خزمی زیندانیان داوای هەڵگرتنی گۆشەگیریان کرد

لە چالاکیی خزمی زیندانیان بانگەوازی هەڵگرتنی گۆشەگیری ئیمراڵی و جێبەجێکردنی داواکارییەکانی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" کرا.

چالاکی دژی گۆشەگیری

چالاکی خزمی زیندانیان بە داخوازی ئازادی جەستەیی بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد لە چەند شارێک بەردەوامە.

ئەدەنە

خزمی زیندانیان ویستیان لەبەردەم بینای ئاکەپە ڕاگەیاندراو بخوێننەوە، خزمی زیندانیان لەبەردەم بینای پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) کۆبوونەوە، بەڵام پۆلیس ڕێگەی لێ گرتن.

دواتر لە پارکی ئینۆنۆ ڕاگەیاندراوەکە خوێنرایەوە، بەشداران یەلەکی "گۆشەگیری تاوانی دژی مرۆڤایەتییە"یان پۆشی و پانکارتی "بۆ دادپەروەری گۆشەگیری دەشکێنین، بۆ ئاشتی جڤاکی دەبینە دەنگی زیندانیانیان" و درووشمی "بژی بەرخۆدانی زیندان" بەرزکرایەوە.

هاوسەرۆکی دەم پارتی لە شارەکە، سەیفەدین ئایدەمیر ڕایگەیاند لەپاش پرۆسەی چارەسەری، گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان گۆڕاوە بۆ گۆشەگیری ڕەها و لە هەموو زیندانەکان بڵاوبۆتەوە، گوتی: "گۆشەگیری سەر ئۆجالان، قەیرانی ئابووری و سیاسی و جڤاکی قووڵتر دەکاتەوە. ئەم گۆشەگیرییە دەریدەخات، چارەسەرنەکردن و سیاسەتی شەڕ لە چارەسەری پرسی کورد بە باشتر دەزانرێت. ئەم ڕژێمی گۆشەگیرییە، سنووردارکردنی ئازادییەکان، زیادبوونی پێشێلکاری و گۆشەگیری جڤاکی لەگەڵ خۆیدا هێناوە. بۆ چارەسەری پرسی کورد و هەموو کێشەکان، با گۆشەگیری کۆتایی بێت".

ڕاگەیاندراوەکە بە چالاکی دانیشتن کۆتایی هات.

جولەمێرگ

خزمی زیندانیان لە ناوچەی شەمزینانی جولەمێرگ لەبەردەم بینای دەم پارتی ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە. لە لقی جولەمێرگی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ، پنار یەڵماز ڕایگەیاند خزمی زیندانیان بەهۆی نەبوونی زانیاری دەربارەی خزمەکانیان نیگەرانن، داوای لە وەزارەتی داد کرد کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنێت و زیندانیە نەخۆشەکان ئازاد بکات.

لە خزمی زیندانیان فاخیر گەیلانی ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر وەزارەتی داد کە گوتبووی "گۆشەگیری نییە"، هەروەها ڕایگەیاند ئەوان بۆ مرۆڤایەتی و دادپەروەری تێدەکۆشن، تا گەیشتن بە ئەنجامێک درێژە بە چالاکی دەدەن.

مێرسین

خزمی زیندانیان بە درووشمی "گۆشەگیری کۆتایی پێ بهێنن" لەبەردەم بینای ئاکەپەی مێرسین ڕاگەیاندراویان خوێندەوە، خزمی زیندانیان و پەرلەمانتاری دەم پارتی عەلی بۆزان و بەڕێوەبەرانی بەشێک لە ڕێکخراوەکان، بە چەپڵە و درووشم بەرەو بینای ئاکەپە ڕێپێوانیان کرد. پۆلیس ڕێگەی لێ گرتن و لەوێ چالاکی دانیشتن ئەنجامدرا.

"ناونیشانی چارەسەر ئیمراڵییە"

هاوسەرۆکی دەم پارتی مێرسین، ڕەشاد ئاشان ڕایگەیاند بۆ بیرخستنەوەی بەرپرسیارێتیەکانی ئاکەپە لەوێ کۆبوونەتەوە، گوتی: "پێویستە پرسی کورد بە ڕێگەی دیموکراتیک چارەسەر بکرێت. ناونیشانی چارەسەر ئیمراڵییە. تا گۆشەگیری توندتر دەبێت، کێشەکان ئاڵۆزتر دەبن. داوا دەکەین گۆشەگیری کۆتایی بێت".

دایکی ئاشتی ئەمینە ئەرەن ڕایگەیاند دەمانەوێت ڕشتنی خوێن و فرمێسک کۆتایی بێت، پێویستە بۆ ئاشتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد ببێت.