فەرماندەی چیاکانی بۆتان: عادل بیلیکی
دڵسۆزی و پێداگری و تایبەتمەندییەکانی لەلایەن ڕێبەرێتییەوە وەها پێناسەکرابوو: "لە ڕوواڵەتدا عادلە، بەڵام لە جەوهەردا ئەوەی هەنگاودەنێت، ڕێبەرێکە".
دڵسۆزی و پێداگری و تایبەتمەندییەکانی لەلایەن ڕێبەرێتییەوە وەها پێناسەکرابوو: "لە ڕوواڵەتدا عادلە، بەڵام لە جەوهەردا ئەوەی هەنگاودەنێت، ڕێبەرێکە".
ئەو تاکتیکی هێرش و بەرگرییەی عادل بیلیکی دژی دوژمن ئافراندی، بووە جێی ڕێزی هەمووان. دوژمن لە چیا بۆی دەگەڕا، بە هەلیکۆپتەر و فڕۆکە و تانک ئامادەکاریی دەکرد بۆ ئۆپەراسیۆن، بەڵام عادل بیلیکی لە جێگەیەکی چاوەڕواننەکراودا، واتە لە دەشتاییەکان گورزی لە دوژمن وەشاند.
ساڵانی نەوەدەکان، وەک قۆناغی بەهێزبوونی تەڤگەری ئازادیی کوردستان چووە نێو مێژووەوە، تێکۆشانی ئازادی گەل و بەرخۆدانی گەریلا یەکتریان تەواو کرد. بەتایبەت هەرێمی بۆتان لەڕووی کۆمەڵایەتی و بەرخۆدانی گەریلاوە بووە گۆڕەپانی یەکبوون لەنێو تەڤگەری ئازادییدا. بەرامبەر سیاسەتی بێ ناسنامەکردن و فشاری دوژمن، گەل خاوەنداری لە ناسنامە و ئازادیی خۆی کرد، تێکۆشانی بۆ ماف مەزنتر کرد. لەم کاتەدا، بۆتان نەوەک هەر بە چالاکی گەریلا لە کوێستانەکان، بەڵکو بە سەرهەڵدانە جەماوەرییەکان لە ناوەندی شارەکانیشدا، بووە پێشەنگی بەرخۆدان. ئەم سەرهەڵدانە لە ماوەیەکی کورتدا لە تەواوی کوردستان تەشەنەی کرد و وایکرد هەموو بەشێکی کۆمەڵگا بە بەهێزی بەشداری بکەن. لە لایەک بەرخۆدانی گەل گۆڕا بۆ ڕێکخستنی سیاسی، لە لایەکی ترەوە بوو بە نیشانەیەکی ڕوون بۆ بەهێزکردنی خاوەندارێتی لە ناسنامەی کورد و بەرزکردنەوەی هۆشیاریی وڵاتپارێزی. لەم ساڵانەدا بۆتان وەک هەرێمێکی گرنگ لەڕووی سەربازی و ستراتیژییەوە دەرکەوت. گەریلا هەم بە سەروەریی جوگرافیی خۆی و هەم بە پەیوەندی پتەو لەگەڵ گەلدا سەردەمێکی نوێیان دەستپێدەکرد. لەم سەردەمەدا عادل بیلیکی بوو بە یەکێک لە ناوە سیمبولییەکانی بەرخۆدان لە چیاکانی بۆتان. هاوڕێکەی، ڕەحیمە گابار، باسی لە فەرماندەی گەریلا عادل بیلیکی کرد کە لە ساڵی ٢٠٠٦ لە گابار شەهید بوو.
لە منداڵییەوە، خاوەن ڕۆحییەتی وڵاتپارێزی بوو
ڕەحیمە گابار لە چیای بزینان عادل بیلیکی ناسی و لەژێر فەرماندەیی ئەودا پراکتیکی گەریلایی دەست پێ کرد، ئەوەی بیرهێنایەوە کە عادل بیلیکی کە ساڵی ١٩٧٢ لە گوندی بیلیکی سلۆپی لەدایکبوو، لە تەمەنی ١٥ ساڵییەوە چووەتە ڕیزەکانی گەریلاوە، گوتی: " گەلی بۆتان بە هاوسۆزی بۆ بزووتنەوە کوردییەکان و هۆشیاریی وڵاتپارێزیی ناسراون. لە دوای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، گوندی بیلیکی پاڵپشتی لە بزووتنەوە سیاسییەکانی کورد دەکرد، و بووە گوندێکی ناسراو بە هۆشیاری نەتەوەیی و وڵاتپارێزی. بنەماڵەی هەڤاڵ عادلیش خاوەنداریان لەم بەها نەتەوەیی و وڵاتپارێزانە کرد، هەڤاڵ عادل لەنێو ژینگەیەکی وەهادا گەورە بوو، هەر لە منداڵییەوە، بووە خاوەنی ڕۆحی وڵاتپارێزی.
