لەژێر ناونیشانی "گرنگی فرە چەشنیی لە کەرکوک" کۆڕێک بەڕێوەچوو
لە شاری کەرکوک، لەژێر ناونیشانی "گرنگی فرە چەشنیی لە کەرکوک" کۆڕێک بۆ ڕەجەب کاکەیی چالاکوان و کەسایەتی کاکەیی ڕێکخرا.
لە شاری کەرکوک، لەژێر ناونیشانی "گرنگی فرە چەشنیی لە کەرکوک" کۆڕێک بۆ ڕەجەب کاکەیی چالاکوان و کەسایەتی کاکەیی ڕێکخرا.
ئێوارەی ئەمڕۆ، لە ساڵۆنی شەقامی جمهوری لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە کەسایەتیی ڕۆشنبیر، نووسەر و ئەدیب، چالاکوان و مێژووناس، لەژێر ناونیشانی "گرنگی فرە چەشنیی لە کەرکوک" کۆڕێک بۆ چالاکوان و کەسایەتی کاکەیی ڕەجەب کاکەیی ڕێکخرا.
سەبارەت بە گرنگی فرە چەشنیی لە شاری کەرکوک و ناوەڕۆکی کۆڕەکە، ڕەجەب کاکەیی چالاکوان و کەسایەتی دیاری کاکەیی بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) دوا و ووتی: "لەم کۆڕەدا باسی گرنگی فرە چەشنیمان کرد لە ئاستی نێودەوڵەتی باسی یاسا و ڕێساکانمان کرد و هەروەها باسی دەستووری عێراقمان کرد، تیشکمان خستەسەر فرەچەشنیی لە عێراق و کوردستان وە کاریگەرییەکانی لەسەر شاری کەرکوک، ئاماژەمان بەوە کرد کە ئەم شارە بۆ خۆی فرە نەتەوە و فرە ئایین و فرە زمانە، گرنگە ئەم فرە زمان، نەتەوە وفەرهەنگە بپارێزیین و ببێتە هۆکاری ئەوەی کە ئاشتی بەرقەرار بکات".
دەربارەی دۆخی شاری کەرکوکی باشوری کوردستان و ئەو فرە چەشنیی نەتەوەیی و ئاینی کە لە شارەکەدا هەیە ،ڕەجەب کاکەیی ڕایگەیاند: "خۆشبەختانە فرە چەشنیی لە کەرکوک نەبووەتە هۆکاری ئەوەی کە شەڕی ناوخۆیی دروست بێت بەپێچەوانەی ئەوەی کە لە بەغدا و شوێنەکانی دیکە ڕوویداوە کە شەڕ لەنێوان پێکهاتە جیاوازەکان ڕوویداوە، بەڵام هەندێکجار لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن هەندێک لە قەوارە و لیستەکان جۆرە زمان و ووتارێک بەکاردێنن ڕق و کینەی تێدایە بەڵام ئەمە هیچ کات نەبووەتە هۆکاری ئەوەی کە لەناو شەقامەکاندا خەڵک بگاتە ئاستی ئەوەی ڕقیان لەیەکتر بێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە دەبینین لە شاری کەرکوک بەشێوەیەکی بەرفراوان هاوسەرگیری لەنێوان پێکهاتەکاندا هەیە".
هەروەها سەبارەت بە رۆڵی نوێنەری پێکهاتەی کەمینەکان لە پەرلەماندا، ڕەجەب کاکەیی بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ئاشکرای کرد: " بەداخەوە نوێنەری پێکهاتەکان لە سیستەمی کۆتا لە هەردوو پەرلەمانی عێراق و هەرێمی کوردستان نەیانتوانیوە نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی پێکهاتەکانی خۆیان بکەن بەڵکو نوێنەرایەتی حزبەکانیان کردووە، ڕاستە ئەندامی ئەو پێکهاتە و گەلەن بەڵام نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی پێکهاتەکەی نەکردووە چونکە دەرفەتێک هاتۆتە پێشەوە کە خەڵکی دەرەوەی پێکهاتەکان بچێتە پێشەوە بەڵام لە خزمەتی پێکهاتەکەی خۆی نیە".
لە کۆتایی قسەکانیدا ڕەجەب کاکەیی پەیامێکی ئاڕاستە پێکهاتەکانی شاری کەرکوک کرد و ووتی: " پەیامێکی تایبەتم هەیە بۆ شاری کەرکوک، کە شارەکە بەو فرە چەشنیی و فرە ڕەنگییەوە جوانە، بۆیە دەبێت ڕێزگرتن لە یەکتر بەردەوام بێت هەروەکو چۆن تائیستا لەنێوان پێکهاتەکاندا بێ ڕێزی بەرامبەر یەکتر نەکراوە، ناکرێ ڕێگا بدرێت خەڵکێکی بێ ڕێز بێتە ناو شارەکەوە و بێ ڕێزی و ئاژاوە دروست بکات بەرامبەر یەکتر".