رێبەر ئاپۆ: سەرخستنی پرۆسەکە پێویستی بە بەشداربوونی ئەرێنی هەیە

ئەندامانی شاندی دەم پارتی پەروین بوڵدان و سڕی سورەیان ئۆندەر کە دوێنێ دیداریان لەگەڵ رێبەر ئاپۆ ئەنجامدا، راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە.

ئەندامانی شاندی دەم پارتی پەروین بوڵدان و سڕی سورەیا ئۆندەر کە لەگەڵ رێبەر ئاپۆ دیداریان ئەنجامدا، سەبارەت بە دیدارەکە ئەم راگەیەندراوەیان بڵاوکردەوە:

"لە ٢٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤دا لە ئیمراڵی ئێمە لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان دیدارێکی تێر و تەسەلمان ئەنجامدا. تەندروستی ئەو باش بوو، ورەی ئەو زۆر بەرزبوو. هەڵسەنگاندنەکانی بۆ چارەسەرییەکی هەمیشەیی بۆ پرسی کورد زۆر گرنگ بوون.  

لە دیدارەکەدا پێشهاتەکانی ئەم دواییەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیا هەڵسەنگێندران. بەڕێز ئۆجالان لە بەرامبەر سیناریۆکانی ئایندەیەکی تاریک کە دەسەپێندرێن، پێشنیازی چارەسەری ئەرێنی پێشکەش کرد.

ئەندێشە و هەڵوێستی ئەو بە گشتی لەم چوارچێوانەدان:

-بەهێزکردنی خوشک و برایەتی تورک-کورد هەم بەرپرسیارێتی مێژوویە، هەمیش بۆ چارەنووسی گەلان زۆر گرنگ و پێویستە.

-بۆ ئەوەی پرۆسەکە سەربکەوێت پێویستی بەوە هەیە کە هەموو لایەنە سیاسیەکان لە تورکیا لێکدانەوەی بەرتەسک و کاتی بخەنە لایەک، دەستپێشخەرانە بجوڵێنەوە، بەشێویەکی بە پرەنسیپانە مامەڵە بکەن و بەشدارییەکی ئەرێنییان هەبێت. یەک لە بوارەکانی ئەو بەشدارییەش بێگومان ئەنجومەنی گەورەی نەتەوەیی تورکیا (TBMM)یە.

- ئەو رووداوانەی لە غەزە و سوریا روویاندا ئەوەیان نیشاندا کە بە دەستوەردان لە دەرەوە هەوڵ دەدرێت ئەو کێشانە بکەنە گەنگەرین و برینی قووڵی هەمیشەیی. هەربۆیە چارەسەری ئەو کێشەیەش گەیشتووەتە ئاستێک لە چیتر نابێت دوابخرێت. بۆ ئەوەی کارێک بە گوێرەی ئەو هەستیاری و جدییەتە بکرێت و بگەیەندرێتە ئەنجام و سەرکەوتن، بەشداری و پێشنیازەکانی ئۆپۆزسیۆنیش بەنرخ و سەنگینن.

-من خاوەن ئەو هێز و پێداگرییەم کە بە شێوەیەکی ئەرێنی بەشداری پێویست لەو پاڕادایمەدا بکەم کە بەڕێز باخچەلی و بەڕێز ئەردۆغان هێزیان پێبەخشیوە.

-شاندەکە ئەم هەڵوێستەی من دەگەیەنێتە دەوڵەت و لایەنە سیاسیەکان. لەو چوارچێوەدا ئامادەم کە هەنگاوی پۆزێتیڤ و پێویست هەڵبگرم و بانگەوازی پێویست بکەم.

-هەموو ئەو هەوڵانەمان وڵاتەکە دەگەیەنێتە ئەو ئاستەی کە شایەنیەتی و لە هەمان کاتدا بۆ وەرچەرخانێکی دیموکراتیک دەبێتە رێنیشاندەرێکی زۆر بەنرخ و هێژا.

-سەردەمەکە بۆ تورکیا و هەرێمەکە سەردەمی ئاشتی، دیموکراسی، خوشک و برایەتییە.

لەگەڵ رێز و حورمەت بۆ رای گشتی".