هەڵمەتی گەردوونی: ڕژێمی ئەردۆگان ناچاردەکەین دەرگای ئیمراڵی بکاتەوە!

هەڵمەتی گەردوونی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان قۆناغی دووەمی ڕاگەیاند، گوتی: "ڕژێمی ئەردۆگان ناچار دەکەین دەرگاکانی ئیمراڵی بکاتەوە".

لە کۆڵن بە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی قۆناغی دووەمی هەڵمەتی گەردوونی دەستی پێ کرد.

هەڵمەتی گەردوونی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان لە ١٠ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لە نزیکەی ١٠٠ وڵات دەستی پێ کرد.

لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا ڕاگەیاندرا، هەڵمەتەکە لە ١ ی ئادار تا ١ی گوڵان بەردەوام دەبێت.

کەجەدەکە-ئە وەک بەشێک لە هەڵمەتەکە لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا ڕاگەیاندراوی خویندەوە.

کەجەدەکە-ئە سوپاسی هەموو بەشداران و هاوکارانی هەڵمەتە گەردوونییەکەی کرد و ڕایگەیاند ئەمە دەریدەخات ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان تەنها ڕێبەری ئێمە نییە، بەڵکو ڕێبەر و هیوای هەمووانە. ئەمەش هێز و مۆراڵێکی مەزنی بەخشی.

کەجەدەکە-ئە ڕایگەیاند لە گردبوونەوەکەی کۆڵن پەیامی گرنگ دراوە بە کۆنسەی یەکێتی ئەوروپا و بەتایبەت ئەڵمانیا، دەڵێت: "پێویستە کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا، سەرۆک وەزیران سکۆڵز و وەزیری دەرەوە باربۆک، ئەگەر نایانەوێت ببنە هاوبەشی تاوانەکانی ڕژێمی ئەردۆگان، دەبێت بۆ کردنەوەی دەرگاکانی ئیمراڵی ڕۆڵ بگێڕن. چیتر تۆلێرانسی سۆسیال دیموکراتیک و حکومەتی سەوز بۆ ڕژێمی فاشیست، مایەی قبووڵکردن نییە!".

کەجەدەکە-ئە ڕایگەیاند ئەوەی تا ئێستە کراوە وەک قۆناغی دەسپێک و پێشەکی هەڵمەتی گەردوونی پێناسەکراوە. دەڵێت: "ئەوەی سەرەکی و گرنگترە خەباتی دووەمە کە پاش ئەمڕۆ، واتە لە ١ ی ئادارەوە دەستی پێ دەکەین. بێگومان ڕژێمی ئەردۆگان ناچاردەکەین، دەرگاکانی زیندانی ئیمراڵی بکاتەوە کە ڕێبەر ئاپۆی لێ گیراوە. ئەم ڕژێمە قێزەون و ستەمکار و دژە گەلەی ئەردۆگان لە تەواوی جیهان ڕیسوا دەکەین.

لەمڕۆوە، ٨ ی ئادار ڕۆژی جیهانیی ژنانی کرێکار، ٢١ ی ئاداری نەورۆز، ٢٨ ی ئادار ڕۆژی قارەمانانی نەتەوەییمان، ٤ ی نیسان ڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ، واتە ڕۆژی ژنی کوردی ئازاد و گەلی کورد، ١ ی گوڵان ڕۆژی کرێکارانی جیهان، بە جەختکردنەوە لەم هەڵمەتە گەردوونییە و بەرزکردنەوەی درووشمی "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، چارەسەر بۆ پرسی کورد" لەلایەن ملیۆنان گەلی ئێمەوە پیرۆز دەکەین و یادی دەکەینەوە.

لە کۆتاییدا بەبۆنەی هەڵبژاردنی خۆجێیەوە لە وڵات، بانگەواز لە هەموو گەلەکەمان دەکەین کە فیداکارانە و چالاک بەشداری هەڵمەتی ئازادی گەردوونی بکەن.

سوپاستان دەکەین و سەرکەوتن بۆ هەمووتان دەخوازین".