جیک: نابێت کورد بڕوا بە دامەزراوەی کاروباری ئایینی دەوڵەتی تورک بکات

سەرۆکی گشتیی کۆمەڵەی ئیسلامی کوردستان (جیک) ئەحمەد حافز تورهالی ئەوەی خستەڕوو، کە دەوڵەتی تورک لە رێگەی سەرۆکایەتی کاروباری ئایینی (دیانەت) نەژادپەرستی تورک دەسەپێنێت و نابێت کورد متمانەی بەو دامەزراوەیە هەبێت.

سەرۆکی گشتیی جیک ئەحمەد حافز تورهالی ئاماژەی بەوەکرد، کە سەرۆکایەتی کاروباری ئایینی دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەی تورانیزم و تورکبوون بە زیندوویی رابگرێت لە هەوڵێکی بەردەوامە و پێشنوێژان و بانگخوازانی ناڕەوان. ئەوەشی خستەڕوو کە ئەوەی بەسەر پێشنوێژی مزگەوتێکی پاسوری ئامەددا هاتووە دەری دەخات کە سەرۆکایەتی دیانەت هیچ پەیوەندییەکی بە ئیسلامەوە نییە.

ئەحمەد حافز تورهالی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ئەوەی خستەڕوو، کە لێدان لە پێشونوێژی مزگەوتێکی پاسووری ئامەد لەلایەن قایمقام و پاسەوانەکانی لە رووی ئاشکراکردنی ئەوەی دەوڵەتی تورک بە چ شێوەیەک ئایین بەکاردەهێنێت گرنگە.

تورهالی وتی، "دەوڵەت بۆ ئەوەی ئایین ئاوێتەی نەژادپەرستی تورک و کەمالیزمی سەوز بکات، بیخاتە خزمەت خۆیەوە و بیرکردنەوەی تورانیزم لە ئاناتۆلی و کوردستان جێگیر بکات، ئایین بەکاردەهێنێت. بۆ ئەوەی سەرۆکایەتی کاروباری ئایینی هەموو مزگەوتەکانی خستووەتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە. سەرباری ئەوەی لە پاسووری ئامەد چەندین مزگەوت دیکەی هەیە، بەڵام قائیمقام تەنیا دەچێتە ئەو مزگەوتە، چونکە متمانەی تەواوەتیان بە پێشنوێژەکەی نییە. بە نیازی ئەوەی چاودێری بکەن دەچنە ئەوێ. دوای وتاری ئەو پێشنوێژە، هەر بە مایکڕۆفۆنەکە لەو پێشنوێژە دەدەن. ئەمەش دەریدەخات کە چۆن لە کوردستان ئایین کۆنتڕۆڵکراوە. و جگە لە وتاری فەرمی دەوڵەت رێگە بە هیچ قسەیەکی ئایینی نادرێت. لەم رووەوە ئەو دۆخە نمونەیەکی بەرچاوە".

'سەرۆکایەتی دیانەت دامەزراوەیەکی ئیسلامی نییە'

تورهالی ئەوەی خستەڕوو کە سەرۆکایەتی کاروباری ئایینی (دیانەت) دامەزراوەیەکی ئیسلامی نییە و تەنیا لە لایەن دەوڵەتەوە بۆ زیندووراگرتنی تورانیزم و تورکبوون بەکاردەهێندرێت و بەو ئاراستەدا بە بەردەوامی لە کاردایە. ئەو رووداوەی بەسەر پێشنوێژی مزگەوتەکەی پاسووردا هات، دەرخەری ئەوەیە، تەنانەت دوای ئەوەی وتی 'باوکم جەردەوانە و برایەکیشم کارمەندی دەوڵەتە' هیچ یەک لەوانە دادی نەدا و لە توڕەیی دەوڵەت قوتاری نەبوو. بۆ ئەوانەی بە خۆیان دەڵێن مسوڵمان، وتەیەکمان هەیە. وەک پێوان و بنەما، لەبەر ئەوەی لە بری قورئان بڕواتان بە ئایینی دەوڵەت هێناوە، تووشی رووداوی بەو جۆرە دەبن. دەبێت ئەوە بە بیر بهێنینەوە کە دیانەت دامەزراوەیەکە کە بە ئایدۆلۆژیای فەرمی دەوڵەتەوە بەستراوەتەوە.

