هەبەدەهە: با بە ڕۆحی شۆڕشی یەکگرتوو ڕۆژئاوا بپارێزین!

کۆمیتەی بەڕێوەبەریی هەبەدەهە ڕایگەیادن دەنگیان دەخەنەپاڵ بانگەوازی سەفەربەری پارێزەرانی شۆڕشی ڕۆژئاوا و دەڵێت: "پێویستە دژی سیاسەتی داگیرکاری کە دەسەڵاتی فاشیست لە ڕۆژئاوا بەڕێوەی دەبات، هەموو شارەکان ببنە گۆڕەپانی چالاکی و بەرخۆدان".

کۆمیتەی بەڕێوەبەریی بزووتنەوەی شۆڕشی یەکگرتووی گەلان (هەبەدەهە) دژی هێرشی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوا و سوریا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

جەخت دەکاتەوە ناهێڵن دەوڵەتی تورک و چەتەکانی دەسکەوتەکانی ڕۆژئاوا و ئەو هیوایەی بۆ گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهان ئافراندوویەتی لەناوی ببەن، دووپاتی دەکەنەوە، هاوشێوەی کۆبانێ، بە بەرزکردنەوەی ئاڵای شۆڕشی ئەنتەرناسیۆنال ڕۆژئاوا دەپارێزن.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا دووپاتکراوەتەوە فاشیزمی ئاکەپە_مەهەپە دەیەوێت تاریکی داعش زیندوو بکاتەوە و گەلانی سوریا سزا بدات.

هەبەدەهە دەڵێت: " ئێمە ڕێگە نادەین دەسەڵاتی فاشیست نە لە ڕۆژئاوا و نە لە خاکی تورکیا-کوردستان سەربکەوێت. بانگەواز لە گەل و کرێکاران و ژنان و گەنجانی تورکیا و کوردستان دەکەین لە هەموو گۆڕەپانێکدا بەشداری چالاکییەکانی پاراستنی ڕۆژئاوا بکەن و بەرەی پاراستنی ڕۆژئاوا مەزنتر بکەن.

پێویستە دژی سیاسەتی داگیرکاری کە دەسەڵاتی فاشیست لە ڕۆژئاوا بەڕێوەی دەبات، هەموو شارەکان ببنە گۆڕەپانی چالاکی و بەرخۆدان. پێویستە لە بەرامبەر داگیرکاری بێدەنگ نەبین و چالاکی پشتیوانی لەڕێگەی سەفەربەرکردنی هەموو دەرفەتەکان ئەنجام بدرێت. لە هەمان کاتدا پێویستە دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە و هاوکارەکانیان لە هەموو شوێنێک بە چالاکیی شۆڕشگێڕانە بکرێنە ئامانج. بەم مانایە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی دەکەوێتە سەر شانی جەنگاوەرانی هەبەدەهەمان.

ئێمە وەک بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی یەکگرتووی گەلان لە هەموو شوێنێک دژی فاشیزم بەرخۆدان دەکەین و ڕێگە بە سوپای فاشیست و چەتەکانی نادەین. ئێمە لە چیا لەگەڵ گەریلاکانی ئازادی، لە شارەکان لەگەڵ جەنگاوەرانمان و لە زیندانەکان لەگەڵ هەڤاڵەکانمان دژی فاشیزم تێدەکۆشین".