قەیرانی دیپلۆماسی نێوان ئیتاڵیا و ئێران قووڵتر دەبێتەوە

پاش ئەوەی ئێران ڕۆژنامەنووسێکی ئیتاڵی زیندانی کرد، لەنێوان ڕۆما و تاران قەیرانی دیپلۆماسی سەریهەڵدا. ئیدارەی ڕۆما داوای لە کونسوڵی باڵای ئێران کرد، دەستبەجێ ڕۆژنامەنووسەکە ئازاد بکرێت.

ڕۆژنامەنووسی ئیتاڵی سیسیلیا سالا لە ١٩ ی کانوونی یەکەم لە تاران دەستگیرکرا، بەم هۆیەشەوە ئیدارەی ڕۆما داوای لە کونسوڵی باڵای ئێران کرد، دەستبەجێ ڕۆژنامەنووسەکە ئازاد بکرێت.

ڕۆژنامەنووس سیسلیا سالا (٢٩ ساڵ) بۆ ماڵپەڕی (Chora Media) و ڕۆژنامەی (Il Foglio) کاردەکات، بە فیزای ڕۆژنامەوانی سەردانێکی پیشەیی بۆ تاران ئەنجامدا، بەڵام دەستبەسەرکرا. بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، سیسیلیا هێشتا لە زیندانی ئەوینی تاران لە ژووری تاکەکەسی زیندانی کراوە.

بەرپرسانی ئێران دووپاتیان کردەوە، ڕۆژنامەنووسەکە ڕۆژی دووشەممە دەستبەسەرکراوە و بانگەشەی ئەوە دەکەن "یاساکانی وڵاتی پێشێل کردووە".

بەگوێرەی ڕاگەیاندنی ئیتاڵیا، ڕەوشی ڕۆژنامەنووسەکە لە مەترسیدایە.

وە ئیتاڵیا گرتنی ڕۆژنامەنووسەکەی شەرمەزار کرد و داوای کرد دەستبەجێ ئازاد بکرێت.

وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ئەنتۆنیۆ تاجانی ڕۆژی پێنج شەممە ئەم داوایەی لە کونسوڵی باڵای ئێران محەمەد رەزا سابووری کرد. سکرتێری گشتی وەزارەتەکە، ڕیکاردۆ گوارگلیا ڕایگەیاند بەرپرسانی ئیتاڵیا داوایان کردەوە ڕۆژنامەنووسەکە ئازادبکرێت و ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ بگیرێت.  

تاجانی گوتی: "دەمانەوێت ڕێز لە هەموو مافەکانی سیسیلیا بگیرێت، تا ئازادبوونی هەرگیز سیسیلیا و بنەماڵەکەی بەتەنها جێناهێڵین".