سەرکەوتنی رۆژئاوا سەرکەوتنی هەموو گەلانە
سەرکەوتنی رۆژناوا بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیش دەبێتە هێزی چارەسەری و سەرکەوتنی گەورە. بەتایبەتی ژنان و گەنجان دەبێت هەموو کەسێک خاوەنداری لە قەوارەی رۆژئاوا بکەن و لە هەموو شوێنێک دەنگ هەڵبرن.
سەرکەوتنی رۆژناوا بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیش دەبێتە هێزی چارەسەری و سەرکەوتنی گەورە. بەتایبەتی ژنان و گەنجان دەبێت هەموو کەسێک خاوەنداری لە قەوارەی رۆژئاوا بکەن و لە هەموو شوێنێک دەنگ هەڵبرن.
سەد ساڵ بەسەر دیزانکردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێپەڕبوو، بە پێشەنگایەتی ئەمریکا، ئیسرائیل و بەریتانیا ئەم شەڕە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەدەبرێت. شەڕی جیهانی سێهەم ماوەیەکی زۆرە دەستیپێکردووە و ئێستا گەیشتووەتە لوتکە. ئەو پەرەسەندنەی لە ساڵی ٢٠٢٤دا روویاندا، پرۆژەی درێژخایەن بوون کە ئامادەکارییان بۆدەکرا و هێزە هەژمونگەراکان دەیانەوێت لە ساڵی ٢٠٢٥دا بیانگەیەننە ئەنجام. لەبەر ئەوەش پرۆسەکە زۆر بەخێرایی بەرەوپێش دەچێت و شەڕ و هاوپەیمانی بە شێوەی هاوتەریب رێکدەخرێن. ئەوانەی تادوێنێ ئەلقاعیدە و داعش بوون، ئەمڕۆ بوونە دەروازەی دیالۆگ و دانوستانی جیهانی. هەر ئەوە رووی راستەقینەی هەژمونگەرایی جیهانی نیشان دەدات.
لە ڕاستیدا دوای ساڵانی ٢٠٠٠ ئەم دەستێوەردانانە کەوتنە بواری جێبەجێکردنەوە، بە دامەزراندنی هێزی ئیسلامیی توندڕەو، پرۆژەی دیزاینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاریکرا. هێزە هەژمونگەراکانی جیهان خۆیان چەتەکانی وەک قاعیده و تاڵیبان و داعش و هتدیان دروست کرد و سەرکردەکانیان دەستنیشان کردن و دواتر بە بیانووی بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی ئەو هێزانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەستوەردانیان کرد. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێشتا لە نێو شەڕ و گێژاودایە، قڕکردنی جەستەیی و کولتووری بەسەر خەڵکدا ئەنجامدراوە، هەزاران کەس کوژراون، هەزاران کەس ئاوارە بوون و چارەنووسیان نازانرێت. ئێستا ئەم شەڕە گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی. هەروەها لە ڕاستیدا تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی و کشانەوەی لە ئەفغانستان و پەیماننامەی ئیبراهیم بەشێک لە ئامادەکارییەکان بۆ ئەم پڕۆژەیە بوون.
لەگەڵ شەڕێ غەززە پەڕیوە بۆ قۆناغێکی نێ، بە لێدان و گورزوەشاندن لە حزبوڵا گەورەترین گورز لە ئێران وەشێندرا، بە رووخانی رژێمی بەعش شاخی حکومەتی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شکا. خامنەیی کە دەیویست ببێتە رێبەری هیلالی شیعی، هەموو بوارێکی بۆ بەهێزبوونی هێزەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رەخساند (گۆڕانکارییەکان لە سەر ئێران لە دیزاینکردنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبنە کۆتا خاڵ).
