کەجەدەکە بانگەوازی کرد بۆ بەرخۆدانی سەرتاسەری دژی هێرشەکانی داگیرکاری

کەجەدەکە-ئە گوتی: "دژی هێرشە سەرتاسەرییەکان و خیانەتی هاوکار، بانگەوازدەکەین بۆ بەرخۆدانی سەرتاسەری. لە دەرەوەی وڵات و هەموو جێگەیەک تێیدا بین، چالاکی ئەنجام دەدەین".

لە ڕاگەیاندراوەکەی کەجەدەکە-ئە دەگوترێت: "بانگەواز لە گەلەکەمان دەکەین دژی هێرشی داگیرکاری دەوڵەتی تورکی قڕکەر بۆ سەر باشووری کوردستان و شەنگال و گۆڕەپانەکانی گەریلا سەفەربەربن و لە هەموو جێیەک چالاکیی ناڕەزایەتی ئەنجام بدەن".

"باشووری و شەنگال لەژێر هەڕەشەیەکی جدین"

لە ڕاگەیاندراوەکەدا گوتراوە:

"هاوپەیمانیی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە لە هێرشە سەرتاسەریی و پاکتاوییەکانی بۆ سەر گەلی کورد سەرنەکەوت، بۆ لەناوبردنی هەموو دەسکەوتەکانی گەلی کورد پێداگری لەسەر شەڕ دەکات.

دەوڵەتی قڕکەری تورک بە هاوکاری هێزە هاوکارەکان و دەوڵەتانی هەرێمەکە ئەم شەڕەی گەیاندە قۆناغێکی نوێ. بۆ ئەمەش هەموو هەوڵەکانی ئاژاوەگێڕی و دەرفەتەکان بەکاردەهێنێت. لەم هێرشانەدا کە بە پشتیوانی تەواوی پەدەکە ئەنجام دەدرێن، دەستکەوتەکان و ئازادیی گەلی کورد دەکرێنە ئامانج.

باشوور و شەنگال لەژێر هەڕەشەی جدین. دەوڵەتی تورک دەیەوێت باشوور و شەنگال داگیر بکات و بیلکێنێت بەخۆیەوە و هاوشێوەی عەفرین قڕکردن ئەنجام بدات. پەدەکە شانبەشانی دەوڵەتی تورک کاردەکات، زەمینە بۆ داگیرکاری خۆش دەکات و بۆ ئەمەش هەموو دەرفەتەکانی سەفەربەر کردووە.

جووڵەی سەربازی فراوان لە باشووری کوردستان، بە پشتگیری پەدەکە بەردەوامە. پەدەکە ڕێگەی فەرمی بۆ سوپای داگیرکەری تورک کردەوە و هەموو کۆنتڕۆڵێکی خستۆتە دەستی سوپای تورک. دەوڵەتی تورک بە فراوانکردنی هێرشەکانی داگیرکاری دەیەوێت ئیدارەی باشووری کوردستان بخاتە ژێڕ ڕکێفی خۆیەوە.

حکومەتی عێراق لەبری ئەوەی بەرامبەر سەپاندنەکانی دەوڵەتی تورک هەڵوێست وەربگرێت، بەشداری لە سیاسەتی داگیرکاری و قڕکردنی دەوڵەتی تورک دەکات. ئەم هاوکارییە کە هەڕەشە لە پاشەڕۆژی گەلی کوردستان دەکات، هەڕەشەیەکی جدییە و لە بەرژەوەندیی گەلانی عێراق نییە.

"خاکی کوردستان و پاشەڕۆژی گەلی کورد ئامانجی هێرشەکانە"

تەڤگەری ئازادی کورد زیاتر لە ٤٠ ساڵە بۆ پاشەڕۆژی ئازادی گەلەکەمان تێکۆشانێکی ڕەوا دەکات. ئەوەی دەکرێتە ئامانج دەسکەوتەکانی گەلی کوردستان و هەموو بەهاکانی کوردستانە. پاشەڕۆژی ئێمە و خاکەکەمان و مێژووی ئێمە ئامانجی هێرشەکانە. لەبری پاشەڕۆژێکی ئازاد، ئاسیمیلاسۆین و قڕکردن لەسەر گەلی کورد بەڕێوەدەبەن.

بۆ ئەوەی هێرشەکان تێکبشکێنرێن و گەلی کورد لە هەلومەرجی ئازاددا بژین، پێویستە هەموو گەلی وڵاتپارێزی کوردستان درک بەم کارەساتە بکەن و بە خاوەندارێتییەکی ڕوون و بەهێزەوە دژی هێرشەکان بوەستنەوە. تەنها بەم شێوەیە دەتوانن ئەو خاکە بپارێزن کە هەزاران کەس گیانیان لەپێناوی بەخشیووە.

"لە هەموو جێیەک ڕاپەڕن"

پێویستە گەلەکەمان ئاگاداری دەرئەنجامەکانی زیادبوونی هەڕەشەکان بێت و لە هەموو جێیەک ناڕەزایەتی دیموکراتیک پیشان بدات و بە توندی دژی داگیرکاری و خیانەت و قڕکردن بوەستێتەوە. پێویستە لە هەموو جێیەکی دەرەوەی وڵات دژی داگیرکاری هەڵوێست و ناڕەزایەتی دەربڕین و لە گۆڕەپانەکان دەنگمان هەڵبڕین. دژی هێرشی سەرتاسەری و خیانەتی هاوکار، بانگەوازدەکەین بۆ بەرخۆدانی سەرتاسەری.

لەسەر ئەم بناغەیە پێویستە هەموو ئەو چالاکییە جەماوەرییانەی لە کۆتایی هەفتەدا کە لە ئەوروپا پلانیان بۆ دانراوە، بکرێن بە بۆنەیەک بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین، بەردەوام بن لە ئەنجامدانی چالاکی و دژی قڕکردنی دەوڵەتی تورک بوەستنەوە".