کاڤ: لە زیندانی ئامەد هەوڵی لەناوبردنی گەلی کورد درا

فواد کاڤ: "حکومەتی تورک دەیویست ئیرادەی نەتەوەی کورد لە کەسایەتی زیندانیانی زیندانی ئامەدا بشکێنێت، ئامانجی هیتلەر لە کەمپەکاندا چۆن بوو، ئامانجی کردەوەکانی زیندانی ئامەدیش وەها بوو، چالاکییەکەی هەڤاڵ مەزڵوم بە ڕوونی نەخشە ڕێگاکەی ئاشکرا کرد."

فواد کاڤ، سیاسەتمەداری کورد کە لە زیندانی ئامەد ماوەیەکی بە سەر بردووە، سەبارەت بە زیندانی ئامەد کە یەکێکە لە ناوەندەکانی ئەشکەنجەی حکومەتی تورک و لە دژی چەمکی لەناوبردن و کۆمەڵکوژی مانیفێستی بەرخۆدانی شۆڕشگێڕانی پەکەکە تێیدا سەری هەڵداوە، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد. بەشی یەکەمی چاوپێکەوتنەکە وەهایە.

فواد کاڤ وتی: "کاتێک باس لە زیندانی ئامەد دەکرێت بێگومان تەنها بە ئەشکەنجە یان تەنها لەگەڵ ئەسەد ئۆکتای یڵدرم و کەماڵ یامک (بەرپرسانی فاشیستی زیندانی ئامەد لەو ماوەیەدا) باسەکان کورت بکرێتەوە بەس نییە. بێگومان پێویستە بە جۆرێک هەڵسەنگێندرێت کە نیشان بدرێت کە چ جۆرە دڕندەیییەک بەرامبەر نەتەوەیەک، گەلێک کراوە. چونکە ئەو زیندانیانەی لەوێ بوون زیندانی کورد بوون، کادیرانی بەرچاوی پەکەکە بوون. بۆیە ئەو ئەشکەنجە و کردەوانەی لەو چوارچێوەیەدا ئەنجامدرا، ئەشکەنجە و کردەوەیەک بوون دژی گەلی کورد، دژی نەتەوەی کورد ئەنجامدران. چونکە ئەوانەی لەوێ بوون بەهۆی کردەوەی تاوانکاری شەخسی خۆیانەوە زیندان نەکرابوون. بەڵکوو بۆ ئازادیی کوردستان و گەلی کورد خرابوونە زیندانەوە. هەر بەو بۆنەوە ئەشکەنجە و کردەوەیەک کە لە دژی زیندانیانی کورد بەڕێوە چوو، "ڕەنگە ئەم شوێنە بچووک و تەسک بووبێت، بەڵام کاریگەرییەکانی زۆر بەرفراوان بوون."

کاڤ، جەختی لەوە کردەوە: "ئامانجی دوژمن زۆر قووڵ بوو. ئەو ژنراڵە تاوانبارانەی کە بە شێوەیەکی سەرەکی بەرپرسیار بوون لە هاتنی حکومەتی تورک یان ڕوونتر بڵێین ڕژێمی 12ی ئەیلول، زۆر باش ئەمەیان دەزانی" وتی، بە واتایەکی تر تەنها بۆ تۆڵەسەندنەوە لە زیندانیان ئەم کارەیان نەکردووە، بەڵکوو ئەوان لە کەسایەتی ئەو زیندانیانەدا ویستیان ئیرادەی نەتەوەیەک بشکێنن و تەسلیمی بگرن. ئەمە تەواوی پڕۆژەکەیان بوو. ئەم پرسە لە چوارچێوەی چەمکێک دا ئامادە کرابوو. چونکە کەنعان ئەڤرەن وای گوتبوو و بەم شێوەیە ئەشکەنجەدانەکان بە شێوەیەکی دڕندانە جێبەجێ کرا."