دوای سوریا، نۆرەی عێراق و ئێرانە و تا دۆخی ئێران و تورکیا روننەبێتەوە ناتوانن بۆ سوریاش قەوارەیەکی گشتی دیاری بکەن. لە پڕۆژەی نوێدا ئێران و تورکیا خراونەتە دەرەوەی هێڵەکانی وزە و بازرگانی. هەروەها بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەو هێڵانەش پێویستی بە گۆڕانکاری لە ئێران و تورکیا هەیە. دیارە لە دیزاینی نوێدا رۆڵی سەرەکیان بە سعودیا داوە. لە دەستپێکردنی ئەو هێرشانەوە ئامانجەکە ئێران بووە و ئێستا ئەو شەڕە زۆر لە ئێرانەوە نزیک بووەتەوە. ئامانجەکە ئەوەیە کە ئێران بە چۆکدا بهێندرێت و لە ناوسیستمی ئیمپریالیستیدا بتوێندرێتەوە و ملکەچ بکرێت، هەروەها بچێتە ژێرباری پەیماننامەی ئیبراهیم، یاخود ئەوەتا کۆتاییەکەی وەک رژێمی بەعسی سوریا دەبێت. بەو سیاسەتانەی کە ئێران گرتوویەتیەبەر ناتوانێت خۆی لە دۆخی هەنوکەیی قوتار بکات، لەبەر ئەوەی خاڵی لاوازی ئێران لە ناوخۆیدایە. ئەگەر کێشەکانی ژنان و گەلان لە بنەڕەتەوە چارەسەر نەکرێن، هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت لەم دۆخەی ئێستا رزگاری بێت.
تورکیا لە هەموو ڕوویەکەوە دەیەوێت سود لەو بۆشاییانە وەربگرێت کە دروست دەبن و پڕۆژەی میساقی میللی جێبەجێ بکات. دیارە کە ئامانجی تورکیا تەنها داگیرکردنی کوردستان نییە، بەڵکو داگیرکردنی سەرجەم خاکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. هەوڵ دەدات خۆی بە هاوپەیمانێکی ئێران و سوریا و عێراق نیشان بدات. لەسەر لەناوبردنی کورد، سات و سەودایان لەگەڵ دەکات. نموونەی ئەمەش دۆخی سوریا بوو کە گورزێکی گەورەی لە ئێران و سوریا وەشاند و ئێستا ئامانجەکە عێراق و خودی ئێرانە. ئامانجەکەش داگیرکردنی موسڵ و کەرکوک، هەروەها داگیرکردنی نیوەی خاکی ئێرانە. تورکیا دەیەوێت لە دیزاینە نوێیەکەدا ببێتە هێزی سەرەکی، هەر بۆیە کورد وەک لەمپەرێکی سەرەکی لەبەردەم خۆیدا دەبینێت و بە هەموو شێوەیەک هێرش دەکاتە سەر گەلی کورد. لە رێگەی بە ئامانجگرتنی ڕۆژئاوای کوردستانەوە، تەواوی گەلی کورد لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە دەکرێتە ئامانج. لە سەد ساڵی ڕابردوودا دامەزراندنی دەوڵەتی تورک لەسەر بنەمای لەناوبردنی گەلی کورد بووە و لە دیزاینە نوێیەکەدا دەوڵەتی تورک دەیەوێت جارێکی دیکە لە رێگەی لەناوبردنی کورد خۆی لە قەیرانی ئێستا ڕزگار بکات و لە پڕۆژەکەدا ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕێت. بەڵام ئێستا ڕوونە کە کورد ڕۆڵی سەرەکی لە دیزاینە نوێیەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگێڕێت. هەر دەسەڵاتێک بیەوێت هەبوونی خۆی بە لەناوبردنی کورد بپارێزێت، خۆی لەناودەچێت. ڕژێمی بەعس نموونەی ئەمەیە. سەرباری هەموو هەوڵەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ڕازی نەبوون ئیرادەی گەلی کورد بە فەرمی بناسن و قەوارەی کورد قبوڵ بکەن. دواجار و لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا ڕژێمێک بە ناوی بەعس لەناوچوو. پێویستە ئەمە ببێتە وانەیەک بۆ هەمووان. پێویستە ئەوە بزانن کە گەلی کورد خاوەن هێزێکی گەورەیە، بەبێ چارەسەری کێشەی کورد، هیچ هێزێک ناتوانێت درێژە بە دەسەڵاتی خۆی بدات.
