هەولێرییەکان لە دژی زیادکردنی باج رژانە سەر شەقام
هاوڵاتیانی هەولێر لە دژی بڕیاری زیادکردنی باج لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە، رژانە شەقامەکان و رێگەی ١٠٠ مەتری شارەکەیان داخست.
هاوڵاتیانی هەولێر لە دژی بڕیاری زیادکردنی باج لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە، رژانە شەقامەکان و رێگەی ١٠٠ مەتری شارەکەیان داخست.
سەرباری نیگەرانییەکانی هاوڵاتیانی هەرێم بەرامبەر دۆخی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خزمەتگوزارییەکان و دابەشکردنی موچە، بەپێچەوانەی داواکاری هاوڵاتیان تادێت حکومەتی هەرێمی کوردستان باری هاوڵاتیان قورستر دەکات و رێژەی باج زیاد دەکات.
لە هەوڵێکی نوێی حکومەتی هەرێم بۆ زیادکردنی باج، بڕیاریداوە ئەو کەسانەی دەیانەوێت ئۆتۆمبێل بکڕن یان بیفرۆشن، لە ژێر ناوی گرێبەستی ئەلیکترۆنیدا پێویستە ١٠٠ دۆلار وەک باج بداتە حکومەت. هاوڵاتیان ناڕەزایەتییەکی زۆریان بەرامبەر بەو بڕیارە دەربری و بڕیارەکە رەتدەکەنەوە.
لە چوارچێوەی ناڕەزایەتیەکاندا ئەمڕۆ ژمارەیەکی بەرچاو لە خاوەنی پێشانگاکانی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل و هاوڵاتیانی هەولێر دەستیان بە خۆپیشاندان کرد و رێگای ١٠٠ مەتری شارەکەیان داخست. هاوڵاتیان داوا لە حکومەت دەکەن ئەو بڕیارە هەڵبوەشێنێتەوە و لەوە زیاتر بارگرانی لە سەر هاوڵاتیان دروست نەکات.
بەشێک لە هاوڵاتیان لە ناوخۆپیشاندانەکەوە باس لەوە دەکەن ئەو بڕیارە ناچاریان دەکات کۆچ بکەن و ژیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە و وڵات جێبهێڵن. لەبەر ئەوەی حکومەت هیچ هەلێکی بۆ ژیان نەهێشتوەتەوە و تادێت باری ژیانی هاوڵاتیان قورستر دەبێت و ئەوەش مایەی قەبوڵکردن نییە.
هـ. ب