نووسەران، چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی بواری جینۆساید لهبارهى ڕهوشى ڕۆژئاواى كوردستانهوه ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و پەیامی پشتگیردانیان بە ڕۆژئاوا دەربڕی و دەڵێن: "حکومەتی هەرێم، دەبێت پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بە ڕۆژئاڤای کوردستان لە دابینکردنی خۆراک و پێداویستی تەندرووستی و لایەنی مرۆیی جێبەجێ بکات." دەشڵێن، هۆشداریی بە هەمولایەك دەدەین، کە ئامانجەکانی ڕژێمی تورکیا، زەنگی سەرەتایەکی ڕوونە بۆ جینۆساید و قڕکردن و لەناوبردنی کورد.
لە ڕاگەیانداوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، ڕوداو و گۆڕانکارییەکانی ئەمدواییەی سووریا، کۆتایی بەو حکومڕانی ٥٣ ساڵەی ڕژێمی ستەمکاری بەعس هێنا، زەمینەیەکی لەباری بۆ پێکەوە ژیان و دابینکردنی مافی گەلان لە سووریادا ڕەخساندوە کە هەمووان تیایدا یەکسان و سەربەست بژین.
ئەوەش هاتووە، ئەمڕۆ، پێچەوانەی یاساو ڕێسا نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤ و مافی ژیانێکی شکۆدار بۆ هەموو مرۆڤەکان، هەروەها پێچەوانەی مافە بنەڕەتییەکانی نەتەوەکان لە سووریا، دەبینین پیلانێکی شەڕانگێزی دژ بەڕۆژئاڤای کوردستان لەلایەن تورکیا و گرووپە بەکرێگیراوەکانی دەستیپێکردوە.
باسیان لەوەشکردووە، ئەو هەڵمەتە داگیرکارییە فراوانخوازییە، هاونیشتمانیانی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی ڕۆژئاڤای کوردستان کە بە”ڕۆژهەڵات و باکووری سووریا”ش ناوزەند دەکرێت، کردووهتە ئامانج.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم پێشهاتە مەترسیدارە زەنگی سەرەتایەکی ڕوونە بۆ جینۆساید و قڕکردن و لەناوبردنی کورد لەڕۆژئاڤای کوردستان و سووریا، بەتایبەتیش دوای گۆڕانکارییەکان و ئەو شڵەژان و ناسەقامگیرییە ڕاستەوخۆیەی لەناوچەکەدا هاتوهتە ئاراوە، لەوەها دۆخێکیشدا، ئەرکی هەموو دەستەبژێری سیاسی و حزب و لایەنە کوردستانییەکان و هەموو هاوڵاتییەکی کورد و هەموو ئازادیخوازێکە ڕێگریی لە داگیرکاری بکات و دژ بەو شەڕانگێزیی و فراوانخوازییەی تورکیا بووەستێتەوە.
وتوشیانە، نووسەران و چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی بواری جینۆساید، لەم ساتەوەختە مێژوییەدا، بانگی هەموو خەڵکی کوردستان دەکەن، لەسەر هەموو ئاستە حزبی و مەدەنی و هاوڵاتییانی هەر چوار پارچەی کوردستان، ڕۆڵی مێژویی خۆیان ببینن و ڕووبەڕووی فراوانخوازی دەوڵەتی تورک و گرووپە بەکرێگیراوەکانی ببنەوە، لەپێناو ئاشتی و ژیانێکی بەڕومەت بۆ دانیشتووانی ڕۆژئاڤای کوردستان، کە لە ئێستادا هەوڵی لەناوبردن و سڕینەوەی ناسنامەیان دەدرێت.
ئەو نووسەر و چالاكوانانە دەشڵێن، ئەرکی هەموو حزبە کوردستانییەکانی هەرێمی کوردستانە، ڕۆڵی مێژوویی خۆیان ببینن بۆ پاراستنی ڕۆژئاڤا و پاراستنی ناسنامەی کوردبوون و کوردستانیبونی ڕۆژئاڤا، بە گرتنەبەری هەموو میکانیزمە یاسایی و دیپلۆماسییەکان، لە پێناو فشارخستنەسەر دەوڵەتی تورک و بەکرێگیراوەکانی بۆ دەست هەڵگرتن لەڕۆژئاڤا و سەپاندنی ئاشتی سەرتاسەری.
ڕاشیانگەیاندووە، ئەرکی حکومەتی هەرێمه لە چوارچێوەی ڕێکارە یاساییەکان و به گوێرهى بڕیاری پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ژمارە (٢٤)ی ساڵی ٢٠١٤، پابەندییەکانی خۆی بەرانبەر بەڕۆژئاوای کوردستان لە دابینکردنی خۆراک و پێداویستی تەندرووستی و مرۆیی جێبەجێی بکات.
