دایکانی شەممە داوای ڕوونکردنەوەی چارەنووسی ئایهان و عەلی ئەفەئۆغڵو کرد

دایکانی شەممە/چالاکانی شەممە کۆبوونەوە و داوای ڕوونکردنەوەی چارەنووسی برایان ئایهان و عەلی ئەفە ئۆغڵویان کرد.

دایکانی شەممە/چالاکانی شەممە هەموو هەفتەیەک لە گۆڕەپانی گالاتاسارای کۆدەبنەوە و لە چارەنووسی کەسوکارە بێسەرو شوێن کراوەکانیان دەپرسن کە لە کاتی دەستگیرکردندا بۆ هەمیشە ون بوون یان کوژراون و لێپێچینەوە لە تاوانباران ناکرێت و چارەنووسی بێسەوشوێن کراوانیش ڕوون ناکرێتەوە.

لە ١٠٣٢ هەمین چالاکی ئەم هەفتەدا دایکانی شەممە کە لە گۆڕەپانی گالاتاسارای بە دەستە گوڵ و وێنەی بێسەروشوێنەکانەوە کۆبوونەوە، پرسیاری روونکردنەوەی چارەنووسی برایان ئایهان و عەلی ئەفەئۆغڵویان کرد. هەروەها بەشێکی زۆر لە کەسوکاری بێسەروشوێنەکان و چالاکانی مافی مرۆڤیش لە چالاکییەدا بەشدار بوون و بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانی خوێندرایەوە.

دوو برا بێسەروشوێن کراون

ئۆیا ئەرسۆی باسی لەوەکرد کە ئایهان ئەفەئۆغڵو لە ٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٢ لە بەردەم زانکۆی تەکنیکی یڵدز لەلایەن پۆلیسەوە کە جلوبەرگی مەدەنیان لەبەردا بووە دەستگیرکراوە و دوای گواستنەوەی بۆ ناوەندی دژەتیرۆری ئەستەنبوڵ هیچ زانیارییەکی زیاتر لەسەر چارەنووسی نەدراوە. ئۆیا ئەرسوی ڕایگەیاند، دوای ٢ ساڵ لە دیارنەمانی ئایهان ئەفە ئۆغڵو، عەلی ئەفە ئۆغڵو برای لە ٥ی کانوونی دووەمی ١٩٩٤ لە نزیک پێندیکا لە ئەستەنبوڵ دەستگیرکراوە و لەو کاتەوە ئەویش بێسەروشوێنە. بنەماڵەکەی نەیانتوانیوە ئایهان بدۆزنەوە، بۆ دۆزینەوەی عەلی ئەمجارە ڕوویان کردە داواکاری گشتی ئەستەنبوڵ، بەڵام لێکۆڵینەوەیەکی جددی لەوبارەی دیارنەمانی ئایهان و عەلی ئەفەئۆغڵو نەکراوە. لە کۆتاییدا بە هۆی تێپەڕبوونی کات بە بێ هیچ ئەنجامێکی دیار لێکۆڵینەوەکە بۆ هەمیشە داخرا.

ئۆیا ئەرسۆی بەبیری هێنایەوە کە لە ساڵی ٢٠١١ ئایهان چارکین، ئەفسەری پێشووی پۆلیسی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان، ڕایگەیاندبوو کە ئایهان ئەفە ئۆغڵو لە کاتی لێکۆڵینەوە و لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژراوە و وتی: "ئایهان چارکین لە دانپێدانانەکەیدا وتی کە من بە دەستی خۆم ناشتم". ئایهان چارکین ناوی ئەو پۆلیسانەی هێناوە کە ئەشکەنجەی ئایهان ئەفەئۆغڵویان کردووە. دوای ئەم دانپێدانانە، بنەماڵەی ئەفە ئۆغڵو داوای کردنەوەی دۆسیەکە و لێکۆڵینەوەیەکی کاریگەر و سەربەخۆیان کرد بۆ دۆزینەوەی شوێنی ناشتنی ڕۆڵەکانیان. هەروەها داوای دادگاییکردنی ٨ پۆلیسیان کردووە کە لە لقی دژە تیرۆری بەشی پۆلیسی ئەستەنبوڵ ئەو تاوانەیان ئەنجامداوە. پاشان بە ئاماژەدان بە دادگای مەدەنیی بورسا بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکان لەسەر وەزارەتی ناوخۆ سکاڵای یاساییان لەسەر وەزارەتی ناوخۆ تۆمار کرد و ڕایانگەیاند کە دوای دانپێدانانەکانی ئایهان چارکین، دەرکەوت کە کوڕەکانیان بە ئەشکەنجە کوژراون. لە وەڵامی دادگادا، وەزارەتەکە ڕایگەیاند کە گۆڕی ئەو کەسانەی کە دەوترێت دیارنەماون لە ئەستەنبوڵن و داوای کردووە دۆسیەکە ڕەوانەی ئەستەنبوڵ بکرێت. سەرەڕای هەموو ئەمانە تا ئێستا هیچ لێکۆڵینەوە و کەیسێک نەکراوەتەوە و ڕاستییەکان هێشتا ئاشکرا نەکراون. بەڵام ئێمە سوورین لەسەر داواکارییەکەمان و دەبێت چارەنووسی برایان ئایهان و عەلی ئەفەئۆغڵو ئاشکرا بکرێت و دادپەروەری جێبەجێ بکرێت.

جێی ئاماژەیە چالاکییەکانی ئەم هەفتەیە بە دانانی گوڵ لە ناوچەی دەور پێچکراو کۆتایی هات.