تولای حاتەم ئۆغۆللاری: دەبێت پرۆسەکە خێراتر بکرێت و هەنگاوی بەرچاو بنرێت

هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی، تولای حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند پرۆسەکە زۆر هیواشە و داوای کرد پرۆسەکە خێراتر بکرێت و هەنگاوی بەرچاو بنرێت.

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تەکیرداغ، لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی ئونال بایسان، دووەمین کۆنگرەی ئاسایی ئەنجامدا. هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی، تولای حاتەم ئۆغۆللاری و ئەندامانی ئەنجوومەنی دایکانی ئاشتی، بەڕێوەبەرانی کۆمەڵەی کەلتوور و هونەری میزۆپۆتامیا و زانایانی ئایینی و نوێنەری ڕێکخراوەکان بەشداربوون.

پاش هەڵبژاردنی دیوان، کۆنگرەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستی پێ کرد. پاشان هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی، تولای حاتەم ئۆغۆللاری قسەی کرد.

'دەبێت هەنگاوی بەرچاو بنرێت'

تولای حاتەم ئۆغۆللاری تیشکی خستەسەر بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ و بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە و گوتی:

"کاتێک بەڕێز ئۆجالان "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی کرد، گوتی: "ئەم بانگەوازە بۆ چارەسەری ئاشتییانە و دیموکراتیکی پرسی کورد و دیموکراتیکبوونی تەواوی تورکیایە. بۆ هاوڵاتیبوونی یەکسانە". دەڵێت هەر گەل و باوەڕێک دەبێت خاوەنی خۆپاراستنی جەوهەری بێت. دەبێت هەر ڕەگەزێک بەتایبەت ژنان خۆیان ڕێک بخەن... یەکێک لە مەبەستە گرنگەکانی بەڕێز ئۆجالان لە کۆمەڵگەی دیموکراتیک، پتەوکردنی ڕێکخستنی جەوهەریی ژنانە.

پاش بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجالان و کۆنگرەی پەکەکە، چاوەڕێین کە پرۆسەکە خێراتر بەرەوپێش بچێت. پێویستە دەوڵەت و دەسەڵات هەنگاوبنێن. ئەمانە هەنگاوی ڕوون و بەرچاون، دەبێت دەستبەجێ بنرێن. دەبێت زیندانیانی سیاسی ئازاد بکرێن. دەبێت بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا جێبەجێ بکرێن. هیچ بناغەیەکی یاسایی بۆ جێبەجێ نەکردنی بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا نییە. بە جێبەجێ نەکردنی ئەم بڕیارانە، تاوان دەکەن".

پێویستە تێکۆشان بەهێزتر بکەین

تولای حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند دیموکراتیکبوون هەنگاوێکی سەرەکییە بۆ ئاشتی، دیموکراتیکبوون و ئاشتی تەواوکەری یەکن و بەبێ یەکتر نابن، هێشتا تورکیا هەنگاوی بەرچاوی بۆ دیموکراتیکبوون نەناوە، بۆیە دەبێت ڕێکخستن و خەباتمان زیاتر بێت، گوتی: "وەک بەڕێز ئۆجالان دەڵێت، پێویستە لەم پرۆسەیەدا بەرپرسیارێتی هەموومان زیاتر دەبێت. لە چینەوە تا عەرەبستانی سعودی و وڵاتانی ئەمریکای لاتین، هەمووان پشتگیرییا لە بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجالان کرد. لە تورکیا لەگەڵ هەموو  لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان کۆبووینەوە و بەڵێنی ئەرێنییان دا. بۆ بەهێزکردنی ئەم زەمینەیە، دەبێت تێکۆشانێکی بەهێزتر بکەین".

پێویستە دەستبەجێ شەڕی ئێران_ئیسرائیل بوەستێنرێت

سەبارەت بە شەڕی ئێران و ئیسرائیل ڕایگەیاند ئەمە شەڕی گەلان نییە، بەڵکو شەڕی هێزە ئیمپریالیستەکانە بۆ دەستبەسەراگرتنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گوتی: "ئەو هێزانەی پێش سەدەیەک نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان داڕشت، ئێستە دەیانەوێت سەرلەنوێ دیزاینی بکەنەوە. ئەگەر شەڕەکە گەورەتر بێت، مەترسییەکەی لە جەنگی جیهانیی دووەم زیاتر دەبێت. چونکە ئەوکاتە هێندە چەکی ئەتۆمی و بایۆلۆژی پێش نەکەوتبوون. ئێستە ڕووبەڕووی ئەم هەموو مەترسییە دەبینەوە. دیسانەوە بانگەواز دەکەین، کە دەستبەجێ شەڕی ئێران_ئیسرائیل بوەستێنرێت. دەبێت هەموو لایەنەکان و بەتایبەت نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵوێست وەربگرن. بۆ چارەسەری پرسی کورد، بۆ تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئیسرائیل_ئێران، دەڵێین ئاشتی".

سەرەڕای هەموو شتێک، ئاشتی دێتەدی

لەکۆتاییدا گوتی: "لە تورکیا گۆڕانی نوێ دێتەکایەوە. بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجالان، ئەنجامدانی کۆنگرەی پەکەکە، کاریگەرییان لەسەر هەموو بونیادە سیاسییەکان دەبێت. لە ڕاستەوە بۆ چەپ، نەتەوەپەرست و هەموو لایەن و کەسەکان، بیردەکەنەوە و هەڵسەنگاندنەوە بۆ خۆیان دەکەن. بێجگە لە ڕێکخستنی ئاشتی و یەکسانی و دادپەروەری، بژاردەی ترمان نییە. سەرەڕای هەموو شتێک، ئاشتی دێتەدی".