هاوکات داواشی لە مسوڵمانانی راستەقینە لە کوردستان کرد، نەچنە ئەو مزگەوتانەی لەلایەن سەرۆکایەتی کاروباری ئایینیەوە پێشنوێژیان بۆ دانراوە و لە پشت ئەو جۆرە پێشونوێژانەوە نوێژ نەکەن و جەختی کردەوە، "مینبەری پێغەمبەر، بۆ وتنی راستیەکان دامەزراوە، مینبەر پێغەمبەر بۆ دامەزراندنی دادپەروەری دامەزراوە. لە تورکیا مینبەر و میحرابی مزگەوت بۆ رەوایەتیدان بە تاوان و حەرامی و ستەمی دەوڵەت دروست کراون".

'شوێنیان مەکەون'

تورهالی وتی، "با نەکەوینە شوێنیان، نەجینە مزگەوتەکانیان، مزگەوتیان کردووە بە شوێنێکی پەرستنی دەوڵەت. مزگەوت شوێنی کۆمەڵگا و نەتەوەکانە. داوا لە کوردان دەکەم، ئێوە نەوەی سەڵاحەدینی ئەیوبی، شێخ سەعید و مەلا سەعیدی کوردین، چۆن دەتوانن بچنە ئەو مزگەوتانەی لە ژێر کۆنتڕۆڵی نەوەکانی تورانیزم و کەمالیزم و لەوێ گوێ لە وتاری ئەوانە بگرن؟ دەبێت کوردان چیتر نەچنە مزگەوتەکانی دەوڵەتی تورانی. ئێوە ناتوانن لە سەر ناوی ئایین هیچتان دەستبکەوێت، بە پێچەوانەوە دەبنە دوژمنی ئیسلام و مرۆڤایەتی. بگەڕێنەوە بۆ کولتوری حوجرەکان و سەیدا و کولتوری ئیسلامی. بگەڕێنەوە بۆ راستی. باوەڕ بە فەتواکانیان مەکەن. ئەوان لە پێناو دەسەڵات و بۆ لەناوبردنی ئیسلام و مرۆڤایەتی فەتوا دەدەن. پێشنوێژی ئەو مزگەوتە لەبەر ئەوەی وتاری لەبارەی هێزە کوژراوەکانی دەوڵەت نەداوە، کراوەتە ئامانج. کاربەدەستانی دەوڵەتی تورک و وەزارەتی ناوخۆ رەوایەتی بەوەدەدەن".

'داگیرکەران نابنە شەهید'

تورهالی بە بیری هێنایەوە کە چەمکی شەهیدبوون لە ئیسلامدا بە ئایەت و حەدیس یەکلا کراوەتەوە و ئەم هەڵسەنگاندنەی کرد، "کێ لەپێناو پاراستنی ماڵ، ئایین، هەروەها لە دژی دەستدرێژی بۆ سەر ناموسەکەی شەڕ بکات و بمرێت، شەهیدە. ئەو کەسەی لە کاتی  داگیرکردنی وڵاتێک، کوشتنی خەڵکی دیکە و دەستبەسەرداگرتنی موڵ و ماڵی کەسێکی دیکە بکوژرێت، چۆن دەبێتە شەهید؟ کورد لە پێناو پاراستنی ژیان، شەرەف، خاک و ئایینیان تێدەکۆشن. بە پێی قورئان و حەدیس کورد شەهیدە. داگیرکەر شەهید نییە. ئەوەی ماڵ و موڵکی کەسی دیکە تاڵان بکات شەهید نییە. بە شەهید دانانی ئەو کەسانە پێچەوانەی ئایینە".

هـ . ب