ژان نۆوێل بارۆ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە دیمەشقەوە رایگەیاند، پێویستە لە باکووری سووریا چەکەکان بێدەنگ بکرێن، ئاگربەستێکی هەمیشەیی جێبەجێ بکرێت و چارەسەرێکی سیاسی لە گەڵ کوردان هاوپەیمانانی فەرەنسا دەست پێبکات.
ژان نۆوێل بارۆ ئەوەشی ڕاگەیاند؛ "سووریایەکی سەروەر و ئارام چیدی جێگە بە شەڕ و پێکدادان نادات. لەبەر ئەمە، پێویستە چەکەکان لە باکووری سووریا بێدەنگ بن. پێویستە چارەسەرێکی سیاسی لەگەڵ کوردان هاوپەیمانانی فەرەنسا، دەست پێبکات، هەتاکوو ئەوان بتوانن لەم پرۆسە سیاسییە نوێیەدا بەشداربن. هەروەها پێویستە ئاگربەستی بەردەوام و هەمیشەیی جێگیر بکرێت."
ژان نۆوێل بارۆ ئاماژەی بەوەش کرد لە سووریایەکی سەقامگیر و ئارامدا، جێگەی تیرۆریزمی ئیسلامی نییە. تیرۆریزم زیانی بە هەمووان گەیاند بە ئێمەشی گەیاندا، بۆیە شان بە شان، بە تایبەتی لەگەڵ کوردانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، دژی تیرۆر شەڕمان کرد. لە ٣١ی مانگی کانوونی یەکەم، جارێکی دیکە بنکەیەکی داعشمان کردە ئامانج. چونکە قبوڵ ناکەین تیرۆر جارێکی دیکە ئارامی سووریا تێکبدات و ببێتە هەڕەشە لە ئاسایشی فەرەنسا و ئەورووپا.
ژان نۆوێل بارۆ لەسەردانەکەی بۆ دیمەشق ڕایگەیاند؛ بەهیواین بۆ سووریایەکی سەقامگیر و ئارام بێتە ئاراوە.
جێی ئاماژەیە هاوکات لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ئەمڕۆ ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش گەیشتە دیمەشق و لەگەڵ بەرپرسانی دیمەشق دا کۆبوونەوە.