کامەران عوسمان: هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان بەردەوامە

ئەندامی تیمی سی پی تی ئەمریکی، کامەران عوسمان ئاماژەی بەوەدا هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆسەر باشووری کوردستان بەردەوامە و تەنانەت لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی کۆنگرەکی پەکەکەدا ٦١ جار چیایی گارە بۆردوومان کراوە.

پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ڕۆژانی ٥، ٦، و ٧ی ئایاردا لە دوو گۆرەپانی جیاوازی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا ١٢‌ـەمین کۆنگرەی خۆی بە دەرخستنی کۆمەڵێک بڕیاری مێژوویی گرنگ بە مەبەستی دەرفەتکردنەوە بۆ بانگەوازییە مێژووییەکەی ٢٧ی شوباتی ڕێبەر ئاپۆ، ئەنجام دا.

بڕیارەکانی کۆنگرە لەسەر ئاستی هەرێمی و جیهانی پێشوازی ئەرێنی لێ کرا، ڕای گشتی لە چاوەڕوانی ئەوەدا بوو بە بڕیارەکانی کۆنگرە سوپای تورک کۆتای بە هێرش و تاوانە جەنگییەکانی بهینێت لە هەرێمەکانی گەریلا و باشووری کوردستاندا.

پەیوەست بە هێرشەکانی سوپای تورکیا ئەندامی تیمی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی، کامەران عوسمان لە دیمانەیەکیدا بۆ ئاژانسی میزۆپۆتامیا ئاماژەی بەوەکردووە، تەنانەت لە دوای کۆنگرە هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆسەر باشووری کوردستان درێژەی هەیە.

کامەران عوسمان ئاشکرای کردووە لە مانگی نیساندا سوپای تورک ٢١٠ جار جۆردوومان و تاوانی جەنگی ئەنجام داوە کە ٩٢ هێرشییان لە سنووری پارێزگای دهۆکدا بووە.

لە ڕاپۆرتی سی پی تییدا کە کامەران عوسمان خستووەیەتیەڕوو، ئاماژە بەوەکراوە بە بەروارد بە مانگی ئادار هێرشەکانی سوپای تورکیا ٩٢٪ زیادی کردووە. کامەران عوسمان ئاماژەی بەوەشداوە لە دوی کۆنگرەی پەکەکەوە تا ئێستا نزیکەی ٢٠٠ هێرش و بۆردوومان بۆسەر چیایی گارە و مەتینای سنووری ئامێدی ئەنجام دراوە.

کامەران عوسمان لە قسەکانییدا سەرنجی خستووەتەسەر پرۆسەی چارەسەری و دەڵێت: "بە بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە دەبوایە سوپای تورکیا سەرجەم هێرشەکانی بوەستاندایە، چونکە بەردەوامی ئەم هێرشانە ئاستەنگییە لە پرۆسەی ئاشتی. پیویستە تورکیا کۆتای بە دەربڕینی 'کۆتای بە تیرۆر دەهێنم' بهێنێت و هەنگاو بۆ زەمینەسازی و زمانی ئاشتییانە بنێت."

کامەران عوسمان لە بەشێکی دیکەی قسەکانییدا ئاماژەی بە ڕاپۆرتکردنی هێرشەکانی سوپای تورکیا کردووە و دەڵێت: "هەموو ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورک کە بە پێشلکردنی مافەکانی مرۆڤ دەیکاتە سەر جوتیاران، مەدەنی و گوندنشینان بە ڕاپۆرت پێشکەشی کۆمەڵگەی  نێونەتەوەیی دەکەن. لە پێناو رەخساندی زەمینە بۆ پرۆسەی ئاشتی وەک سی پی تی هەموو پێشلکارییەکانی مافی مرۆڤ تۆمار دەکەین."