ترەمپ: سێ دامەزراوەی ئەتۆمی ئێران لەناوبران
دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند هێرشێکی سەرکەووتیان کردووەتە سەر دامەزاروە ئەتۆمییەکانی ئێران و سێ دامەزراوە بە تەواوەتی لەناوبراوون.
دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند هێرشێکی سەرکەووتیان کردووەتە سەر دامەزاروە ئەتۆمییەکانی ئێران و سێ دامەزراوە بە تەواوەتی لەناوبراوون.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو هێرشێکی "زۆر سەرکەوتوو"یان بۆ سەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەتایبەت بۆ سەر فۆردۆ ئەنجامداوە.
ترەمپ: کاتی ئاشتی هاتووە
ترەمپ لە پەیامەکەیدا کە لە 'تروث سۆشیاڵ' بڵاوکراوەتەوە، ڕایگەیاند: "هەموو فڕۆکەکان بە سەلامەتی گەڕاونەتەوە و پیرۆزبایی لە سەربازە مەزنەکانی ئەمریکا دەکەم. لە درێژەدا وتیشی: "کاتی ئاشتی هاتووە."
بەتەواویی لەناوبرا
دۆناڵد ترەمپ بانگەشەی ئەوەی کرد، وێستگەکانی بەرهەمهێنانی ئەتۆم لە ئێران، لە هێرشەکانی ئەمریکادا "بەتەواویی لەناوبراون".
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد: "سەرکردەی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست ئێران، لەمەودوا پێویستە ڕوو لە ئاشتی بکات."
هەڕەشەی هێرشی گەورەتری کرد
ترەمپ وتی، "ئەگەر وا نەکەن، هێرشەکانی داهاتوو گەورەتر و ئاسانتر دەبن" و داوای لە ئێران کرد کە "بەپەلە" ڕوو لە ئاشتی بکات.
'لە چەند خولەکێکدا دەتوانین لەناویان بەرین'
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد: "بیرمان نەچێت کە هێشتا گەلێک ئامانج ماون، ئامانجەکانی ئەمشەو لەم چرکەساتەدا ئامانجە هەرە زەحمەتەکان بوون. بەڵام ئەگەر ئاشتی بەپەلە ڕوونەدات، بەشێوەیەکی هەستیار، خێرا و ئەزمووندار ئامانجەکانی تر دەپێکین."
سەرۆکی ئەمریکا وتیشی: "دەتوانین لە چەند خولەکێکدا، زۆربەیان لەناو بەرین."
فۆکس نیوز: ئەو بۆمبانەی حەشارگەکان تێکدەشکێنن، هاوکات ٣٠ موشەکی تۆماهاوک هاوێژران
بەگوێرەی فۆکس نیوز فڕۆکە جەنگییەB-2 ـەکانی ئەمریکا، پێنج بۆ شەش دانە لەو بۆمبانەیان هاویشتووە کە حەشارگەکان تێکدەشکێنن و وێستگەی ئەتۆمیی فۆردۆیان "بەتەواویی لەناوبرد". وێستگەکانی نەتەنز و ئیسفەهان بە ٣٠ موشەکی تۆماهاوک کرانە ئامانج. فۆکس نیوز بانگەشەی ئەوەی کرد کە "کارە ئەتۆمییەکانی ئێران کۆتاییان هات".
ئێران: هیچ نیشانەیەکی 'پیسبوون'ـی ئەتۆمی بوونی نییە
ئێران ڕایگەیاند، دوای هێرشەکانی ئەمریکا هیچ 'نیشانەیەکی پیسبوون'ـی ئەتۆمی دەرنەکەوتووە. ناوەندی سیستمی ئاسایشی ئەتۆمی و نەتەوەیی سەر بە دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاند: "هیج نیشانەیەکی کۆنتامیناسیۆن 'پیسبوون' دەرنەکەوتووە. هەربۆیە هیچ مەترسییەک لەسەر دانیشتووانی دەوروبەری وێستگەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان بوونی نییە."
ئیسرائیل سنوورە ئاسمانییەکانی داخست
بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل ڕایانگەیاند، سنوورە ئاسمانییەکان "بەهۆی پێشهاتەکانی ئەم دواییەوە" بۆ کاتێکی نادیار دادەخرێن. لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، هاتووچۆ لە "خاڵە سنوورییە وشکانییەکان، (لەگەڵ میسر و ئوردن) ئاساییە."
ئێران: هێرشەکان ناتوانن چالاکییە ئەتۆمییەکان ڕابگرن
دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد کە هێرشەکانی ئەمریکا ناتوانن چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران 'ڕابگرن' و بۆمبارانیان وەکو "کارێکی دڕندانە" پێناسە کرد.
بانگەشە 'خامنەیی جێگرەوەکانی خۆی هەڵبژارد'
بەگوێرەی نیویۆرک تایمز، ڕابەری باڵای ئێران عەلی خامنەیی لە ئەگەری کوژرانی لە شەڕدا، سێ کەسی باوەڕپێکراوی خۆی وەک جێگرەوە هەڵبژاردووە. ئەو سەرکردەیەی کە خۆی لە حەشارگەیەکدا دەشارێتەوە، لە ڕیزی سەرکردایەتیی سەربازیدا چەند کەسێکی هەڵبژاردووە.
ئێران دەیان موشەکی ئاڕاستەی ئیسرائیل کرد: لانیکەم ١٨ کەس بریندار بوون
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئێران لانیکەم ٣٥ موشەکی ئاڕاستەی ئیسرائیل کرد. بووە فراوانترین هێرش لە دەستپێکی شەڕەکەوە. بەگوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل دوو هێرش تۆمارکراون: یەکەمیان لە دوای کاتژمێر ٧:٠٠ـەوە بۆ ماوەیەکی کەم، دووەمیان باکووری وڵاتەکەی کردووەتە ئامانج. لەوانە شارۆن، گوش دان، قودس و دۆڵی ئوردن لە زۆرێک لە ناوچەکان هۆشداریی دراوە. بەگوێرەی ڕاگەیاندراوی بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل زۆربەی موشەکەکان ڕاگیراون. . بەڵام لە١٠ خاڵ کە موشەکەکانی لێ کەوتوون و لە هەندێک ناوچەدا زیانێکی بەرچاو هەبووە. دەگوترێ دوو باڵەخانە لە تەلئەبیب ڕووخاون و لانیکەم ١٨ کەسیش بەهۆی هێرشەکانەوە بریندار بوون.