لە چیاکانی جودی دەستی بە گەریلایەتی کرد
هەڤاڵ عادل لە تەمەنێکی گەنجدا بەشداری ڕیزەکانی گەریلا بوو، لە چیاکانی جودی دەستی بە گەریلایەتی کرد. لەو تەمەنەدا، بە پێداگریی و دڵسۆزیی تێکۆشان، هەرزوو ئاشنای تایبەتمەندییە بێهاوتاکانی گۆڕەپانەکە بوو. یەکەم پراکتیکی گەریلایەتی، لە جوگرافیا سەختەکانی جودی ئەنجامدا و گۆڕانکاری مەزنی ئافراند. وردبوونەوەی لە ستراتیژی شەڕ و پراکتیکی وی، سەرنجی فەرماندەیی گۆڕەپانەکەی ڕاکێشا. بۆیە پەروەردە نێردرایە گۆڕەپانی ڕێبەرێتی. لە گۆڕەپانی ڕێبەرێتی لە ڕووی ئایدۆلۆژی و شەڕی گەریلاییەوە، بەشداربوو لە پرۆسەی پەروەردەی بنەڕەتی. لە قۆناغی پەروەردە کە ساڵێکی خایاند، هەڤاڵ عادل نەوەک هەر لەڕووی شەڕڤانییەوە پراکتیکی بەرەوپێش برد، هاوکات بناغەی فەرماندەیی گەریلاشی دانا. هەنگاوێکی گرنگی نا بەرەو فەرماندەیی.
دڵسۆزیی و پێداگری و پراکتیکی بەهێز
پاش تەواوکردنی قۆناغی پەروەردە، هەڤاڵ عادل لە گۆڕەپانەکە بەرپرسیارێتی جدی وەرگرت و لە ماوەیەکی کورتدا بووە فەرماندەیەکی گرنگی قۆناغەکە. دڵسۆزی و پێداگری و تایبەتمەندییەکانی لە پراکتیکی گەریلایەتییدا، لەلایەن ڕێبەرێتییەوە وەها پێناسەکرابوو: "لە ڕوواڵەتدا عادلە، بەڵام لە جەوهەردا ئەوەی هەنگاودەنێت، ڕێبەرێکە".
هەڤاڵ عادل جەستەیەکی باریک و باڵایەکی کورتی هەبوو، هەمیشە دەمبەخەندە بوو. وەک فەرماندەیەک باوەڕی بە دەوروبەرەکەی دەبەخشی، بە دەمبەخەندەییەکەی دەبووە جێی باوەڕی هەمووان، فەرماندەیەکی جدی و ستراتیژی بوو دژی دوژمن، هەرگیز سازشی نەدەکرد. هەردەم تاکتیکی شەڕی دادەهێنا، نە تەنها بە تێکۆشان، بەڵکو بە مێشکە ستراتیژییەکەشی دەناسرایەوە.
هەڤاڵ عادل، دوای گەڕانەوەی لە گۆڕەپانی ڕێبەرێتی، لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بەشداربوو لە پراکتیکی شەڕەوە. ئەو تاکتیکی هێرش و بەرگرییەی عادل بیلیکی دژی دوژمن ئافراندی، بووە جێی ڕێزی هەمووان. دوژمن لە چیا بۆی دەگەڕا، بە هەلیکۆپتەر و فڕۆکە و تانک ئامادەکاریی دەکرد بۆ ئۆپەراسیۆن، بەڵام عادل بیلیکی لە جێگەیەکدا کە دوژمن چاوەڕوانی نەدەکرد، واتە لە دەشتاییەکان گورزی لە دوژمن وەشاند. پراکتیکی داهێنەرانەی شەڕی ئەو، بووە هۆی ئەوەی نەوەک لەنێو هەڤاڵەکانی، بەڵکو لەبەرچاوی دوژمنیشدا ببێتە فەرماندەیەکی جێگەی ڕێز. پێش دەستپێکردنی هێرش، زانیاری جۆراوجۆری دەربارەی ئامانجەکەی کۆ دەکردەوە، بۆ چەند ڕۆژ ئەم زانیارییەی هەڵدەسەنگاند، لەسەر ئەمەش تاکتیکی دادەڕشت. لە هەر گوندێکدا بە گەرمی لەلایەن گەلەوە پێشوازی لێ دەکرا و دەبووە جێگەی ڕێز. لەو گوندانەی پێکەوە دەچووین، بۆ پاراستنی گوندنشینان، زۆر بە عاقڵانە و دیسپلین، گرووپەکانی گەریلای نیشتەجێ دەکرد. بەهۆی ئەم نزیکایەتییەوە لەناو گوندنشینان زۆر خۆشەویست بوو.
