جیک بانگەوازی کرد بۆ بەرخۆدانی سەرتاسەری دژی هێرشی داگیرکاری

جیک هاوکاری پەدەکەی بۆ هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان وەک خیانەت پێناسەکرد و بانگەوازی لە جڤاکی کورد کرد دژی داگیرکاری لە هەموو گۆڕەپانێک هەڵوێست نیشان بدەن.

هەڵوێست دژی هێرشی داگیرکاری

جڤاکی ئیسلامیی کوردستان (جیک) بە ڕاگەیاندراوێکی نووسراو هێرشی دەوڵەتی تورکی بۆ سەر باشووری کوردستان شەرمەزار کرد.

جیک ڕایدەگەیەنێت دەوڵەتی تورک سڤیلی بێ تاوان دەکاتە ئامانج دەڵێت: "ئەم هێرشە هەوڵێکی داگیرکارییە و هێرشێکە دژی ئیرادە و خاک و مافی ژیانی گەلی کورد".

جیک هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک شەرمەزار دەکات، دووپاتی دەکاتەوە ئەم هێرشانە دژی هەموو بەهاکانی ئیسلامە و حەرامە، دەڵێت: "لەسەر بناغەی ڕێساکانی ئاشتی و دادپەروەری ئیسلامی درێژە بە تێکۆشان دەدەین دژی ئەم داگیرکارییە. بە ڕێگەی ئاشتییانە و یاسایی دژی ئەم نادادییانە بەرخۆان دەکەین. بانگەواز لە جڤاکی نێونەتەوەیی دەکەین دژی ئەم زوڵمە بوەستنەوە و لە چوارچێوەی دادپەروەری مافەکانی مرۆڤدا بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن".

جیک هەروەها دەڵێت: "هەر هەڵوێستێک کە بەرامبەر زیانەکانی گەلەکەی بێدەنگە و پشتگیری لە دوژمن دەکات، گورزێکە لە یەکێتیی جڤاکی کورد. خیانەتی لەم جۆرە قبووڵ ناکرێت و لە یادی گەلی کورددا وەک پەڵەیەکی ڕەش دەمێنێتەوە".

لە کۆتاییدا دەڵێت: "بانگەواز لە هەموو جیهان دەکەین، ئێمەی جڤاکی کورد تا کۆتایی دژی ئەم داگیرکاریی و ستەمە بەرخۆدان دەکەین. تێکۆشانمان بۆ ماف و دادپەروەری بەردەوام دەبێت. ئێمەی جڤاکی کورد لە هەرکوێیەک بین، دژی ئەم هێرشە داگیرکارییانە و پەیوەندییەکانی هاوکاری دەوەستینەوە".