لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە ماوەی مانگێکدا ٢٣ ژن کوژراون

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەماوەی مانگی ئابدا ٢٣ ژن کوژراون، هەروەها سزای زیندانی بەسەر ١١ ژندا سەپێنراوە کە ٦ ژنیان کوردن.

قڕکردنی ژنان

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەربارەی پێشێلکارییەکانی مافی ژنان لە ئێران لە مانگی ئابدا، ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە.

تێیدا ئاشکرا کراوە، لە مانگی ئابدا لانی کەم ١٠ چالاکوانی ژن دەستبەسەرکراون. هەروەها سزای زیندانی بەسەر ١١ ژندا سەپێنراوە کە ٦ ژنیان کوردن. ئاماژە بەوە کراوە، ١١ ژنە چالاکوانەکە خەڵکی شارە جیاوازەکانی ئێرانن و بەگشتی سزای ٤٠ ساڵ و ٥ مانگ و ٢٢ ڕۆژ زیندانیکردن بەسەریاندا سەپێنراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە ٢٣ ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران کوژراون، ١٢ ژن لەلایەن هاوژینەکانیان، ٢ ژن لەلایەن باوکیان، ٢ ژن لەلایەن کوڕەکانیان و ٦ ژن لەلایەن کەسانی غەریبەوە کوژراون.