"هێرشە فاشیستییەکان ناتوانن زمان و چاندەکەمان ئاسیمیلە بکەن"

کۆمیسیۆنی زمان و چاند و هونەری دەم پارتی قەدەغەکردنی کۆنسێرتی نەچەمە و هێرشکردنە سەر ٤ کرێکاری کوردی شەرمەزار کرد و گوتی: "هیچ هێرشێکی فاشیستی ناتوانێت زمان و چاندەکەمان ئاسیمیلە بکات".

ناوەندی چاندی میزۆپۆتامیا (نەچەمە) بەبۆنەی ٣٢ هەمین ساڵیادی دامەزراندییەوە بڕیار بوو کۆنسێرتێک لە ناوەندی پێشانگای یەحیا کەمال بەیاتلی ساز بکات، بەڵام قایمقامیەتی کوچوکچەکمەجەی ئیستەنبوڵ بەبێ ئەوەی هیچ هۆکارێک بخاتەڕوو، کۆنسێرتەکەی قەدەغە کرد. کۆمیسیۆنی زمان و چاند و هونەر دەم پارتی سەبارەت بە قەدەغەکردنی کۆنسێرتی نەچەمە و هێرشەکانی دژی زمان ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی بڵاوکردەوە.

کۆمیسیۆنەکە ڕایگەیاندووە، قەدەغەکردنی کۆنسێرتی نەچەمە و هێرشکردنە سەر زمان سیاسەتی دەسەڵاتە. کۆمیسیۆن، دووپاتی کردەوە، قایمقامیەتی کوچوکچەکمەجەی ئیستەنبوڵ کۆنسێرتی ناوەندی ڕۆشنبیری میزۆپۆتامیا قەدەغە کردووە و لە ترابزۆن بە هۆی قسەکردن بە زمانی کوردی بە شێوەیەکی دڕندانە هێرش کراوەتە سەر ٤ کرێکاری کورد.

دوژمنایەتیکردنی زمانی کوردی هەیە

کۆمیسیۆنەکە ڕایدەگەیەنێت، زمانی کوردی دووەم زمانە لە ئاستی تورکیا، ئەم هێرشە فاشیستیانە دەری دەخات دوژمنایەتیکردنی زمانی کوردی لەگۆڕێیە. بەپێی یاسا نەتەوەیی و نێونەتەوەییەکان پێویستە زمانی کورد بە یاسا بپارێزرێت و دەستووردا جێ بکرێتەوە.

هێرشەکان بەهۆی سیاسەتی ئاکەپە و مەهەپەوە ئەنجام دەدرێن

کۆمیسیۆنەکە دووپاتی دەکاتەوە، هێرشەکان بەهۆی سیاسەتی ئاکەپە و مەهەپەوە ئەنجام دەدرێن. دەڵێت: "هێرشە فاشیستییەکان ناتوانن زمان و چاندەکەمان ئاسیمیلە بکەن. زمانمان شکۆی ئێمەیە و هەردەم زمانی خۆمان دەپارێزین".