هەڕەشە لە زیندانیانی مانگرتوو دەکرێت
بەڕێوەبەری زیندانی ئەرغلی هەڕەشەی لە زیندانیانی مانگرتوو کردووە و رایگەیاندووە، "سیستەمی ئیمرالی بەسەرتاندا دەسەپێنین، ئازادیتان ڕادەگرین دەبێ تا دەمرن لێرەدا بن."
بەڕێوەبەری زیندانی ئەرغلی هەڕەشەی لە زیندانیانی مانگرتوو کردووە و رایگەیاندووە، "سیستەمی ئیمرالی بەسەرتاندا دەسەپێنین، ئازادیتان ڕادەگرین دەبێ تا دەمرن لێرەدا بن."
زیندانیانی سیاسی لە ٢٧ی تشرینی دووەمەوە بە داواکاری "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە. چالاکییەکە لە ڕۆژی ١١میندایە. تا ئێستا هیچ هەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی داواکاری زیندانیان نەنراوە. لە وەها ڕەوشێکدا سیاسەتی گوشار و هەڕەشە لە دژی زیندانیان دەستی پێکردووە.
یەکێک لەو زیندانیانەی زیندانی ئەرەغلی کە مانی لە خواردن گرتووە، ئیسماعیل چۆبانە. ڤاجیپ چۆبان برای چۆبان، سەبارەت بە هەڵسوکەوتی بەڕێوەبەری زیندان لە بەرامبەر زیندانیانی مانگرتوو، وتی:" براکەم لە دوایین چاوپێکەوتنماندا وتی ،کە ئیدارەی زیندان هەڕەشەیان لێکردوون و دەڵێن 'لێرەش سیستەمی ئیمرالی جێبەجێ دەکەین، ئازادکردنتان رادەگرین"، هەروەها گوشاری دەروونی دەخاتە سەر زیندانییەکان و دەڵێت؛ "تا دەمرن لێرە دەمێننەوە."
هاوسەرۆکی کۆمەڵەی هاوکاری و پشتیوانی لە بنەماڵەی زیندانیان و سزادەرکراوەکان، ئەرگین ئاڵتونتاش، ئاشکرای کرد کە بەپێی ئەو زانیاریانەی لە هەمان زیندانەوە دەستیان کەوتووە، پێشێلکاری بەرامبەر بە زیندانییەکان کراوە.
ئاڵتونتاش ڕوونی کردەوە کە بەردەوام لە زیندانەکاندا مامەڵەی جیاواز دژ بە زیندانیانی سیاسی دەکرێت و دەڵێت:"بەتایبەت دوای مانگرتن لە خواردن، مامەڵەی خراپ و هەڕەشە زیادی کردووە. بە بنەماڵە و هاوڕێیانی زیندانییە ئازادکراوەکانیان ڕاگەیەندراوە کە ئازادیان ناکەن. هەروەها زانیاری هەیە کە زیندانیان دەخرێنە تاکەکەسیەوە. وەکوو نەریتێک لە دیدارەکاندا زیندانییەکان سڵاو لە کەسوکاری زیندانییەکانی دیکەش دەکەن.بەڵام ڕێگری لەمەش دەکەن."