لەکۆتاییدا راگەیاندراوەکەدا هاتووە، ئێمە وەك نووسەران و چالاکوان و ڕێکخراوەکانی بواری جینۆساید، بەهەموان دەڵێین ئیدی نابێت جینۆساید دوبارە ببێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش هۆشداریی بەهەمولایەك دەدەین، کە ئامانجەکانی ڕژێمی تورکیا، زەنگی سەرەتایەکی ڕوونە بۆ جینۆساید و قڕکردن و لەناوبردنی کورد لەڕۆژئاڤای کوردستان و سووریا.
ناوی ڕێكخراوەكان و چالاكوانان بەمجۆرەیە:
١- ڕێكخراوی كوردستان بێ جینۆسای-.KWG
٢- گۆڤاری تۆپزاوە ـ تایبەت بە پرسی ئەنفال و جینۆساید.
٣- ناوەندی داكۆكی پشدەر بۆ قوربانیان و جینۆسایدكراوان.
٤- تۆڕی ئایكان كوردستان ــ.IKN
٥- ڕێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كۆكوژ لە كوردستان ــ OAWMD.
٦-ڕێكخراوی چیرۆكەكانی ئەنفال.
٧- تۆڕی رێكخراوە كوردستانیییەكان له پێناو دادگای تاوانی. نێودەوڵەتی-.koncicc
٨- رێكخراوی هەڵمەتی دادپەروەری ــ .OJC
٩-ڕێكخراوی مانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالكراوان.
١٠-ڕێكخراوی دادپەروەری و ئاشتی جیهانی بۆ مافی مرۆڤ.
١١- ڕێكخراوی چاودێری كوردۆساید – چاك.
١٢- ڕۆژنامەی نوگرەسەلمان.
١٣- ڕێكخراوی جیهانێكی بێ چەكی كیمیاوی و بایۆلۆجی.
١٤- هەڵمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە كوردستان.
١٥-ڕێکخراوی داکۆکی لە قوربانیانی گۆرە بەکۆمەڵەکان.
١٦- هێمن حەسیب ــ نووسەر و چالاكوانی بواری جینۆساید.
١٧ــ عەلی مەحمود ــ نووسەر و چالاكوانی بواری جینۆساید.
١٨- عەدالەت عومەر ــ نووسەرو لێكۆڵەری بواری جینۆساید.
١٩-محەمەد حمە ساڵح تۆفیق ــ نووسەر و لێکۆڵەری بواری جینۆساید.
٢٠- د. ئیبراهیم مەلا زادە ــ نووسەرو لێكۆڵەری بواری جینۆساید.
٢١-شاخەوان شۆڕش ــ نوسەر و لێکۆڵەری بواری جینۆساید.
٢٢- هاوڕێ پێشڕەو ــ پێشمەرگەی دێرین و کەسوکاری ئەنفالکراو.
٢٣-ئەحمەد مەجید ــ چالاکوانی بواری جینۆساید و کەسوکاری ئەنفالکراو.
٢٤-هەژار هوشیار ــ لێکۆڵەری بواری جینۆساید.
٢٥-خەلیل رەحیم ــ چالاکوانی بواری جینۆساید.
٢٦-جەبار ئەحمەد ــ توێژەر لەبواری جینۆساید.
٢٧-حمە زرنگ ــ چالاکوانی بواری جینۆساید.
٢٨-هابیل ئەحمەد کەریم ــ بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی ئەنفال.
٢٩- گەردە مامە حەمە ــ چالاکوانی بواری مافی مرۆڤ.
٣٠-دلێر کەریم ــ نووسەر و چالاکوانی بواری مافی مرۆڤ.
٣١- ئیبراهیم هەورامانی ــ نووسەری بواری جینۆساید.
٣٢- سالار مەحمود ــ نووسەری بواری جینۆساید.
٣٣-هوشیار مرادخان ــ نووسەری بواری جینۆساید.
٣٤- رۆشنا جەمال مەحمود ــ چالاک و پسپۆری جینۆساید.
٣٥- ئارام هەڵەدنی ــ نووسەر و ڕۆژنامەنووس.
٣٦-ڕەشید عەلی سەعید ــ نوسەر لەبواری جینۆساید.
٣٧- مەلاشاخی ــ نووسەر لەبواری جینۆساید.
٣٨- گوڵناز عەزیز ــ نوسەری بواری جینۆساید.
٣٩- قاسم کازم ــ چالاکوانی بواری جینۆساید.
٤٠-ناجی تالیب ــ چالاکوانی بواری جینۆساید.