کەجەدەکە_ئە: با ساڵی ٢٠٢٥ بکەینە ساڵی "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد"

کەجەدەکە_ئە ساڵی نوێی لە هەموو مرۆڤایەتی پیرۆز کرد کە بۆ ئازادی و یەکسانی و دیموکراسی تێدەکۆشن، گوتی: "بۆ ئەوەی ساڵی ٢٠٢٥ بکەینە ساڵی "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" بانگەواز لە هەمووان دەکەین سەفەربەر بن".

پەیامی ساڵی نوێ

کۆنگرەی کۆمەڵگە دیموکراتیکی کوردستانیان لە ئەوروپا (کەجەدەکە_ئە) بەبۆنەی ساڵی نوێوە پەیامێکی بڵاوکردەوە.

کەجەدەکە_ئە تیشکی خستەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە ئامانجی قڕکردنی بەهاکانی گەلی کورد و توندکردنەوەی گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ.

ئاماژە بەوە دەکات مەترسی داگیرکاری بۆ سەر شەنگال و مەخموور بەردەوامە و هێرشەکانی قڕکردن بۆ سەر ڕۆژئاوا زیاتربوون. دەڵێت: " لە ساڵی ٢٠٢٤ پەدەکە هاوکاری خۆی بۆ کۆماری تورکیا زیاتر کرد، دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەسایەی خیانەت و هاوکاری پەدەکە، ڕێگەی بۆ داگیرکردنی باشوور و ڕۆژئاوا خۆشکرد و هیواکانی بۆ داگیرکردنی تەواوی کوردستان زیاتر کرد. بۆیە هەموو جۆرە چەکێکی کیمایی و قەدەغەکراو بەکاردەهێنێت".

هەروەها تیشک دەخاتە سەر فراوانبوونی هەڵمەتی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ لە ساڵی ٢٠٢٤. هەروەها ئاماژە دەکات بە کۆمەڵکوژی غەززە و مردنی دەیان هەزار کەس هاوشان لەگەڵ تەشەنەسەندنی جەنگی جیهانیی سێیەم لە جیهاندا.

هاوکات تیشک دەخاتەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوا پاش ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد بە ئامانجی لەناوبردنی دەسکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا. وە ئاماژە دەکات بە بەرخۆدانی گەل دژی ئەم هەڕەشە و مەترسییانە.

کەجەدەکە_ئە ساڵی نوێ لە گەلی کوردستان و دۆستەکانیان و هەموو ئازادیخواز و یەکسانیخواز و دیموکراسیخوازێک پیرۆز دەکات و دەڵێت: ""بۆ ئەوەی ساڵی ٢٠٢٥ بکەینە ساڵی "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" بانگەواز لە هەمووان دەکەین سەفەربەر بن و تێکۆشان مەزن بکەن".