کەرکوک، هەڵمەتی کۆمەک و هاوکاری بۆ رۆژئاوای کوردستان بەردەوامە
ڕێکخراو و کەسایەتی و رۆشنبیرانی کەرکوک، بەردەوامن لە کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری بۆ کوردانی رۆژئاوای کوردستان.
ڕێکخراو و کەسایەتی و رۆشنبیرانی کەرکوک، بەردەوامن لە کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری بۆ کوردانی رۆژئاوای کوردستان.
لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، لە رۆژی شەممەی ڕابردووە بەهاوکاری ڕێکخراو و کەسایەتی و رۆشنبیرانی شارەکە، کەمپینی کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری بۆ کوردانی رۆژئاوای کوردستان ڕێکخراوە و تائیستاش بەردەوامن.
جێگای باسە، لەچوارچێوەی کامپینەکەدا لە چەندین گەرەک و شوێنی گشتی شاری کەرکوک هاوکاری کۆکرایەوە، کەسایەتییەکانی شاری کەرکوک دەڵێن، وەکو ئەرکێکی نشتیمانی بەم کارە هەستاوین چونکە لای هەمووان ئاشکرایە کە ئیستا بەشێکی زۆری کوردانی رۆژئاوای کوردستان تووشی دەربەردەری بوونە و بە ئاوەری ژیانێکی سەخت دەژین و پێویستیان بە هاوکاری هەموو کوردێکی بە شەرەفە.
جێگای ئاماژەیە، سندوقی کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری داندرا بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بەدرێژایی هەموو رۆژەکانی هەفتە، بڕیارە پاشان لە ڕێگەی نووسینگە و نوێنەرانی ڕۆژئاواوە کۆمەک و هاوکارییەکان دەگەیەنرێنە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان.
ئامانج لەم کامپینە بەرەوپێشچوونی ڕوحی نەتەوەیی و یەکگرتوویی کوردانە
شکۆ شوان، بەرپرسی ڕێکخراوی ڕابوونی خوێندکار و لاوان، کە ناوبراو وەکو چالاکوانێکی خۆبەخش بەشداری لە چالاکییەکەدا کردووە، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF)قسەی کرد و وتی: "بۆ هاوکاری کردنی کوردانمان لە رۆژئاوای کوردستان هەستاین بە هەڵمەتی کۆکردنەوەی پارە بۆ گەیاندنی کۆمەک و هاوکاری، ئامانج لەم کامپەینە بەرەوپێشچوونی ڕۆحی نەتەوەیی و یەکگرتووی نێوان کوردانە، لەهەر چوارپارچەی کوردستان، داوا لە خەڵکی شاری کەرکوک و باشوری کوردستان دەکەین کە بەدەم بانگەوازەکەمانەوە بێن بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ کوردانی رۆژئاوا کە تاوەکو ئیستاش خەڵکێکی زۆر بە پەرۆشەوە هاتوون و بە پێدانی هاوکاری بەشداربوونە لە کامپینەکە، داواش لە دەسەڵاتی باشوری کوردستان دەکەین سنورە دەستکردەکانی نێوان باشور و رۆژئاوای کوردستان بکەنەوە تاوەکو بتوانین کۆمەکی مرۆیی زیاتر بگەینینە خوشک و براکانمان لە رۆژئاوای کوردستان".
لە ئازارەکانی رۆژئاوای کوردستان تێدەگەین
لە کۆتایی قسەکانیدا شکۆ شوان ووتیشی: "ئێمەی کوردانی باشوری کوردستان لە ڕابردوودا ئاوارەیی و مەینەتی زۆرمان بینیووە و لە ئازارەکانی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان تێدەگەین ودەزانین کە بەبارودۆخێکی سەختدا تێدەپەڕن، ئێمەی کوردانی باشور بەو ڕابردوویەی کە بەسەرماندا تێپەڕێوە وەکو ئەرکێکی نەتەوەیی بە گرنگمان زانی وەکو کوردانی باشور و شاری کەرکوک ئەم کامپینە سازبکەین".
وەکو ئەرکیکی نەتەوەیی هەستاین بەم هەڵمەتە
لەلای خۆیەوە، محەمەد نەریمان، چالاکوان و بەرپرسی کۆمەڵەی هێڤی بۆ پشتیوانی لە قوربانیانی جەنگ، ووتی: "ئێمە وەکو چەند ڕێکخراو و گروپێکی کۆمەڵگای مەدەنی کە پێکهاتووین لە "گروپی خاک، ئەنجوومەنی کوردانی کەرکوک، رێکخراوی کەرکوک بۆ هەمووان، گروپی کەرکوک بۆ پرسە نەتەوەییەکان و کۆمەلەی هێڤی بۆ پشتیوانی لە قوربانیانی جەنگ"، وەکو ئەرکێکی نەتەوەیی هەستاین بە هەڵمەتێک بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری بۆ کوردانی رۆژئاوای کوردستان".
داخستنی سنور شەرمەزارییە بۆ پەدەکە
هەروەها محەمەد نەریمان داخستنی سنورەکانی نێوان رۆژئاوا و باشوری کوردستانی لەلایەن پەدەکەوە ئیدانە و شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند: "داواکارین لە پەدەکە کە سنورەکان بکاتەوە تاوەکو بتوانین هاوکاریی و پێداویستی زیاتر بگەینین بە ژن و منداڵانی رۆژئاوای کوردستان کە لەئیستادا ئاوارەن و بەدۆخێکی سەختدا تێدەپەڕن، داواکارین لەم رۆژەدا تەواوی کوردستان یەک دەست و یەک هەڵوێست بن، بەڵام بەداخەوە پەدەکە دەرگای سنوری سیمێڵکای داخستووە کە ئەمەش جێگای شەرمەزارییە بۆ پەدەکە".
لە پرسە نەتەوەییەکان کورد یەکگرتووە
لە کۆتایی قسەکانیدا، محەمەد نەریمان چالاکوان و بەرپرسی کۆمەڵەی هێڤی بۆ پشتیوانی لە قوربانیانی جەنگ، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) وتیشی: "خەڵکی لەناو شاری کەرکوک و دەرەوەی شارەوەش دێن و هاوکاری پێشکەش دەکەن ئەم هەڵوێستەی خەڵکیش جێگای خۆشحاڵییە کە لە پرسە نەتەوەییەکان بەشدارن بۆ هاوکاری کردنی یەکتر".