'هاوشێوەی کەمپی هیتلەر بوو'

لە درێژەی قسەکانیدا کاڤ وەها پێناسەکانی دەکات: "ئامانج و ئارمانجی هیتلەر لە کەمپەکاندا لە جەنگی جیهانی دووەم هەرچییەک بووبێت، ئامانج و ئارمانجی کردارەکانی زیندانی ئامەدیش وەها بوون، هەر بۆیە کاتێک باسی زیندانی ژمارە ٥ دەکرێت، تەنها ئەشکەنجەدانی ژمارەیەک کورد یان کادیری دیاری پەکەکە و پرۆسەیەکی دڕندانە نییە. ئەگەر ئەو ڕۆژانە بە ئامانجی خۆیان بگەیشتبان، ئەگەر زیندانیان تەسلیم ببوان، ئەگەر خیانەت هەبووایە، بێگومان پەکەکە لە ساڵانی دواییدا زیانێکی گەورەی بەر دەکەوت. بێگومان لەبەر ئەوەی سەرۆک ئاپۆ لە دەرەوەی وڵات بوو، زۆر زەحمەت نەدەبوو پەکەکە ڕێکبخاتەوە. بەڵام ئەمە کاتێکی زۆری دەویست. چونکە خواستی پاکتاوکردن کە واتای تەسلیمبوون و خیانەتکردن بوو لە زیندانی ئامەد دا، زۆر قووڵ بووەوە."

'زیندانیان بەرگریان لە سیاسەتی پەکەکە و نەتەوەی کورد کرد'

لەو چوارچێوەیەدا هەم ئامانج و ئارمانجی دوژمن و هەم ئامانج و ئارمانجی زیندانیانی زیندانی ئامەد لە ڕوانگەی ئەوانەوە بە شێوەیەکی ستراتژی بوون. ئەوانەی ڕژێمی 12ی ئەیلولیان دروستکردبوو، پڕۆژە و چەمکی تەسلیمبوونی زیندانی ئامەدیان فەراهەم کردبوو. ئامانجیان ئەوە بوو کە هەموو زیندانیان لەبەردەم دادگا تەسلیم بن. مەبەستی زیندانیانیش بەرەنگاربوونەوەی ئەم خواستە بوو. بە واتایەکی تر تەسلیم نەبوون و خیانەت نەکرا. بەرگری لە پەکەکە، سیاسەت و ئایدۆلۆژی پەکەکە و بێگومان نەتەوەی کورد و گەلی کوردستان بوو. وتیان: "کوردمان لە گۆڕەکاندا ناشت، ئەمڕۆش لێرە لە زینداندا دەیاننێژین. زیندانیان بە تایبەتی مەزڵوم دۆغان و خەیری دورمووش، کەماڵ پیر و هەڤاڵانی دیکە لە وڵامدا وتیان: "نا، ئێوە لە ڕابردوودا کوردتان بە خاک دەسپارد، لە کاتێکدا سەرۆک ئاپۆ بۆ زیندووکردنەوەی ئەم گەلە بەدوای ڕێگا و ئامرازەکاندا دەگەڕا و سەرئەنجام پەکەکەی دروستکرد". بۆیە ئامانج و خواستی سەرەکی پەکەکە هێنانە دەرەوە و زیندووکردنەوەی ئەو نەتەوەیە بوو کە نێژرا بوو و بەسەریدا کۆنکرێت کرا بوو. واتە بەخشینی بیر و مێشک، ڕۆح و ژیانی دوبارە. لەم ڕوانگەیەوە زیندانی ئامەد ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان دوو هێز بوو، دوو هێز کە دەیانویست بەسەر یەکدا سەرکەون و ستراتیژییەکانی هەردوو ‌هێزەکەش وەها بوو، یەکێکیان سەپاندنی تەسلیمیەت و خیانەت بوو، کە ستراتیژی و چەمکی دوژمن بوو و ئەوی تریان زیندانییە شۆڕشگێڕەکان بوون، کە دژی ئەم چەمکە وەستانەوە و بەرخۆدانێکی ستراتژیی گەورەیان بەڕێوە برد."

