دیداری 'نالی باڵیۆزی کوردبوون' ئەنجامدرا
سەنتەری ڕوناکبیری جاف بەهاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەر لە سلێمانی دیداری نالی ساز کرد.
سەنتەری ڕوناکبیری جاف بەهاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەر لە سلێمانی دیداری نالی ساز کرد.
ئەمڕۆ لە هۆڵی داوا لە شاری سلێمانی بە ئامادەبونی کۆمەڵێک لە ڕۆشنبیران، مامۆستایانی زانکۆ و ئەدەبدۆستان لە لایەن سەنتەری رووناکی بیری جافەوە دیداری 'نالی باڵیۆزی کوردبوون' بەڕێوەچوو .
لە سەرەتای دیدارەکە، دوای بەخێرهاتنی ئامادەبووان و خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان، کەسایەتی سیاسی مەحمود سەنگاوی ئاماژەی بە گرنگی ئەدەبیاتی نالی شاعیر کرد کە هەموو گەلی کورد شانازی پێوە دەکات و یەکێکە لە شاعیرە دیارەکانی کورد.
'خراپی دەسەڵاتداری هەستی شانازیکردن بە زمانی کوردی کاڵ کردۆتەوە"
هەر لە دیدارەکەدا د. کۆتۆر ئەرسەلان سیدزاردە، سەرپەریشتیاری سەنتەری ڕووناکبیری جاف وەک ئامادەکاری پانێڵەکە باسی گرنگی ئامادەکردنی ئەو پانێڵەی لەسەر نالی کرد و وتی: "ئێستای کۆمەڵگەی کوردی پێویستی بە گەڕانەوەیە بۆ نالی، چونکە نالی لەو شاعیرە گەورانەیە شانازیەکی قوڵی هەیە بە کوردبوون و زمانی کوردی کە بەهۆی مومارەسەی خراپی دەسەڵاتی کوردی شانازی کردن بە زمانی کوردی کاڵ بۆتەوە، بۆیە شانازی کردن بە کوردبوونەوە پرۆسەیە، ئەو پرۆسەیەش پێویستی بە گەڕانەوەیە بۆ نالی وەک پارێزەرێکی زمانی کوردی."
دواتر لە چالاکیەکەدا چەندین کەس باسیان لە گرنگی ئەدەبیاتی نالی شاعیر کرد و ئاماژەیان بەوەدا گەڕانەوە بۆ ئەدەبیاتی کلاسیکی کوردی لە ڕێگەی نالیەوە، گەڕانەوەیە بۆ بەهاکانی هەستی کوردبوون.