بەبۆنەی ساڵیادی پیلانگێڕیی ١٥ ی شوبات، بۆ کۆتایی هێنان بەو پیلانگێڕییە نێونەتەوەییەی زیاد لە ٢٥ ساڵە لەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوامە، لەپێناو بەدەستهێنانەوەی ئازادی جەستەیی وی، لە سەرانسەری ئەوروپا ڕێپێوان ئەنجام دەدرێت. هاوسەرۆکی کۆنگرەی جڤاکی دیموکراتیکی کوردستانیان لە ئەڵمانیا (کەجەدەکە-ئە) زوبەیدە زومروت بانگەوازی کرد بۆ بەشداربوون لە ڕێپێوانی دەیان هەزار کەسی لە ١٧ ی شوباتی ٢٠٢٤ لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا.
هەروەها زوبەیدە زومروت بۆ بەشداربوون لە ڕێپێوانی درێژی ٢٥ ڕۆژە بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە پاریسەوە تا ستراسبۆرگ، بانگەوازی کرد.
زوبەیدە ڕایگەیاند ڕێپێوانێکی مێژووی ئەنجام دەدەن و کوردان و دۆستەکانیان گۆشەگیری درێژخایەنی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان قبووڵ ناکەن، ئاماژەی بەوە کرد نیگەرانییەکانیان پەیوەست بە ئیمراڵی زیادی کردووە بۆیە هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" دەستی پێ کرد، دووپاتی کردەوە پێویستە (سی پی تی) و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان بە ئەرکی خۆیان هەستن.
زوبەیدە گوتی: "ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان باش دەزانن چارەسەری پشێویی و قەیران و شەڕ، کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکی گەلی کوردە. بۆیە تەڤگەرەکە گەردوونییە. بە ڕۆحی سەفەربەرییەوە ئەم کەمپەینە پێکدەهێنین و ئازادی ڕێبەرمان بە بناغە دەگرین. داوای سەرەکیمان ئەوەیە، وەک چۆن لە ساڵی ١٩٩٩ چووینە ڕۆما و گەل دەسپێشخەریی کرد، با ئێستەش چاوەڕێی کەس نەبێت و دەسپێشخەریی بکات. وەرن لە ١٧ ی شوبات کۆبینەوە و هەر لە گردبوونەوەکە بێت. تا ڕێبەرێتی ئازاد نەبێت، نە ژن و نە گەنج ئازاد نابن. ڕۆژی ١٧ ی شوبات لە کاتژمێر ١٠:٠٠ لە کۆڵن چاوەڕێتان دەبین".