'هەموو شێوازەکانی ئەشکەنجەدانی جیهانیان بەکارهێنا'

هەر بۆیە هەمیشە دەپرسن بۆ ئەم مەبەستە چییان کردووە؟ چونکە گرتنی دیلە شۆڕشگێڕەکان و ناچارکردنیان بە خیانەت کارێکی ئاسان نییە. دەپرسن ئامرازی ئەم کارە چی بووە؟ وڵامی ئەمە لە ڕاستیدا دەیان جار وەڵام دراوەتەوە. لە دەیان کتێبدا باس و ڕوونکردنەوەی لەسەر کراوە. بەڵام بەداخەوە هێشتا بەس نییە.

بۆ ئەوەی حکومەتی سەربازی بتوانێت ئامانجەکەی بەدەست بهێنێ، دەبوو ئامرازی گونجاو بەکار بهێنرێت. یەکێک لەو ئامرازانە ئەشکەنجە بوو. بە هەموو شێوازە دڕندەییەکانیەوە جێبەجێ دەکرا.

دەتوانم ئەمە بڵێم، مرۆڤێک تا چەند دەتوانێت بیر بکاتەوە؟ یان سنووری بیرکردنەوە چەندە؟ لە دنیادا چەند جۆری ئەشکەنجە هەیە، ئەو جۆرە ئەشکەنجانەی حکومەتەکان دروستیان کردووە، هەموو ئەمانە لە زیندانی ئامەد دا بەکارهێنراون. چونکە ئامانجەکانیان گەورە بوون. بەگوێرەی ئەو ئامانجانە دەبێت ئامرازەکانی ئەشکەنجەدانیش گەورە بن. دەبوو قووڵ بێت. پێویستە هەم درشت و هەم ورد بێت. پێویستە هەم ئایدۆلۆژی و هەم سیاسی بێت. ئەمەش بەو مانایەیە کە لە نێوان هەموو ئەو کردەوانەی کە لە ئەمریکای لاتین جێبەجێ دەکرێن، هەموو جۆرەکانی ئەشکەنجەدان کە لە سەردەمی عوسمانییەکان ئەزموون کراون لە ماوەی ٣-٤ ساڵدا بەسەرماندا جێبەجێ کراوە. واتا لە دژی زیندانیانی ئامەد جێبەجێ کرا.

لە گەرمای هاویندا، واتە لە پلەی گەرمی ٥٠دا، زیندانیان ناچار دەکران بە ڕووتی لەسەر زەوینی چیمەنتۆدا بخزێن. لە زستاندا لە ژێر بەفردا زیندانیان ناچار دەکران بە ڕووتی لەسەر بەفردا بخزێن. لەناو چاڵی ئاوەڕۆدا دەهێڵرانەوە و سەریان دەخرا ژێر ئاوەڕۆەکەوە. هەندێک جار چەندین سەعات لە چاڵەکاندا دەیانهێشتنەوە. برسێتی و تینوێتی لە ڕاستیدا وەک جۆرێک لە ئەشکەنجەدان بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە جێبەجێ دەکرا. هێرش دەکرایە سەر زیندانیان و بە دار لێیان دەدرا. ڕەنگە لە خولەکێکدا ئەمانە ڕوون بکەمەوە، بەڵام ئەو جۆرە ئەشکەنجەدانانە لە بەیانییەوە تا ئێوارە، لە ئێوارەوە تا بەیانی جێبەجێ دەکران. واتا شەو و ڕۆژ ئەشکەنجە دەدران.

بەڵام گەورەترین ئەشکەنجە لە چوارچێوەی ئایدیۆلۆژییدا ئەوە بوو کە قسەکردن بە زمانی کوردی قەدەغە کرا بوو. بە واتایەکی تر لە کاتی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکان بە کوردی قسەکردن قەدەغە بوو. ئەمە لە کاتێکدایە کە ٩٥٪ بنەماڵەکان زمانی تورکییان نەدەزانی. لەبەر ئەوەی تورکییان نەدەزانی تەنها دەهاتن یەک، دوو خولەک، سەیری ناو چاوەکانمانیان دەکرد و پاشان دەڕۆیشتن. ئەگەر یەک وشەی کوردی بە هەڵە قسە بکرایە، هەردوو لایەن، زیندانی و بنەماڵە، چەندین سەعات ئەشکەنجە دەدران یان دەستگیر دەکران. ڕووبەڕووی کابینی میوانان تابلۆیەک هەبوو کە لەسەری نووسرابوو: "تورکی قسە بکە، زۆر قسە بکە". ئەوە نوسراوە بۆ خۆی جۆرێک بوو لە ئەشکەنجەدان.

