لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا ٤ چەتەی داعش دەستگیرکران

دەزگای دژە تیرۆری عێراق و دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دژی چەتەکانی داعش ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان ئەنجامدا. لە ئەنجامدا ٤ چەتەی داعش دەستگیرکران.

دەزگای ئاسایشی عێراق ڕایگەیاند: " بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای دژەتیرۆری عیراق و دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان چوار چەتەی داعشمان دەستگیر كرد، كە بەپێی مادەی ٤ـی تیرۆر داواكراو بوون و دوانیان پسپۆڕی تەکنیکی لە دروستکردنی مووشەکی کاتیۆشا بوون."

لە درێژەدا هاتووە: "بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان، ئەو چوار چەكدارەی داعش بە بەڵگەنامەی ساختە هاتوچۆیان کردووە، هەروەها خۆیان لە چاودێری ئەمنیی دزیوەتەوە و دوانیان لە دەستەی پەرەپێدان و پیشەسازی سەربازیی، سەر بە ڕێكخراوی داعشن، کە لە ویلایەتی بەناو ئەنبار وەک پسپۆڕی تەکنیکی لە دروستکردنی مووشەکی کاتیۆشا کاریان کردووە، کە بۆ ئامانجگرتنی هێزە ئەمنییەکانمان بەکارهێنراون. تۆمەتبارەکانی دیکە سەر بە ویلایەتەکانی بەناو نەینەوا و دیجلە بوون و بەشدارییان لە هێرشی تیرۆریستی ڕاستەوخۆ دژی هێزە ئەمنییەکان و هاوڵاتیانی بێتاوان کردوە".