ئایە ئێران یۆرانیۆمی پیتێندراوی بەرهەم هێناوە؟

بانگەشەی ئەوە دەکرێت ئێران پێش هێرشەکانی ئەمریکا یۆرانیۆمەکانی گواستووەتەوە بۆ جێگەیەکی جیاواز.

بە گوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، بەرپرسێکی ئێران قسەی بۆ تەلەفیزیۆنی دەوڵەت کردووە و باسی لەوەکردووە پێش هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان، ئێران یۆرانیۆمی پیتێندراوەکانی گواستووەتەوە بۆ جێگەی جیاواز و هەموو ئەو کەسانەی لە دامەزراوەکاندا کاردەکەن ناوەندە ئەتۆمییەکانیان چۆڵکردووە.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکردووە، "کۆمەڵەکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە دامەزراوە ئەتۆمییەکان گواستراونەتەوە و هیچ کەرەستەیەک لە دامەزراوە ئەتۆمییەکان نەماوە ببێتە هۆکاری تیشکدانەوە و مەترسی بۆسەر خەڵک."

بەگوێرەی شرۆڤەکارێکی کۆمپانیای مانگی دەستکردی ماکسار کە قسەی بۆ ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست کردووە، وێنەی مانگە دەستکردەکان دەریدەخەن پێش هێرشەکەی ئەمریکا لە دەوروبەری دامەزراوەی فۆردۆ جموجۆڵی نائاسایی هەبووە. لە ١٩ـی حوزەیران، ١٦بارهەڵگر لە نزیک ئەو ڕێگایەی کە دەچێتە کۆمەڵگەی ژێرزەمینییەوە وەستابوون، بەڵام دوای ڕۆژێک دیارنەمابوون.

ئەو دیمەنانە پشتڕاستی ناکاتەوە یۆرانیۆمە پێتێندراوەکان گواسترابێتنەوە، بەڵام ئاماژەیە بۆئەوەی زانراوە ئەمریکا هێرشی سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان دەکات.

تاران هۆشداری دا: هێرش بۆ سەر خامنەیی هێڵی سوورە

لەلێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز، بەرپرسێکی باڵای ئێران ڕایگەیاند، ئەگەر هەر هێرشێک بۆ سەر ڕابەری ئایینی ئێران عەلی خامنەیی ئەنجام بدرێت 'دەرگای هەموو دانوستانەکان دادەخرێن'. بەگوێرەی قسەکانی ئەو بەرپرسە، هەوڵێکی لەو شێوەیە بەزاندنی هێڵی سوورە و ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ وەڵامێکی 'بێسنوور'.

سوپای پاسداران: پەشیمان دەبنەوە

دوای هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران، سوپای پاسداران بەڵێنی وەڵامێکی توندی دا. بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، بارەگاکانی ئەمریکا لە ناوچەکە خاڵی لاوازن و هیچ هێرشێک ناتوانێت تەکنەلۆژیای ئەتۆمیی ئێران لەناو ببات.

لە هێرشەکاندا بۆ سەر ئیسرائیل لانیکەم ٨٦ کەس برینداربوون

لەو نێوەندەدا بەگوێرەی ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل لە هێرشەکانی ئێراندا دوێنێ شەو لە ئیسرائیل لانیکەم ٨٦ کەس برینداربوون.