هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی، تولای حاتیموغولاری، بەشداریی چالاکییەکەی ناوچەی پرسووسی ڕحای کرد، کە لە دژی هێرشە داگیرکارییەکان بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەرێوە دەچێت. لە چالاکییەکەدا زۆربەی کەسایەتی و لایەنە سیاسیەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەشدارییان کرد.
دوای ڕێپێوانەکە بەیاننامەیەک خوێندرایەوە. پاش وتارەکەی چیگدەم کلچگون ئوچار، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی تولای حاتیموغولاری رایگەیاند: "هەر چەمکێک کە گەلی کورد و عەرەب لە سوریا لەبەر چاو نەگرێت، ناتوانێت درێژە بە بوونی خۆی بدات. ئێمە سەرەڕای ئاستەنگیەکان ڕێپێوانەکەمان ئەنجامدا. سڵاو لە کۆبانێ دەکەین. تا ئەو کاتەی هەڕەشەکان بۆ سەر کۆبانێ و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەردەوام بن، پشتیوانی گەلی کورد و دۆستانی و هێزەکانی دیموکراسی بەردەوام دەبێت. گەلی کورد لە دوای شەڕی ٢٠١١ەوە ستاتۆی ڕۆژئاوای بەرهەم هێناوە و پاراستوویە. پێویستە هەموو جیهان ئەمە بزانێت؛ ڕۆژئاوا هەرێمێک نییە وەک ئەوەی میدیاکان وێنای دەکەن. لە ڕۆژئاوا ژنان بەشداری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرین، سیستەمی هاوسەرۆکایەتی و نوێنەرایەتی یەکسانیان خوڵقاندووە. هەروەها پەیماننامەیەکی کۆمەڵایەتی دروستکراوە کە دان بە هەبوونی شوناسی مرۆڤەکان و بیروباوەڕەکاندا دەنێت. دژی نوسرە و داعش و قاعیدە، تێکۆشانێکی یاسایی بەهێزی بەڕێکخستن کردووە.
گەلی هێژامان؛ ئێمە بە جۆشێکی مەزنەوە بەو شاندەی کە چوون بۆ ئیمرالی و لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان کۆبوونەوە، ئێمەش لێرە کۆبووینەوە. شاندەکەمان سڵاوی بەڕێز ئۆجالانیان بۆ هێناون. شاندی ئیمرالی دەم پارتی لە ئێستادا لە پەرلەمان کۆبونەوە ئەنجام دەدەن. دوای کۆبوونەوەکان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، لێدوانێکی ورد ڕادەگەیەندرێت. ئێمە زۆر باش تێدەگەین پەیامی ئیمرالی پەیامی ئاشتی و چارەسەرییە. بێگومان تێکۆشانی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان گەیشتە ئەمڕۆ. ئەگەر ئەمڕۆ لە ئیمرالیە دیدار ئەنجامدرا، ئەوە لە سایەی بەرخۆدانی گەلەکەمانەوەیە. داواکارم لە هەمووتان هەتا پڕۆسەی ڕۆژئاوا ڕوون دەبێتەوە و گفتوگۆکانی ئیمرالی دەگاتە ئاستێک بەردەوام بن لە تێکۆشان. ئەگەر لە هەموو بوارێکەوە خاوەنداری لەم تێکۆشانە بکەین، بە دڵنیاییەوە سەردەکەوین.
بۆیە چ لە تورکیا و چ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جگە لە ئاشتی و چارەسەری هیچ بژاردەیەکی ترمان لەبەردەستدا نییە. بەڕێز ئۆجالان شەو و ڕۆژ لەسەر ئەم بژاردەیە لە ئیمرالی تێدەکۆشێت و ئێمەش لەسەر بنەمای دیموکراتیک درێژە بە تێکۆشانمان دەدەین."