کۆمپانیای گزنگی بەربەیان ناڕەزایەتی بەرامبەر بڕیاری داخستنی دەربڕی

کۆمپانیای گزنگی بەربەیان بۆ بەرهەمهێنانی میدیایی ڕایگەیاند بڕیاری داخستنی ناوەندەکەیان پێشێلکردنی ئازادی ڕاگەیاندن و مافی ژنانە.

کۆمپانیای گزنگی بەربەیان بۆ بەرهەمهێنانی میدیایی کە بەرنامە بۆ ژن تیڤی ئامادە دەکات، لەبارەی هەڵکوتانەسەر و داخستنی ناوەندەکەی، ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە:

" ڕۆژی ٣١ـی کانوونی دووەم و کۆتا ڕۆژی ساڵ، لە چوارچێوەی بڕیارێکدا کە هەریەک لە حکومەتی ناوەندی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگای ئاسایشی هەرێم لە سلێمانی تیایدا بەشدارن، بەبێ بوونی هیچ نووسراوێکی فەرمی و ئاگادارکردنەوەیەک، بڕیاری ڕاگرتنی کۆمپانیای گزنگی بەربەیان، بۆ بەرهەمهێنانی بەرنامەی تەلەفیزیۆنی سنوردار، کە بۆ ژن تیڤی بەرنامە بەرهەم دەهێنێت.

ئەم هەوڵە لە کاتێکدایە کە تێکۆشانی ژنان لە چوار پارچەی کوردستان گەیشتووەتە قۆناغێکی بێ وێنە و لە جیهانیشدا باس لە پێشەنگایەتی ژنانی کورد دەکرێت، بەڵام بە سیاسەتێک کە لە بەرژەوەندی دەسەڵات و داگیرکەراندایە و لە هەرێمێکی سەربەخۆی کوردستانیدا کە ماوەی ٣٣ ساڵە فەرمانڕەوایی کوردیی تیایدا بەڕێوە دەچێت، بڕیاری ڕاگرتنی کۆمپانیایەکی \میدیای دەدرێت.

ئەم بڕیارە سەرەڕای ژێردەستەیی بڕیاری داگیرکارانی کوردستان، پێشێلکردنی ئازادیی ڕۆژنامەگەرییە لە هەرێمی کوردستان و عەقڵییەتی شکاندنی ئیرادەی ژن و ناسنامە و بوونی ژنە.

وەک کۆمپانیای گزنگی بەربەیان، کە ماوەی حەوت ساڵە لە باشووری کوردستان کار دەکەین و دەنگ و ڕەنگی ژنانی باشووری کوردستانین، بە هەموو شێوەیەک ئیدانەی ئەو هەوڵە دەکەین و ڕایدەگەیەنین، بڕیارەکە پێچەوانەی هەموو قوربانیدانەکانی ژنانی باشوورە لە کایەکانی ژیاندا، بە هەموو شێوەیەک بڕیاری ڕاگرتنی کارەکانمان ڕەت دەکەینەوە و قبوڵی ناکەین، ڕاشیدەگەیەنین کە ڕێکاری یاسایی دەگرینە بەر و تا کۆتایی بەردەوام دەبین".