار بەشێوەیەکی بەهێز لە تورکیا جێبەجێ دەکەین".
پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لە کۆجالی کۆنگرەی ئەنجامدا. هاوسەرۆکی گشتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری بەشداری کۆنگرەکە بوو. ئۆغۆللاری پاش هەڵبژاردنی ئەندامانی دیوانی کۆنگرە قسەی کرد و بەشداران بە کوردی قسەیان کرد.
حاتەم ئۆغۆللاری لەنێو قسەکانیدا، ئاماژەی کرد بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر فەڵەستین، هاوسۆزی خۆیانی بۆ گەلی فەڵەستین دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند لە ڕۆژئاوا هەمان شت ڕوودەدات. دووپاتی کردەوە، ئەم دەسەڵات دژایەتی گەلی کورد دەکات، نایەوێت کورد لە ڕۆژئاوا ببێتە خاوەنی ستاتۆیەک، ئەگەر دەیانەوێت ببنە زامنی چارەسەری کێشەی فەڵەستین، با پرسی کورد لە چوار پارچەی کوردستان چارەسەر بکەن.
حاتەم ئۆغۆللاری تیشکی خستەسەر گۆشەگیری ئیمراڵی، ئاماژەی بەوە کرد، بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری و ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە ١٠٦ زیندان مانگرتن لە خواردن دەستی پێ کردووە، بنەماڵەکانیش بۆ پشتیوانی لە چالاکی زیندانیان ئێشکگری دادپەروەری ئەنجام دەدەن، سڵاوی لە ئێشکگری دادپەروەری کرد و پشتیوانی بۆ چالاکییەکە دەربڕی.
دووپاتی کردەوە، وەک دەم پارتی، ئازادی و یەکسانی ژنان و مافی کرێکاران و ڕەنجدەران دەپارێزن، مافی زمانی دایکی گەلان و بەتایبەت گەلی کورد دەپارێزن.
حاتەم ئۆغۆللاری ئاماژەی بەوە کرد یەک لە بڕیارە گرنگەکانی مەجلیسی پارتەکە، تەبایی شارە، گوتی: "ئێمە ستراتیژی تەبایی شار بەشێوەیەکی بەهێز لە تورکیا بەدی دەهێنین. دەمانەوێت چ بڵێین؟ کاتێک باس لە تەبایی شار دەکەین، باس لە هەموو دینامیکەکانی شار دەکەین. باس لە هەموو هێزە دیموکراسییەکانی کۆجالی دەکەین. باسی فۆرمەلەیەک دەکەین کە نوێنەرایەتی ڕێکخراوە جەماوەرییە دیموکراتیکەکان و ڕێکخراوە مەدەنیەکان و کۆمەڵە هەرێمییەکان و بزووتنەوەی ژنان و گەنجان و پارێزەرانی مافی مرۆڤ و هەموو باوەڕەکان دەکەین، تاوەکو لە ئیدارەی هەرێمیی شارەکەدا، گوازرشت لە خۆیان بکەن و ئیرادەیان لە بەڕێوەبردنی شارەکەدا ڕەچاو بکرێت".
لەکۆتاییدا حاتەم ئۆغۆللاری دووپاتی کردەوە، شارەوانییەکانیان لەدەستی قەیومەکان وەردەگرنەوە و گەل خۆی بەڕێوەدەبات، گوتی: "سەفەربەرییەکیان ڕاگەیاندووە، سەفەربەری خەبات، سەفەربەرییەک بۆ چوونە لای گەلەکەمان. بانگەواز لە هەموو گەلەکەمان لە کۆجالی دەکەم، با ئیرادەمان لە ئیدارەی هەرێمەکە نیشان بدەین. لە دژی کارە نادیموکراتیکەکان، با بناغەی تێکۆشانی دیموکراتیکی هاوبەش پێکبهێنین. پێکەوە سەردەکەوین. بە ڕێکخراویی سەردەکەوین. بە پشتیوانی سەردەکەوین".