لەم ڕووەوە ئەسەد ئۆکتای یڵدرم ئەو کەسەی کە لە ساڵی ١٩٧٤دا لە کاتی داگیرکردنی قوبرسدا فەرماندی کەمپی قوبرسی و یۆنانیەکان  بوو، کرا بە بەرپرسی ئاسایشی ناوخۆی زیندانەکان. فەرماندەی سپای ٧ کە ناوی کەماڵ یاماک بوو هەروەها یەکێک بوو لەو کەسانەی که به ڕپرسی یەکەمی ڕێکخستنی تایبەتی دژه گەریلا ( کۆنترا گەریلا) بوو له تورکیه . لە ڕاستیدا ئەو کەسە مووچەی لە ئەمریکاوە وەردەگرت. بەرپرسی زیندانیش بوو. لەگەڵ دادوەر و داواکاری گشتی تیمێک بوون. هەوڵیان دا بەو پێیەی پێیان دەوترێت یاسا و ڕێساکان ئیرادەمان بشکێنن. ئەسەد ئۆکتای لە ڕاستیدا لە ڕێکخراوێکی یەکێتی گەنجانی تەسلیم بووی کەمالیست بوو. بۆ نموونە شاهین دانمەز، یڵدرم مەرکیت، خدر ئاکبالیک... هەموویان لە تەسلیم بووەکانی سەرەکی بوون. زیندانییەکانیان ئەشکەنجە دەدا و هەوڵیان دەدا بیانکێشنە ناو تۆڕی تەسفیەکارانەوە. بەو پێیەی زۆربەیان لە دەرەوەی زیندان بەرپرسیار بوون، دەیانزانی لە کوێن و چی دەکەن. هەر بەو هۆیەشەوە چوونە سەر ژوورەکانی زیندانیان و هێرشیان کردە سەریان.

ئەم سێ ستوونە؛ بە واتایەکی تر، جگە لە تیمی ئەشکەنجەدان کە بە سەرکردایەتی ئەسەد ئۆکتای پێکهاتبوو، ئەو گروپەی کە بە یاسا و بەناو پەیڕەوی یاسایی بە سەرکردایەتی دادوەرەکان پێکهێنرا، کۆمەڵێک لە تەسلیم بووەکانیش لەگەڵیان بوون. مەحاڵ بوو ئەو زیندانیانەی کە لە سنووری کاری ئەواندا مابوونەوە لە بەیانییەوە تا ئێوارە ئەشکەنجە نەدرێن. هەر لەبەر ئەم هۆکارە زیندانی زۆر گەیشتنە ئاستێک کە ئیتر بەرامبەر ئەشکەنجەکان تەسلیم بوون. یان بەلایەنی کەمەوە ٦٠٪ی  زیندانیان نەیاندەزانی چی بکەن و چۆن هەڵسوکەوت بکەن. چونکە لەلایەک ئەشکەنجەدان و لەلایەکی تر سزادان هەبوو. بە واتایەکی تر سزاکان لە چوارچێوەی یاساییدا پەرەیان پێدرا و لە لایەک دانپێدانان و خیانەت پەرەی پێ دەدرا. بێگومان ئەو زیندانیانەی کە نەیاندەویست خیانەت بکەن یان تەسلیم بن، دەبوو ڕووبەڕووی مەترسی ئەشکەنجەکان ببنەوە. بەڵام لەژێر ئەو ئەشکەنجە قورسانەدا زۆر کەس لاواز و نەخۆش و وەک مردوویەکیان لێهات. بێگومان مەرجەکانی وەک ئەوەی تا کۆتایی بەرخۆدان بکەن و رووبەڕووی یاسا قورسەکانی زیندان ببنەوە تا کۆتایی، پرسێکی قورس بوو. بەڵام لە لایەکی ترەوە ئەوانەیش کە خۆیان بەدەستەوە دابوو بەهەمان شێوە ئەشکەنجە دران. کەواتە گرنگترین لایەنی بابەتەکە، ئەوەندەی من دەمبینی، ئەشکەنجەدان بوو. بۆیە ئەگەر تەسلیمیش بیت، ڕزگار نەدەبووی.