گوێبیستی ڕەخنە و گلەییەکانی گوندنشینان دەبوو
هەڤاڵ عادل بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لەگەڵ هاوڕێکانیدا بۆ بڕیاردان و بەرهەمهێنانی کاریگەرترین تاکتیک، تێبینییەکانی دەربارەی گۆڕەپانەکە تاوتوێ کرد. هەمیشە گوێی لە ڕەخنە و گلەیی گەل دەگرت، و بەو پێیە ستراتیژی دەئافراند. بە هاوسۆزیی بۆ شەڕڤانەکانی، بە بەشداریکردنیان لە هەموو بڕیارێکدا، فەرماندەیەکی جیاواز بوو. لەبەرئەوەی باوەڕی پێیان دەدا و هاندەریان بوو، هەڤاڵ عادل بوو بە جێگای ڕێز و حورمەتی گەریلا.
هەستیاریی مەزن بۆ بەرپرسیارێتی
جارێک بۆ هەڵکوتانەسەرێک لە چیای بزینا لەگەڵ بەرپرسی هەرێمی دێر، هەڤاڵ فازڵ بۆتان کۆبووەوە. دوو فەرماندەی ئەفسانەیی مێژووی پەکەکە، پێکەوە پلانی ئەم چالاکییە چارەنووسسازەیان دانا. هەردوو فەرماندەکە پێش چالاکییەکە دژی بنکە سەربازییەکە، داتاکانی چالاکییەکەیان بەشێوەیەکی بەرفراوان لەگەڵ یەکینەکانیان تاوتوێ کرد. تاوەکو بەگوێرەی داتاکان، پلانی چالاکییەکە دابنێن، بە بەردەکانی بنکەکە نموونەیەکی درووستکرد و تاکتیکی شەڕەکەیان بە پراکتیکی بۆ گەریلا شرۆڤە کرد. پاش ئامادەکاریی چەند ڕۆژە، لەگەڵ چالاکییەکی سەرکەوتوودا، دەیانویست گەریلا بەسەلامەتی چالاکییەکە ئەنجام بدەن. بۆ ئەوەی یەکینەکانی هەردوو فەرماندەکە زیانیان پێ نەکەوێت، بە شەو و ڕۆژ کاریان لەسەر تاکتیکی گەریلا کرد. هەڤاڵان عادل و فازڵ بۆتان، بەم پلانسازییە هەستیارە، دەریانخست چەند بە بەرپرسیارێتییەوە نزیکی گەریلاکان دەبنەوە.
پشتگیری بۆ گەریلا ژنەکان
من وەک گەریلایەکی ژن، بە فەرماندەیی هەڤاڵ عادل دەستم بە پراکتیکی سەرەتام کرد. ئەوکاتە بۆ گەریلا ژنەکان قۆناغێکی زەحمەت بوو. لە چەند ڕووەوە کێشە هەبوون. هەڤاڵ عادل ئەوکات یەکێک بوو لەو فەرماندانەی دەیزانی دەبێت ژنان بەشێک بن لە تێکۆشان و گرنگی هەبوونی گەریلا ژنەکانی دەزانی. بۆ من هەم بەهایەکی گەورەیە و هەم ئەزموونێکی لەبیرنەکراو کە لە ژێر فەرماندەیی ئەودا دەستم بە تێکۆشان کرد. هەڤاڵ عادل بایەخێکی زۆری بە بوونی گەریلای ژن دەدا، هەم لە پەروەردە و هەم لە پراکتیکی شەڕدا. یەکێک بوو لە یەکەم فەرماندەکان کە درکی بەوە کرد کە گەریلای ژن هێزێکی بنەڕەتییە بۆ بەهێزکردنی تەڤگەرەکە. ئەو پێی وابوو پێویستە کە ژنان نەک تەنها لە شەڕدا بەڵکو لە هەموو پرۆسەی بڕیارداندا ئامادەبن. گوێی لە بۆچوونی ئەوان دەگرت، بە گرنگ زانی و هەوڵی دەدا لەڕێگەیانەوە سەرکەوتنی گەریلا بەدەست بهێنێت.
فەرماندەیەکی لەبیرنەکراو بوو
هەڤاڵ عادل لە پراکتیکی شەڕدا بە تاکتیکە نوێیەکانی و ستراتیژە تایبەتەکانی لە کۆنتڕۆڵکردنی گۆڕەپاندا، لە مێژووی پەکەکەدا بوو بە فەرماندەیەکی ئەفسوناویی. نەوەک تەنها بە بوێرییەکەی بەرامبەر دوژمن، هەروەها بە هەڵوێستە بەرخۆدەرەکەی بەرامبەر ئاستەنگە ناوخۆییەکان، بووە فەرماندەیەکی لەبیرنەکراو. بەتایبەت لە پرۆسەی تەسفیەدا، بۆ پاراستنی یەکێتی و ڕێگرتن لە دابەشبوون، هەڵوێستێکی پێداگرانەی نیشاندا بەرامبەر پشێویی ناوخۆیی".