کەجەدەکە-ئەورووپا: خاوەنداریەتی لە شەنگال ئەرکی نەتەوەییە

لە دژی هەڕەشەکانی حکومەتی ناوەندی عێراق لەسەر ئاسایشی ئێزیدخان-ی شەنگال، کەجەدەکەی ئەورووپا بۆ خاوەنداریەتی کردن لە شەنگال بانگەوازی کرد و وتی، " ڕۆژ ڕۆژی خاوەنداریەتی لە شەنگالە".

کۆنگرەی کۆمەڵگای دیموکراتی کوردستان لە ئەوروپا- کەجەدەکە، لە راگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: دەوڵەتی تورک بە سەرکەشی ئەردۆغان و عەقڵیەتی داعشی دەیانەوێت لە دژی گەلی ئێزدی لە شەنگال کۆمەڵکوژییەکی دیکە پێکبهێنن و دەستکەوت و خۆبەڕێوبەری ئیزدییەکان بڕۆخێنن.

بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندراوێک، ئەمڕۆ کەجەدەکە داوای پشتیوانی و خاوەنداریکردن دەکات، لە بەرامبەر ڕێککەوتنی پەدەکە و بەغدا لە دژی ئیرادەی ئێزدییەکان و ئەو هەڕەشانەی دەوڵەتی تورک دەیکاتە سەر شەنگال.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، کە لە پاش سەردانی وەزیری بەرگری تورکیا بۆ عێراق کە ڕایگەیاندبوو لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ هێرش لەسەر شەنگال ڕێککەوتوون، هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا لە ٩ی ئەم مانگەدا سوپای عێراق داوای لە ئاسایشی ئێزدخان کردبوو کە چەکەکانیان ڕادەستی ئەوان بکەن و شەنگال بە جێبهێڵن، ئەمە هەوڵی فەرمانێکی نوێیە لە دژی ئێزدییەکان کە جارێکی دیکە حکومەتی عێراق، پەدەکە و نەتەوە یەکگرتووەکان دەیانەوەێت بەسەر ئێزدییەکانیدا بهێنن.

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەیدا، کەجەدەکە داوای لە گەلی کورد و دۆستانیان دەکات، کە لە دژی سیاسەتی پاکتاوکردن و کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان هەستنە سەرپێ و بەڕۆحی سەفەربەری چالاکی ئەنجام بدەن، ڕۆژ ڕۆژی خاوەنداری کردن لە شەنگال و گەلی ئێزدییە.

جێگای ئاماژەیە، لە دوای فەرمانی ٢٠١٤ی سەر ئێزدییەكانەوە لەلایەن چەتەكانی داعشەوە، ئێزدییەكان بۆ یەكەم جار لە مێژوودا بوون بە خاوەنی هێزی خۆیان و ‘خۆبەڕێوەبەریی دیموكراتی شەنگال’یشیان دامەزراند، لەو كاتەوە دەوڵەتی تورك و پەدەكە بە چەندین شێوە ناڕەزایی خۆیان دژی ئێزدییەكان خستووەتەڕوو، هەروەها دەوڵەتی تورك چەندین جار هێرشی ئاسمانیی كردووەتەسەر شەنگال و دەورووبەری.

دوایین پیلان دژی ئێزدییەكان، لە ٩ی مانگی ١٠ی ٢٠٢٠ بوو، كە پەدەكە و بەغدا ڕێكەوتنێكیان واژۆكرد، گوایە دۆخی شەنگال ئاسایی دەكەنەوە، بەڵام هەمان ڕۆژ ئێزدییەكان ڕەتیانكردووە و ڕایانگەیاند، هەركەسێك ئەوان بە بنەما نەگرێت ئەوانیش بڕیارەكانی قبوڵ ناكەن و ڕێككەوتنەكەشیان بە پیلانێكی دیكەی دەوڵەتی تورك بە هاوكاری پەدەكە پێناسە كرد، خەڵكی ئێزدیش لە دژی ئەم هەڕەشانە زیاتر لە سێ مانگە لە پێش ناوەندنی ئاسایشی ئێزدخان لە شەنگال چادریان هەڵداوە و ئیشك دەگرن.

خلووسی ئاکار وەزیری بەرگری دەوڵەتی تورک لەسەردانەکەیدا بۆ بەغداد و هەولێر رایگەیاند کە لەگەل حکومەتی عێراقدا لەسەر هێرش بۆسەر شەنگال قسەیکردووە.

دوای ئەمە حکومەتی عێراق لە ڕۆژی ١٠ی ئاداردا ماوەی ٢٤ کاتژمێر مۆڵەتی داوە کە چەک دانێن و شارەکە چۆڵبکەن' هۆشداری بە ئاسایشی ئێزیدخان داوە، کەئەمە فەرمانێکی نوێیە.

نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراق و پەدەکە کە شەنگالیان لەناو کۆمەڵکووژییدا هێشتەوە دەخوازن شەنگال لەدەست پارێزەرانی شەنگال دەربهێنن و سەرلە نوی رادەستی هێڵی خیانەت و تەسلیم بوونی بکەنەوە.

کەجەدەکە ڕاگەیەنراوەکەی ١٠ی ئاداری مەجلسی خۆسەری دیموکراتیکی شەنگالی وەبیرهێنایەوە کە وتبووی: " با جیهان بزانێت کە ئێمە هیچکات نادادپەروەری قەبوول ناکەین. ئێمە دەست لە داواکاری و خاکی خۆمان بەرنادەین."

لە ڕاگەیەنراەکەی کەجەدەکە بانگ لە گەلی کورد و دۆستەکانی کراوە کە " لە دژی ئەم سیاسەتە قڕکەر و چەپەڵەدا بە ڕۆحی سەفەربەری لەهەر شوێنێک کە ژیان دەکن ڕابن و بڕژێنە سەر شەقامەکان. بە چالاکییەکانی خۆمان دژبە سیاسەتی قڕکردن و کۆمەڵکووژی شەنگال بوەستینەوە."

" ڕۆژ ڕۆژی خاوەنداریەتی لە شەنگالە".

ک-ش