بەر لە چەند رۆژ دەوڵەتی تورک هێرشی کردە سەر هەرێمەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا. ئەو هێرشە کاریگەری کردە سەر چەندین ناوەندی ژیان و مەدەنی. ژمارەیەکی زۆر شەهیدبوون. هاوکات هەمان ئەو هێرشانە کرانە سەر باشووری کوردستان.
چالاکوانی میسری بواری مافەکانی مرۆڤ نیهاد ئەلقازی لەبارەی بابەتەکەوە قسەی کرد و وتی، "تورکیا بەر لە هەموو شتێک لە چەوساندنەوەی گەلی کورد و لە هێرشکردنە سەر هەرێمەکانی کورد هەموو سنوورەکانی بەزاندووە. هەم لە سوریا و هەمیش لە عێراق ئاو وەک چەک و کارتێک بە کاردەهێنێت".
نیهاد ئەل قازی وتی، "مایەی داخە کە حکومەتەکانی ئەوروپا لە بەرامبەر ئەو کردەوانە بێدەنگن، لەبەر ئەوەی یاساکانی رژێمی تورکیا هەموو سنورە دانپێدراوە نێونەتەوەییەکانی بەزاندووە. دەبێت کورد بۆ دروستکردنی لۆبیەک هەنگاو بنێن و بکەونەخۆ و سەردانی وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی بکەن و گەورەترین تاوانەکانی سەدەی ٢١ ئاشکرا بکەن".
ئەکادیمیسیانی عێراقی د. تەیسەر عەبدولجەبار ئەلعەلوسی باسی لەوەکرد ئەوەی رژێمی تورکیا دەیکات، دەکەوێتە خانەی تاوانی گەورەی نێونەتەوەیی و تاوان لە دژی مرۆڤایەتی.
د.تەیسەر عەبدولجەبار ئەل عەلوسی وتی، "پێویستە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەستوەردان بکات و دەستبەجێ شەڕ رابگرێت. هەروەها پێویستە مافی چارەی خۆنوسینی گەلی کوردستان بە فەرمی بناسرێت. ئەوە بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتیەکان و لە چوارچێوەی بەرنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان مافی گەلانی رەسەن دەگرێتەوە.
دەبێت حکومەتی سوریا و عێراق بەهۆی پێشێلکردنی سەروەری خۆیان سکاڵا لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێوندەوڵەتی تۆمار بکەن و دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکانی لاهای و دیوانی دادوەری نێودەوڵەتی پێشوازی لە شاندەکانی کوردستان بکەن".
جێگەی بیرهێنایەوە، لە هێرشەکانی ئەم دواییەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کارگەی خواردن و بەرهەمە کشتوکاڵیەکان، وێستگەکانی نەوت و گاز، ناوەند و بنکە تەندروستیەکان و ژمارەیەک ناوەند و بارەگای ئەمنی و بازرگانی گرنگ و ژێرخانی ئابووری و ناوچەی مەدەنی کرانە ئامانج.
هـ . ب