بە مەراسیمێک "سروودی هەڵەبجەی یار" بڵاوکرایەوە

سروودی هەڵەبجەی یار کە سرودێکی کەلتووری و فەرهەنگییە، وەک سیمبوڵی کولتووری هەڵەبجە دیاری دەکرێت، بە مەراسیمێکی تایبەت لە شاری هەڵەبجە بڵاوکراوەیە.

ئێوارەی ئەمڕۆ بۆردی دۆكیۆمێنتكردنی مێژووی هەڵەبجە، بەهاوكاری ڕێكخراوی دۆستانی هەڵەبجە، لە هۆڵی مۆنۆمێنتی شەهیدانی شارەكە، لە مەراسیمێکی تایبەتدا سروودی هەڵەبجەی یار بڵاو كرایەوە كە تایبەتە بە ئاشتیی و ئاوەدانیی و پێكەوەژیان لە شارەكەدا. سروودەكە دەبێتە ناسنامەیەكی شارەكە و لەناوەندە پەروەردەی و كۆڕو كۆبونەوەی گشتیەكانی شارەكەدا بەكاردەهێنرێت.

لە مەراسیمەکەدا ژمارەی زۆر لە خەڵکی هەڵەبجە، ڕۆشنبیران، هونەرمەندان و کەسوکاری شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە ئامادەبوون.

لە چالاکییەکەدا ئاماژە کرا بەوەی سرودەکە باسی هەموو شتێكی هەڵەبجە دەكات، هەموو هێما و سیمبولەکانی لە پێكهاتەی جافەكان، ١٣ ماڵە، شاری شاعیران و ئاشتی و پێكەوە ژیان، هەموو ئەوانە لەناو سروودەكە كۆبووەتەوە، ئامانج لەم كارە بۆ ئەوەیە  هەڵەبجەش سروودێكی تایبەت بەخۆی هەبێت، بەجۆرێك بێت بچێتە ناو سیستەمی پەروەردەوە، هەمومان لە یاد و كۆبوونەوەكاندا بیڵێنەوە.