جێگری سەرۆکی گشتی پارتی (إرادة جيل) و پەرلەمانتاری پێشوو، ڕەجەب هیلال حەمیدە دەربارەی سیاسەتی تورکیا لە سوریا و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.
لە چەندین وتاردا تیشکتان خستووەتەسەر مەترسی دەستوەردانەکانی ڕژێمی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئایا ئەو مەترسییانە چین کە باسی دەکەن؟
نابێت هیچ وڵاتێکی عەرەبی دەستوەردانی دەرەکی قبووڵ بکات. ئەوەی ماوەیەکی زۆرە دەوڵەتی تورک دەیکات ئەوەیە، دەیەوێت لەژێر ناوی ئیسلامەتیدا دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی عەرەبی بکات. هۆکاری نیگەرانییەکانی من ئەوەیە، دەسەڵاتی ئێستەی تورکیا خاوەن میراتێکی ئایدۆلۆژییە.
مەبەستتان لە میراتی ئایدۆلۆژی چییە؟
بۆ نموونە دەوڵەتی تورک دەیەوێت گرووپەکانی وەک ئیخوان و ئامانجەکانیان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، لە هەموو وڵاتێک بێنێتە دی. ئەردۆغان دەیەوێت ڕاستییەکانی ئەو وڵاتانە بێ ناوەڕۆک و بێ جەوهەر بکات. بیرمان نەچێت، ئەردۆغان پێشتر لە پارتەکەی ئەربەکان سەرکردەیەکی ناودار بوو.
سەرکردەکانی تورکیا دەیانەوێت ئەرکەکانی میراتنی عوسمانی بەدی بهێنن. ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بەدەستی عەرەبەکان و شۆڕشی عەرەبەکان ڕووخا. بۆیە ئەمەی کردووەتە بیانوویەک و هەوڵی گەڕانەوەی میراتی عوسمانی دەدات و هەموو کارێک دەکات بۆ سەروەربوون بەسەر وڵاتانی عەرەبی. بەتایبەت ئەم هەوڵە لە سوریا و عێراق دەبینرێت. ئێستە لە دەریای سور و سۆماڵ و ئەسیوبیا و لیبیا و سودان هەوڵی پاوانخوازی هەیە و ئەمە ناشاردرێتەوە.
ئەوانەی کە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکانی ١٥ یان ٢٠ ساڵی ڕابردوو دەکەن، ناتوانن چاوپۆشی لە هەوڵەکانی دەوڵەتی تورک بکەن بۆ دەستوەردان لە کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست و کێبڕکێی ئاسایشی نەتەوەیی و ستراتیژی لەگەڵ دەوڵەتی میسردا. هەروەها ناتوانین لەبیرمان بچێت کە تورکیا پاڵپشتی زۆرێک لە گروپە تیرۆریستییەکانی ناو دەوڵەتی لیبیا دەکرد کە ئامانجیان کۆنترۆڵکردنی دەسەڵات بوو لە لیبیا، لەوێ بنکەی سەربازی درووستکردەوە و بەدوای بەرژەوەندیی ئابوورییەوەیە.
بەم دواییانەش دەبینین کە دەستوەردان لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەسیوبیا و سۆماڵ دەکات و لەوێ بەدوای بەرژەوەندیی جیۆپۆلەتیکی و پێگەی خۆیدا دەگەڕێت. ئەم هەوڵانە کاریگەری لە جیهانی عەرەبی و بەتایبەت میسڕ دەکات.
با باس لە سوریا بکەین، ڕاتان چییە لەسەر دەستوەردانەکانی تورکیا لەسەر سوریا؟
پرسیاری سەرەکی ئەوەیە، بۆچی تورکیا دەستوەردان لە کاروباری سوریا دەکات؟ داواکانی تورکیا لە سوریا زۆر پووچ و بەتاڵە. پێویستبوو هێزەکانی لە نزیکی کۆبانێ بکشاندایەتەوە، هێرشە دووبارەکانی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕابگرتایە، بەتایبەت هێرشەکانی بۆ سەر گەلی کورد.
ئەردۆغان بە شەو و ڕۆژ باسی کارەکانی ئیسرائیل دژی گەلی فەڵەستین دەکات. بەڵام خودی ئەردۆغان فەرمانی کۆمەڵکوژی دەدات و بە دەستی چەتەکان هێرش دەکاتە سەر هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. کارەکانی خۆی نابینێت.
بەڕاستی ئەم هەڵوێستەی تەیب ئەردۆغان ناڕاستە. لەبری ئەوەی هێزەکەی بەکاربهێنێت بۆ پاراستنی خاکی فەڵەستین، کەچی دەیاننێرێت بۆ سوریا. گەلی فەڵەستین پێویستیان بە نان و ئاو نییە، پێویستی بە پاراستنە.
تورکیا پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی و سیاسیی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە. بۆیە تەنها بە قسە باس لە پاراستنی گەلی فەڵەستین دەکات.
ئامانجی سەرەکی تورکیا گەلی سوریایە، مافی گەلی سوریا پێشێل دەکات. تورکیا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ ئیسرائیل دەکات. ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ خۆیدا لە ناکۆکیدایە. بۆچوونەکانی ناکۆکن. نەخۆشی شیزۆفرینیای هەیە. پێویستە باوەڕ بە هیچ قسەیەکی ئەو نەکەین لەبارەی ئیسرائیلەوە.