دوای شەڕی غەززە، ئێران هەستی بە مەترسییەکە کرد و ویستی خۆی لەو شەڕە دووربگرێت. بەڵام ئێران پێشبینی ئەوەی نەدەکرد کە ئەم شەڕە بەو خێراییە و لەماوەیەکی کورتدا بگاتە سەر سنوورەکانی. هاوپەیمانەکانی لە سوریا واتە روسیا و تورکیا دەستبەرداری بوون و ئێرانڕووبەڕووی شکستێکی گەورە بووەوە. دوای کوژرانی ڕەئیسی و هاتنی پزیشکیان، ئێرانیش چووە ناو قۆناغێکی نوێوە. لە دەرەوەی وڵات سیاسەتێکی میانڕەوی پەیڕەو کرد و سازشی زۆری دەنواند. لە ناوخۆدا پەنای بۆ سیاسەتی توندوتیژی و قڕکردن برد. بەرەی خۆڕاگری ئێران ڕێگەی نەدا شەڕ لە سنوورەکانی ئێران نزیک بێتەوە و ئێرانیش هەموو تواناکانی خۆی دەخستە خزمەت ئەوبەرەیە. رژێمی ئێران لە ٤٥ ساڵی ڕابردوودا مافی ژنان، نەتەوەکان و هەموو بەشەکانی کۆمەڵگای پێشێل کردووە و هەوڵی دا لە ڕێگەی کوشتن و ئەشکەنجە و لەسێدارەدانەوە دەسەڵاتی خۆی بەسەر گەلاندا بسەپێنێت. بەڵام لە ناو سیستمی قڕکردنی ڕژیمدا، گەلان رادیکاڵترین شۆڕشیان دەستپێکرد. ئەم شۆڕشە کەلێن و قەڵشتێکی بەرفراوانی لە نێوان گەل و دەوڵەتدا ساز کرد. رژێمی ئێران هەنگاوێکی بەئاراستەی جێبەجێکردنی داخوازییەکانی خەڵک هەڵنەگرت. جگە لەوەش توندوتیژیتر هەڵیکوتایە سەر ژنان و گەلان و پەنای بۆ سیاسەتی زیندانیکردن و لەسێدارەدان برد و لە کوردستان و بەلوچستان قڕکردنی ئەنجامدا. لەسێدارەدان و زیندان چۆن دەتوانێت دەنگی گەلان کە لەپێناو ژیانێکی شکۆمەندانە و ئازاد ئەو هەموو قوربانیەیان داوە، کپ بکات؟
شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی پەنگخواردنەوە ٤٥ ساڵ ناڕەزایەتییە، شۆڕشێکە عەقڵیەتی تاکپەرستی دەوڵەت ڕەتدەکاتەوە. شۆڕشێکی بەو جۆرەیە کە نوێنەرایەتی ئیرادەی هەموو گەلان دەکات و پڕۆژەی چارەسەری هەموو توێژ و نەتەوەکان لەخۆیدا کۆدەکاتەوە. ئەو هێزە دەرەکیانەی کە خۆیان بە دژبەری ئێران وێنادەکرد، لە پێناو بەرژەوەندی خۆیاندا چاویان بەسەر هەموو گوشارەکانی ئێران بۆ سەر گەلان نوقاند. هێزی گەلان ترسێکی گەورەی خستە دڵی رژێمەوە. لاوازترین خاڵی ڕژیم، ماتەوزەی ناڕەزایەتی ژنان و نەتەوەکانە. ماتەوزەیەکی بەوجۆرەیە کە دەتوانێت لە هەر کاتێکدا بتەقێتەوە و هیچ هێزێک ناتوانێت بەو بەو شەپۆلە بگرێت و سەرکوتی بکات. ئەو نەتەوەدەوڵەتانەی لەسەر بنەمای نەتەوەپەرستی، ئایینپەرستی و رەگەزپەرستی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خۆیان دامەزراندووە، دەزانن دیکتاتۆریەتەکەیان هەڵدەوەشێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵ بۆ جێبەجێکردنی داواکاری گەلان نادەن. نموونەی ئەمەش ڕژێمی بەعس و دەوڵەتی تورکن، کە چارەسەری لە قڕکردنی گەلی کورد دەبینن و دەوڵەتی ئێرانیش دەیەوێت بە کوشتن و لەسێدارەدان خۆی قوتار بکات. زۆر باش دەزانن کە بەم سیاسەتەی قڕکردن چارەنووسیان وەک چارەنووسی ڕژێمی بەعس دەبێت و هەمان شتیان بۆ ئەوانیش روودەداتەوە. بەڵام دەبێت ئیتر دەسەڵات باش بزانێت کە بەرخودانی گەلانە کە چارەنووس دیاری دەکات. ناوەند و چەقی بەرخودانیش کوردستانە کە گەلی کورد لە بەرامبەر هەموو هێزە قەوارەپارێزەکاندا وەستاوەتەوە و پرۆژەی چارەسەری پێشکەش بە هەموو گەلان کردووە.
