بە دیمەن

تەرمی شەڕڤانانی قەسەدە هۆگر حەسەکە و شیار حەسەکە بە خاک سپێردران

تەرمی شەڕڤانانی قەسەدە هۆگر حەسەکە و شیار حەسەکە کە لە ٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ لە کانتۆنی تەبقا شەهید بوون، لە گۆڕستانی شەهید دژوار بە خاک سپێردران. هاوکات غیابی مەراسیمی پرسە بۆ شەهیدان سلاڤا ئۆجالان، کۆڤان حەسەکە و غەریب حەسەکە بەڕێوەچوو.

تەرمی شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە)، شەهید هۆگر حەسەکە (محەمەد خالد حەسون ناسیف) و شیار حەسەکە (زومرود عەبدولوەهاب) کە لە ٢٨ی کانوونی یەکەمدا لە کانتۆنی تەبقا شەهید بوون، لە گۆڕستانی شەهید دژوار لە گوندی داودیە بە خاک سپێردران. هەروەها بۆ سلاڤا ئۆجالان (زەینەب حەمزە)، شەڕڤانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) کە لە ٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ لە منبج شەهید بوو، کۆڤان حەسەکە، شەڕڤانی هێزەکانی کۆماندۆی قەسەدە و غەریب حەسەکە (لۆرێنس شەلال) ئەندامی قەسەدە، کە لە ٢٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ لە پردی قەرەقۆزاق شەهید بوو، مەراسیمێکی غیابی بەڕێوەچوو.

مەراسیمی پرسەکە بە پێشەنگی ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدانی حەسەکەی کانتۆنی جزیر بەڕێوەچوو. بەسەدان کەس لە دانیشتووانی حەسەکە و دەوروبەری، ئەندامانی ڕێکخراوەکانی مەدەنی و سەربازی و ژنان بەشداری مەراسیمەکە بوون.

سەرەتا فاتمە ئەلعەلی ئەندامی ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدان وتارێکی پێشکەش کرد و وتی: "دایکی شەهیدان شانازی بە قارەمانێتی ڕۆڵەکانیان دەکەن لە بەرەکانی جەنگدا لە پێناو بەرگری لە گەل و هەرێمەکەیاندا شەهید بوون."

لە مەراسیمەکەدا بەڵێندرا هەتا ئازادکردنی ناوچە داگیرکراوەکان لە پێناوی ڕێبازی شەهیدان درێژە بە تێکۆشان وبەرخۆدانیان بدەن.

لە کۆتایی مەراسیمەکەدا گۆڵژین ئەحمە ئەندامی ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدان ناسنامەی شەهیدانی خوێندەوە و ڕادەستی کەسوکاریانی کرد.

پاشان بە وتنەوەی دروشمی، شەهید نامرێ تەرمی شەهیدان هۆگر و شیار بە خاک سپێردران.