دیاردەی کۆچ؛ لە ١٠ ساڵی کۆتاییدا ١٤٨ هەزار کەس کۆچییان بۆ ئەوروپا کردووە

کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا ڕایگەیان لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا لە سەرجەم ناوچەكانی باشووری کوردستانەوە ١٤٨ هەزار و ٤٠٠ كەس کە زۆرینەیان گەنجن، کۆچیان کردووە بۆ ئەوروپا.

کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا لە بینای شارەوانی ڕانیە، بەهۆی ٧٤ ساڵەی ڕوژی جیهانی پەنابەران كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیان ئەنجامدا. لە کۆنگرەکەدا پەیوەست بە دیاردەی کۆچ و ژمارەی ئەو کەسانەی لە باشووری کوردستانەوە کۆچی وڵاتانی ئەوروپایان کردووە زانیاری خستەڕوو.

بەکر عەلی سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان ڕایگەیاند: لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا لە سەرجەم ناوچەكانی هەرێمی کوردستانەوە ١٤٨ هەزار و ٤٠٠ كەس کۆچیان کردووە بۆ ئەوروپا و لە ناویاندا وڵاتی بەریتانیا، کە زۆرینەی ئەوانە گەنجن.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەو ماوەیەدا ٤١٤ کەس بوونەتە قوربانی و تا ئێستا چەندین کەسیش بێ سەرو و شوێنن، وەک کۆمەڵەکەیان بەردەوام لە سۆراغکردنی ئەو کەسانە.

بەکر عەلی نیگەرانی لە بارەی هەڵوێستی ئیدارەی باشووری کوردستانەوە پەیوەست بە دیاردەکی کۆچبەری دەربڕی، ئەوەیشی ئاشکرا کرد، لە دە ساڵی ڕابردوودا ٣٣ هەزار و ٨٠٠ کەس لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین کۆچیان کردووە و لەوانەش ١١٢ کەس بوونەتە قوربانی.