هەموو گۆڕانکارییەک پێشکەوتن نییە، ئاخۆ بە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە لە سوریا کێشەکانی گەلان چارەسەر دەبن؟ بێگومان بە ئەحمەد شەرع (جۆلانی) کێشەکان چارەسەر نابن و هەروەها ناکۆکیە ئایینی و کولتوورییان زیاتر هەڵدەکشێن. چونکە مێژوویەکی ڕوونیان هەیە و پڕۆژەیەکی نوێن بۆ زیاتر تەشەنەسەندن و قووڵکردنەوەی قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە ئێستادا لە سوریا شەڕی دوو پارادایم زۆر ڕوون و بەرچاوە. پڕۆژەی نەتەوەدەوڵەتەکان کە هەتەشە بەشێکە لەوە، دەیانەوێت جارێکی دیکە عەقڵیەتی نەتەوەپەرستی، ئایینپەرستی و رەگەزپەرستی قووڵتر بکەنەوە. پرۆژەکەی تریش جیهانبینییەکی نوێیە، پرۆژەی پێکەوەژیانی گەلانە، هێڵی دیموکراسی و ئازادییە، کە چارەسەرێک بۆ کێشەکانی گەلان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پێشکەش دەکات. پرۆژەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک و خۆبەڕێوەبردنی گەلانە کە نەک هەر لە سوریا، بەڵکو لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەتوانرێت جێبەجێ بکرێت. گەلی کورد بە هزر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ، چەند ساڵێکە بە پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیک پێشەنگایەتی دەکات. گەلی کورد هێزی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەیە، لە ڕووی سیاسی، سەربازی و کۆمەڵایەتییەوە ڕێکخراوترین گەلە. ڕێبەر ئاپۆ ئاماژەی بەوەکردبوو، لە سەدەی بیست و یەکدا نەتەوە دەوڵەتەکان بەختی چاکسازییان لەدەستداوە، شۆڕشێک کە ژنان بە شێوەی رادیکاڵ پێشەنگایەتی بکەن، دەتوانێت چارەنووسی گەل دیاری بکات. لەبەر ئەوەش دەبێت لە هەموو گۆڕانکاری و بڕیارەکانی شەڕ و ئاشتیدا ڕۆڵی ژنان سەرەکی بێت. لەسەر بنەمای ئازادی ژنان دەتوانرێت پڕۆژەی چارەسەری بەجێبگەیەندرێت.
لە رۆژئاواش پەیوەست بەو پاڕادیمەوە شۆڕشی ژنان پێکهات. شۆڕشی رۆژئاوا ئەوەی دەرخست، شۆرشێک کە بەپێشەنگایەتی ژنان، بە زانست و جەوهەری ژنان بەرەوپێش بچێت، دەتوانێت ببێتە چارەسەرێک بۆ سەرجەم کێشەکانی گەلان. لەبەر ئەوەش ئیتر رۆژئاوا بە تەنیا نوێنەرایەتی رۆژئاوا ناکات، لە هەمان کاتدانوێنەرایەتی ئیرادەی هەموو کوردان دەکات. تێکۆشانی رۆژئاوا، تێکۆشان و بەرخودانی هەموو کوردانە، قەوارەی رۆژئاوا قەوارەی گشتیی گەلی کوردە. بۆ هەموو گەلان دەبێتە دەرچەیەکی چارەسەریە. ئەو رۆحەی نەتەوەییە کە لە ساڵی ٢٠١٤ دا لە شاری کۆبانێ پێشکەوت، ئیرادەی گەلی کوردە. خاوەنداری لە رۆژئاوا، خاوەنداری لە بەهاکانی مرۆڤایەتیە، سەرکەوتنی رۆژئاوا سەرکەوتنی هەموو گەلانە. رۆژئاوا بۆ هەمووان دەسەلمێنێت کە کاتێک گەلێک پشت بە هێزی خۆی ببەستێت، دەتوانێت سەرکەوتنی گەورە بە دەستبهێنێت. سەرکەوتنی رۆژئاوا بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیش دەبێتە هێزی چارەسەری و سەرکەوتنی گەورە. بەتایبەتی ژنان و گەنجان دەبێت هەمووان خاوەنداری لە قەوارەی رۆژئاوای کوردستان بکەن و لە هەموو کایە و بوارەکانی ژیاندا دەنگی خۆیان هەڵبرن. ئەو گەلانەی لەسەر جوگرافیای ئێران دەژین دەبێت بەشێوەیەکی رێکخراو خۆیان بۆ قۆناغی نوێ ئامادە بکەن.