لە کەرکوک چالاکییەکی هونەری دەربارەی هونەری مەقام بێژی ڕێکخرا

بە دروشمی "پێکەوە بۆ زیندووکردنەوە میراتی مەقامی عێراقی" لە شاری کەرکوک چالاکییەکی هونەری مەقام بێژی سازکرا.

مێژووی مەقام بێژی لە شاری کەرکوک و ناوچەی گەرمیان لە باشوری کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ پێش ساڵانی ١٧٠٠کان، لە ساڵانی ١٨٠٠کان لە ناوچەکانی لەیلان و حەفتەغاری سەر بە کەرکوک زۆر مەقام بێژی تێدا بووە، کە مەلا وەلی یەکێک بووە لە مەقام بێژە بەناوبانگەکانی ئەو سەردەمەبووە، هەروەها لە ساڵانی ١٩٠٠کان هونەرمەندی گەورەی گەلی کورد عەلی مەردان پەیدابوو و پاشان سەڵاح داودە و حوسێن عەلی پەیدابوون، بۆیە دەتوانین بڵێین مێژووی مەقام بێژی لە شاری کەرکوک زۆر کۆنە و وەکو هونەرمەندانی مەقام بێژ دەلێن "کەرکوک پایتەختی مەقام بێژییە".

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، لە ماڵی مەقامی عێراقی لە قشلەی شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی "ماڵی مەقامی عێراقی" بۆ بووژاندنەوەی و زیندووکردنەوە میراتی مەقام لە کەرکوک، لەژێر دروشمی "پێکەوە بۆ زیندووکردنەوە میراتی مەقامی عێراقی" هەستا بە سازکردنی چالاکییەکی هونەری مەقام بێژی بۆ کۆمەڵێک لە مامۆستایانی مەقام بێژی سەرجەم پێکهاتەکانی شارەکە.

چالاکییەکە لەلایەن ماڵی مەقامی عێراقی سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری عێراق بەشی هونەری میوزیکی سازکرا، هەروەها لە چالاکییە هونەریەکەدا ژمارەیەک لە هونەرمەندانی سەرجەم پێکهاتەکانی شارەکە ئامادەبوون و بە هەر سێ زمانی کوردی، تورکمانی و عەرەبی مەقامیان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

"مەقام میرات و کلتورێکی جوانی کەرکوکە"

عادل محەمەد سلێمان مامۆستا و هونەرمەندی مەقام بێژییە و ماوەی ٢٨ ساڵە خەریکی مەقام بێژییە، هەروەها لە چالاکییەکەدا مەقامی پێشكەش بە ئامادەبوون کرد، ناوبراو سەبارەت بە هونەری مەقام بێژی لە شارەکە، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ووتی: "هونەری مەقام میرات و کولتوورێکی جوانە لەم شارەدا بۆ نەتەوەکان ماوەتەوە بەبێ جیاوازی، بەڵام بەداخەوە هیچ کام لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق خزمەتی ئەم هونەرە ناکەن و پاڵپشتی هونەرمەندان ناکەن تاوەکو بتوانین زیاتر پەرە بەم هونەرە بدەین، ئەگەر لایەنی پەیوەندیدار پاڵپشتی ئەم هونەرە بکات ئەوە ئەتوانین لاوان فێر ئەم هونەرە بکەین و بیپارێزین لە لەناوچوون، ئێمە لەگەڵ ژمارەیەک مامۆستای مەقام بێژی لەم شارە خزمەتێکی زۆرمان پێشکەش بەم هونەرە کردووە، لەوانەش "میقداد محەمە، محەمەد ڕەئوف و مامۆستا وەجدی مەقام بێژ".

"کاردەکەین بۆ پاراستنی ئەم هونەرە ڕەسەنە"

هەروەها عادل محەمەد لەدرێژەی قسەکانیدا ووتیشی: "ئەگەر ئەم پشتگوێ خستن و بێخزمەتییەی مەقام بەردەوام بێت ئەوە دەنگی هونەری مەقام لە کەرکوک کز دەبێت، هیوادارین لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵبدەن ئەم میراتە بیپارێزن کە میراتی هەموو پێکهاتەکانی شاری کەرکوکە ، لە ساڵی ١٩٩٧ەوە ئەم ناوەندەمان زیندووکردەوە بەڵام بەداخەوە پشتگوێ خراین، بەداخەوە لەئیستادا لە بینایەکی نیمچە ڕووخاو کاردەکەین بۆ پاراستنی ئەم هونەرە ڕەسەنە".

" هونەری مەقام بێژی زیندوو بکەینەوە"

لەلای خۆیەوە، ئەحمەد فایق ڕەشید بەڕێوبەری ماڵی مەقامی عێراقی، سەبارەت بە چالاکییەکە ڕایگەیاند: "ئێمە وەکو ماڵی مەقامی عێراقی کاری ئێمە لەچوارچێوەی هونەری فۆلکلۆری میراتییە، لەپێناو پاراستنی میراتی مەقام بێژی هەمیشە هەوڵمانداوە کە بەشداری لە تەواوی بۆنە و ڤستیڤاڵەکان دەکەین، هەمیشە هەوڵدەدەین گەنجان بێنینە ناو ئەم هونەرە، ئەم ناوەندە هونەریەش پێویستی بە پاڵپشتی هەیە تاوەکو بتوانین میراتی ئەم هونەرە زیندوو بکەینەوە".

"فرە زمانی لە مەقام بێژی هونەرەکەی زیاتر دەوڵەمەند کردووە"

لە کۆتایی قسەکانیدا ئەو بەڕێوبەرەی ماڵی مەقامی عێراقی ووتیشی: "هونەری مەقام بێژی لە شاری کەرکوک گرنگی خۆی هەیە چونکە لەم شارە بە زمانەکانی هەر سێ نەتەوەی، کوردی، تورکمانی و عەرەبی مەقام ئەچڕن ئەمەش وایکردووە مەقاماتی کەرکوک دەوڵەمەندتر بێت، لەوانەش هونەرمەندی گەورە عەلی مەردان کاریگەری زۆری هەبوو لە دەولەمەند کردنی میراتی هونەری مەقام بێژی."