لە ئەستەنبوڵ کۆنفرانسێک لەسەر پرۆسەی ئاشتی بەڕێوەچوو

لە ناوەندی کولتووری ئەیوب سوڵتان کۆنفرانسی 'ڕێگەخۆشکردن بۆ ئاشتی' بە بەشداری کۆمەڵێک کەسایەتی و نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنیی لە پێناو پەرەدان بە پرۆسەی ئاشتی ئەنجام درا.

بە بەشداریی کۆمەڵێک سیاسەتمەدار، ڕۆشنبیر، هونەرمەند و نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی کۆنفرانسەکە بەڕێوەچوو. لە چالاکییەکدا ڕاگەیاندرا کە پێویستە پڕۆسەی ئاشتی سەرلەنوێ بونیات بنرێتەوە و ڕێخۆشکردن بۆ چارەسەریی دیموکراتیک بکرێت.

لە سەرەتای کۆنفرانسەکەدا ڕەزا تورمەن، دادوەری پێشووی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا دەستی بە قسە کرد و سەبارەت بە چارەسەری پرسی سیاسیی کورد تیشکی خستە سەر گرنگیی بەشداریی کۆمەڵایەتی و دیموکراسیبوون.

تورمەن ئاماژەی بەوە کرد، ئاشتی تەنها دانانی چەک نییە، بە نەهێشتنی هۆکارەکانی هەڵگرتنی چەک پێکدێت و وتی، "بۆئەوەی پڕۆسەی ئاشتی سەرکەوێت، پێویستە گەل بکرێتە بنەما. ئەگەر هۆکارەکانی شەڕ دوور نەخرێنەوە سەرلەنوێ شەڕ دەستپێدەکاتەوە." تورمەن ڕایگەیاند، لە تورکیا ڕژێمی ستەمکار بەربەستی بەردەم کۆمەڵایەتیبوونی ئاشتییە و باسی لەوە کرد، پێویستە واز لە سیاسەتی ئەمنگەرایی بهێنرێت.

لە درێژەی قسەکانیدا تورمەن باسی لەوە کرد، پرسی سیاسیی کورد تەنها پرسێکی نێوان کورد و دەوڵەت نییە و وتی، "پرسەکە پەیوەندی بە سەرانسەری وڵاتەوە هەیە. هەربۆیە چارەسەریش بە مانەوەی ژیانی هاوبەش دەبێت. بۆ ئەوەش پێویستە زمانێکی چارەسەریی هاوبەش بدۆزینەوە."

تورمەن باسی لە دانانی چەند کۆمسیۆنێک کرد کە پلان هەیە لە پەرلەمان دابنرێن و وتی، لەم پڕۆسەیەدا پێویستە جەهەپە نەک تەنها پشتیوان بێت، بەڵکو بە پێشنیاری چارەسەری وەک کارەکتەرێکی چالاک ڕۆڵی هەبێت.

پەیامی دەم پارتی

هاوسەرۆکانی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) پەیامێکییان بۆ کۆنفرانسەکە نارد و لە پەیامەکەدا سڵاو لە ئەنجام دانی کۆنفرانسەکە کراوە و سەنجخراوەتەسەر پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بە شەڕی ئەم دواییەیی نێوان ئیسرائیل و ئێران قوڵتربووەتەوە.

هەر لە پەیامەکەدا جەخت لەسەر گرنگی ڕاوەستاندنی شەڕەکان کراوەتەوە و هاتووە: "ئاشتی بونیاتنانی ژیانێکی یەکسان، ئازاد و دیموکراتیکە.ئاشتی هێندە گرنگ و کاریگەر کە ناتوانرێت بۆ ڕەحمی دەسەڵاتداری جێبهێڵدرێت. لەو باوەڕەداین کۆنفرانسەکەتا هاوکارییەکی باشی هیوکانی ئاشتی دەکات."