باقرخان: گەر یەکبگرین، ئۆجالان و گەل ئازاد دەبن

هاوسەرۆکی دەم پارتی تونجەر باقرخان گوتی: "گەر یەکبگرین، ڕۆژئاوا دەبێتە خاوەنی ستاتۆ، عەلەوییەکان بەشێوەیەک ئازاد دەبن، دەرگاکانی ئیمراڵی دەکرێنەوە، بەڕێز ئۆجالان و گەلانی تورکیا یەکدەگرن. ناچارین دەنگی خۆمان هەڵبڕین".

هاوسەرۆکانی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تولای حاتەم ئۆغۆللاری و تونجەر باقرخان لەبەردەم بینای دەم پارتی لە هاتای کۆبوونەوە. نوێنەری ڕێکخراوەکان بەشداری کۆبوونەوەی گەل بوون.

هاوسەرۆکی کۆمەڵەی عەلەوییە دیموکراتیکەکان (داد) زەینەل کەتە، ئەندامی بەڕێوەبەری ناوەندی پارتی ڕەنج (ئەمەپە) خەلیل ئەمرەک، هاوسەرۆکی پارتی سۆسیالیستی بندەستان (ئەسەپە) دەنیز ئاکتاش، ئەندامی فیدراسیۆنی ئەنجوومەنە سۆسیالیستییەکان ئۆیا نوری قسەیان کرد.

"ناچارن ستاتۆی کوردان قبووڵ بکەن"

پاشان هاوسەرۆکی دەم پارتی تونجەر باقرخان قسەی کرد، گوتی: "سەدەیەکە کورد لە ڕۆژئاوا بێ ناسنامە بوون. بەڵام ئەگەر هێشتاش بێ ناسنامەبوون بسەپێنن، ئێمە قبوڵی ناکەین. ڕژێم لە سوریا گۆڕا، بەڵام ئێستا دەبێت سیستەمێکی دیموکراتیک دابمەزرێت. کورد لە ڕۆژئاوا بەرامبەر دڕندەیی داعش بەرخۆدانیان کرد و ئێستا بە ئازادی دەژین. ڕژێمی داهاتوو ناچارە دان بە ستاتۆی ڕۆژئاوا و گەلی کورددا بنێت. ناچارە دان بە گەلاندا بنێت. ئەگەر ئەو کارە نەکات شەڕی سەد ساڵە بەردەوام دەبێت".

"دەتوانین بە تێکۆشانی بەهێز ئەنجامی باش بەدەست بهێنین"

باقرخان تیشکی خستەسەر دیدارەکان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ، گوتی: "دەتوانین ئاشتی بەدی بهێنین. هۆکاری هەژاری لە وڵات ئەو داهاتەیە کە بۆ شەڕ خەرج دەکرێت. بە تێکۆشانێکی بەهێز، دەتوانین دەسەڵات ناچاربکەین بە ئاشتی. ئەگەر لەم پرۆسەیەدا بێدەنگ بین، دەوڵەت سیاسەتی خۆی لەسەرمان دەسەپێنێت، بۆیە ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتیەی لەم پرۆسەیەدا دەکەوێتە سەر شانمان بە ڕای گشتی ڕادەگەیەنین".

ناڕەزایەتی بەرامبەر هێرشکردنە سەر عەلەوییەکان

باقرخان تیشکی خستەسەر هێرشکردنە سەر عەلەوییەکان لە سوریا، داوای لە دەسەڵات کرد پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا بەکاربهێنن و کۆمەڵکوژی عەلەوییەکان بوەستێنن، تاوەکو کورد و عەلەوی و هەموو پێکهاتەکان وەک هاوڵاتی یەکسان سەیربکرێن، گوتی: "گەر یەکبگرین ڕۆژئاوا ستاتۆیەک بەدەست دەهێنێت، عەلەوییەکان بە ئازادی دەژین، دەرگاکانی ئیمراڵی دەکرێنەوە، بەڕێز ئۆجالان و گەلانی تورکیا یەکدەگرن".