 'ئەوان دەیانویست قەسابخانەیەک بۆ گەلی کورد دروست بکەن!'

دەتوانم بڵێم زیندانییەکان لە دۆخێکدا بوون کە بە رێگەی دەستەکانیان لە تاریکییەکی تەواو دا دەڕۆیشتن. لەم ڕوانگەیەوە زیندانی ئامەد بە یەک ڕستە وەسف ناکرێت. کەواتە، دەتوانیت وەکو هەزار تۆی تاریک وەسفی بکەیت. دەکرێ پێی بڵێین سەردەمی دڕندەیی. هەروەها دەکرێ بڵێین گۆڕەپانێک بوو کە ئەشکەنجەدان و کردەوەکان لە قووڵترین ئاستی خۆیاندا ئەنجام دەدران. دەکرێ بە قەسابخانە ناوی ببەین کە نەتەوەی کورد و گەلی کورد تێدا کۆمەڵکوژ دەکران. بە واتایەکی تر لە ڕاستیدا قەسابخانەیە. لەم چوارچێوەیەدا هەم شکاندنی کەسایەتی و تەسلیم گرتن، هەم ئاسمیلە وکۆمەڵکوژیی کورد ئەنجام دەدرا.

"بەدواداچوون دەستی پێکردبوو، دەبوو کارێک بکرێت..."

کاڤ بە ئاماژە بەوەی کە بەدواداچوونی زیندانییەکان دژی ڕژێمی ستەمکار و فاشیست دەستی پێکرد، وتی؛

ئیتر گەیشتینە خاڵێک کە هەڤاڵانمان مەزڵوم، کەماڵ و خەیری دەستیان بە هەوڵدانەکانیان کرد. بە واتایەکی تر دەستیان کرد بە بەدواداچوون. چونکە ئەگەر ڕێگری لە دۆخەکە نەکرابا، ڕەنگە کۆمەڵکوژی ڕوویدابا. ئەو ڕاستییە دەرکەوت کە ئیرادەی نەتەوە و گەلی کورد بە تەواوی بشکێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​هەڤاڵ مەزڵوم دۆغان لەو بڕوایەد وابوو کە پێویستە پێش لەم کارە بگیردرێت و شەوی ٢١ی ئاداری ١٩٨٢ بە داگیرساندنی سێ چڵە شقارتە خۆی فیدا کرد. چالاکییەکەی هەڤاڵ مەزڵوم لە بەرزترین ئاستدا فەداکاریی بوو. لە هەمان کاتدا ڕووناکی بوو. ئۆپەراسیۆنێک بوو کە بە ڕوونی نەخشەڕێگاکەی ئاشکرا کرد.

ئەمە خۆکوژیی نییە، ئۆپەراسیۆنە ئاوی پێدا مەکەن!

ڕەنگە لە زۆر شوێنی جیهان کەسانێک هەبووبن وەک تاک لەدژی ناڕەزایەتییەک ئاگریان لە خۆیان بەردابێت، بەڵام لە هیچ شوێنێکی جیهاندا چوار زیندانی کۆنەبوونەتەوە و بە ڕشتنی نەوت بە سەر خۆیاندا لە گۆشەیەکی دابڕاوی زیندان خۆیان ئاگر بدەن، تەنیا کەسانێک دەتوانن ئەم کارە بکەن کە بەڕاستی بە ئایدۆلۆژی پەکەکە ئاوێتە بوبێتن و بەڕاستی ئاگاداری سیاسەتەکانی بن و لە کەسایەتی و پێکهاتە ئەخلاقییەکەی تێگەیشتبێتن و قبوڵیان کردبێ. ئەگەرنا هیچ ڕێگەیەک بۆ ئەنجامدانی ئەم چالاکییە فیداییە بوونی نییە. فەرهاد و هەڤاڵانی بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی لەو شێوەیە، نموونەیەکی دەستپێکیان لە جیهاندا ئەنجامدا. لە کاتێکدا زیندانییەکان بە پەلە بەرەو ڕوویان ڕۆیشتن و ئاویان بەسەردا دەڕژاند، هاوارێک لە بڵێسەی ئاگرەکەدا دەهات، دەیانوت: "ئاو مەڕێژن، ڕشتنی ئاو خیانەتە، ئەمە ئۆپەراسیۆنە. ئەمە خۆکوژیی نییە، ئۆپەراسیۆنە، ئۆپەراسیۆنی ناڕەزایەتییە. ئەمە جۆری ئۆپەراسیۆنی ئێمەیە لە دژی دوژمن. کەواتە، ئەوان ئۆپەراسیۆنی خۆیان، ڕێبازی خۆیان وەها ئاشکرا کرد.

