هەدەپە: بڕیاری درێژکردنەوەی ئۆپەڕاسیۆنی دەرەوەی سنور رەتدەکەینەوە

ساروخان ئولوچ سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە داوای لە ئۆپۆزسیۆن کرد کە دەنگ بە بڕیاری درێژکردنەوەی ئۆپەڕاسیۆنی دەرەوەی سنور نەدەن.

ئولوچ ئاماژەی بە قەیرانی بڕیاری دەرکردنی باڵیۆزانی ١٠ وڵاتی جیهان لە تورکیا لەلایەن ئەردۆغان و وتی، ئەردۆغان دەیەوێت قەیرانی نوێ دروست بکات.

ئولوچ باسی ئەوەی کرد کە لە تورکیا دەسەڵاتێک هەیە کە درۆ بۆ هاوڵاتیان دەکات. هیچ وڵاتێک ناتوانێت بڵێت کە من بە ئارەزوی خۆم مامەڵە بە مافی مرۆڤەوە دەکەم لە وڵاتەکەمدا. ئەوە بەپێی بڕیارە نێودەوڵەتیەکان تاوانێکی ئاشکرایە.

ساروخان ئولوچ باسی ئەوەشی کرد کە تورکیا ئەندامی کۆمسیۆنی ئەوروپایە. ئیمزاتان لەسەر بڕیارەکانی ئەوروپا کردووە. بە چ مافێک دەتانەوێت باڵیۆزی ١٠ وڵات دەربکەن. دۆلار گەیشتە ٩.٨٠. بۆچی لێدوانێک دەدەن کە نرخی لیرە بکەوێت. کێ دەوڵەمەند دەبێت؟ دوکاندار، کارمەند و کۆمەڵگە بە گشتی هەژار دەبێت. ئابوری وێران دەبێت، بەڵام وەزیری ئابوری بێدەنگە. لە کاتێکدا کە دۆلار دەگاتە لوتکە وەزیر لە کوێیە؟

ئولوچ لەبارەی بڕیاری درێژکردنەوەی ئۆپەڕاسیۆنی دەرەوەی سنور وتی، "درێژکردنەوە بە واتای ئەوە دێت کە دەکەویتە لیستی ڕەساسی بۆ سپیکردنەوەی پارە و پاڵپشتیکردنی تیرۆر. درێژکردنەوەی ئۆپەڕاسیۆنەکانی دەرەوەی سنور بە واتای شەڕی بە وەکالەت دێت لە سوریا. بە واتای بەردەوامیدان بە بەرنامەی داعش و ئەلقاعیدە دێت. ئێمە بڕوامان وایە کە پێویستە تورکیا پەیوەندیەکانی لە هەموو روویەکەوە لەگەڵ دراوسێکانی باش بکات. ئێمە دەمانەوێت شەڕی ١٠ ساڵەی سوریا بە شێویەکی دیموکراسی لە چوارچێوەی سنورەکانی ئەو وڵاتەدا چارەسەر ببێت. رێگەی چارەسەر دیالۆگە نەک ئۆپەڕاسیۆنی دەرەوەی سنور. ئێمە داوا لە ئۆپۆزسیۆن دەکەین کە دەنگ بە درێژکردنەوەی بڕیاری ئۆپەڕاسیۆنی دەرەوەی سنور نەدات."

ف.ق