بێگومان هاوکات لەگەڵ ئەم ئۆپەراسیۆنانەدا ئەشکەنجەدانیش بەردەوام بوو. بە واتایەکی تر دوای ئۆپەراسیۆنەکەی مەزڵوم دۆغان ئەشکەنجە بە کردەوە کەمی نەکرد. خیانەت بەردەوام بوو و کەمی نەکرد. دیسان هیچ گۆڕانکارییەک نەکرا. بۆچی هیچ گۆڕانکارییەک ڕووی نەدا؟ چونکە دوژمن پلانێکی وای داڕشتبوو و چەمکێکی وا دروست بوو کە دەیانگوت بە دڵنیاییەوە پەکەکە لە زیندان دا کۆتایی بە پەکەکە دێنین. بۆیە ئەم چەمکە بە یەک یان دوو ئۆپەراسیۆن بەرپەرچ نادرایەوە. لەم ڕوانگەیەوە ئۆپەراسیۆنی سێیەم پێویست بوو.

پێویستە ئەم ئۆپەراسیۆنە جیاواز بێت لە ئۆپەراسیۆنی سێیەم لە ژوورە تاکە کەسیەکانی هەڤاڵ خەیری دورموش، کەماڵ پیر و مستەفا قەرەسو. ئۆپەراسیۆنی مەزڵوم جیاواز بوو. ئۆپەراسیۆنی ئەو چوار هەڤاڵەی تریش جیاوازتر بوو. کەواتە دەبێ ئۆپەراسیۆنی سێیەمیش جیاواز بێت. بە شێوەیەکی سروشتی وەک فۆرمێکی ئۆپەراسیۆن سەیر دەکران کە تەواوکەری یەکتر بوون، مانا بە یەکتر دەبەخشن، بەڵام وەک یەک نیین. دوای بڕیاری ئۆپەراسیۆنەکان بێگومان دەبوو لە دادگادا سەرنجی پێ بدرێت. دەبوو لە دادگای سەرەکی ئۆرفا ڕابگەیەنرایە بۆ ئەوەی هەموو زیندانییەکان ئاگاداری بن. لە ئۆپەراسیۆنی یەکەمدا هەڤاڵ مەزڵوم بەتەنها بوو، لە ئۆپەراسیۆنی دووەمدا چوار کەس بوون. کەواتە دەکرا لە ئۆپەراسیۆنی سێیەمدا دەیان کەس هەبن. پێویست بوو ئۆپەراسیۆنی جەماوەری بەرفراوان و گشتگیر بێت. بەڵام پێدەچوو شاندی دادگاکە ئاگاداری ئەوە بووبێت کە خەیری دورموش چالاکیی دەکات یان لێدوانی ڕەخنەگرانەی توند دەدات. هەر بۆیە مافی ئەوەیان پێ نەدا لە دوو دادگاکە قسە بکات. هەموو جارێک ڕێگری لێدەکرا. کەواتە بە دڵنیاییەوە ئۆپەراسیۆنی ١٤ی تەمموز، واتە ئۆپەراسیۆنی ڕۆژووی مردن، لەم قۆناغەکانی دوواییدا دەستی پێکرد.

سبەینێ؛ زیندانی ئامەد لە دژی سڕینەوە مانیفیستۆی بەرخودانی داڕشت..